ئەمیر عوسمان بەڕێوەبەری پێكەوە ژیانی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:   نوێژكردنی قەداسەتی پاپا لە هەولێر بەڵگەیەك بوو كە هەرێمی كوردستان ڕێز لە مرۆڤایەتی و ئایین و ئایینزا جیاوازەكان دەگرێت

ئەمیر عوسمان  بەڕێوەبەری پێكەوە ژیانی ئایینەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بۆ گوڵان:     نوێژكردنی قەداسەتی پاپا لە هەولێر بەڵگەیەك بوو كە هەرێمی كوردستان ڕێز لە مرۆڤایەتی و ئایین و ئایینزا جیاوازەكان دەگرێت

 

 

پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستاندا، لە سایەی سەرۆك بارزانی تا دێت بەهێزتر و قووڵتر دەبێتەوە، ئەمەش سیمایەكی جوانی هەرێمی كوردستانە، بەتایبەتی هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكەوە ژیانی ئایین و ئایینزاكانی زیاتر گەشە پێ داوە، بۆ زیاتر تاوتوێكردنی ئەو پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەمیر عوسمان بەڕێوەبەری پێكەوەژیانی ئایینی لە ناو وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ساز دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

 

* بەپێی ئەوە پەیوەندییانەی ئێوە هەتانە لەگەڵ هەموو ئایینە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان، چۆن سەیری ئەو پێكەوە لە ژیانە هەرێمی كوردستان دەكەن و، سەرنجی وڵاتانی دونیا بۆ ئەو پێكەوە ژیانە چۆنە و ڕەگ و مێژووی ئەو پێكەوە ژیانە لە كوردستان بۆ كەی دەگەڕێننەوە؟

- هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دەڤەری بارزان لانكەی بەرخۆدان و شۆڕش بووە و لە ڕووە ئایینییەكەشیەوە شوێنی پێكەوە ژیانی ئایینی و ئایینزاكان بووە، شوێنەوارەكانی مزگەوت و كەنیسە و پەرستگا كە شوێنی خوداپەرستیی پەیڕەوانی ئایینەكان و ئایینزاكان بوون، جوانترین بەڵگەیە.

شێخ عەبدولسەلام بارزانی تا دەگاتە شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفا بارزانی و لەوانیشەوە بۆ سەرۆك مسعود بازرانی، پێكەوە زنجیرەیەكی بە یەكەوە بەستراون و بوونەتە گەنجینەیەكی پێكەوە ژیانی ئایینی و ئایینزا و نەتەوە جۆراوجۆرەكان و مرۆڤایەتی دەبێت شانازی پێوە بكات. هەر ئەمەشە وای كردووە، كورد گەلێكی ئاشتیخواز بێت و وێڕای ئەو هەموو جینۆساید و ئازاردانەی كورد، كەچی بە هانای ئاوارەكانەوە هاتن كاتێك تیرۆریستانی داعش پەلاماریان دان، هەروەكو چۆن لە مێژوودا كلدان و ئاشووری و ئەرمەنی و سریانی و توركمان و دەیان مەزاهبی جۆراوجۆری دیكە پێكەوە ژیاون و هیچ كێشەیەكی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستان ڕووی نەداوە، بۆیە دەتوانین بڵێین كورد لە جیناتیدا پێكەوە ژیان لای بووەتە فەرهەنگ و كەلتوورێكی دەوڵەمەند و بەكردار بەرجەستەی كردووە. مەلا مستەفا بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی پێكەوە كۆكردەوە و بەرگری لە هەمووان دەكرد و ئەوانیش لە دەوری كۆبوونەوە و شۆڕشێكی گەورەی سەرتاسەرییان هەڵگیرساند و ئەرك و بەرپرسیارێتی بێ جیاوازی بە هەموویان سپارد و، خۆی بە داكۆكیكاری سەرسەختی پێكهاتەكانی كوردستان بێ جیاوازی دەزانی، لە ئێستاشدا سەرۆك بارزانی درێژەپێدەری ئەو پێكەوە ژیانەیە و بووەتە یەكێك لە بەهێزییەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان. بەپێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ئایین و ئایینزاكان لە دەرەوەی هەرێم هەمە، لای ئەوان هەرێمی كوردستان وەكو پێگەیەكی ئارام و سەقامگیر و هەرێمێك بۆ ژیان و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەكرێت و متمانەی تەواویان بە سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان هەیە و گەورە پایتەختەكانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا و جیهان بە چاوی ڕێزەوە دەڕواننە پێكەوە ژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان. لە زۆربەی كۆنفڕانس و سیمینارەكانی نێودەوڵەتیدا كە لە نزیكەوە بەشداریم تێدا كردوون، پێكەوە ژیانی ئایینی و ئایینزاكانی كوردستان بە نموونەی جوانی و ئاشتیخوازی و مرۆڤایەتی سەیر دەكرێت، بەتایبەتی كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەكو یەك پێكهاتە مامەڵە و بەشدارییان پێ كراوە و ماف و تایبەتمەندییەكانیان ڕێزی لێ نراوە. 

* باسی حكومەتی هەرێمی كوردستانت كرد لە ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكان، ئایا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تا چەند گرنگیی زیاتر بە پێكهاتەی ئایینی و ئایینزاكان دراوە؟

- لە كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری باش بۆ پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكان كراوە، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا بە فەرمی لەسەر دەستی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوە ژیان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا خرایە سەر نەخشەی جیهانی و وەكو نموونەیەكی سەركەوتوو لە ناوچەكەدا سەیر دەكرێت، تەنانەت لە زۆربەی كۆنفڕانس و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكاندا بانگهێشتی نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەسایەتییە ئایینی و ئایینزاكانی كوردستان دەكرێت و كورد بۆ خۆی پانێڵی لەسەر پێكەوە ژیان و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزاكان هەیە، بێگومان ئەوەی زیاتر وای كرد كە ئێمە بگەینە ئەو قۆناغە جوان و دیارە، كار و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەم بوو بۆ هەموو ئایین و ئایینزاكان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بۆ نموونە:

یەكەم: بەشداریی كارا و ڕاستەوخۆی ئایین و ئایینزاكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە پەرلەمانی كوردستان.

 دووەم: دامەزراندنی وەزارەتێكی تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمدا و وەزراەتێكی دیكەش كە وەزیرەكەی كریستیانە.

سێیەم: دامەزراندنی چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و دامودەزگاكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

 چوارەم: لە كابینەی نۆیەمدا چەندین كەنیسە بۆ كریستیانەكان و چەندین پەرستگا بۆ كوردانی ئێزدی و كاكەیی و ئەوانی دیكە نۆژەن و دروست كراون.

پێنجەم: بە یاسا لە وەزارەتی ئەوقاف وەك پیاوانی ئایینی ئیسلام حیساب بۆ پیاوانی ئایینی كریستیان و ئێزدی و هەموو ئایین و ئایینزاكان كراوە.

 شەشەم: بە قەزابوونی ناحیەی عەنكاوە، لە ڕووی ئیداری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر دەكات و ئەمە ئەوپەڕی گرنگیدانی حكومەتی كوردستانە بە كریستیانەكان.

حەوتەم: هەموو كەسێك لە ئایین و ئایینزاكان كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، مافی عیبادەت و مەراسیمی ئایینیی خۆیان هەیە، وەك سابیئەی مەندائی و بەهائییەكان و زەردەشتی و كاكەیی و.. تاد.

* ئایا ڕەنگدانەوەی ئەم سیاسەت و ستراتیژەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێكەوە ژیان و یەكتری قبووڵكردن تا چەند هەماهەنگی و هاریكاری لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دروست كردووە؟

- لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، گرنگییەكی زۆری بە پێكەوە ژیانی نێوان ئایین و ئایینزاكان داوە، تەنانەت لە ڕووی كرداریشەوە كاری لەسەر كراوە و پەیوەندییەكی زۆر باش لە نێوان ئایین و ئایینزاكانی كوردستان هەیە، لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە لە ئێستادا لە هەموو كات زیاتر پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی و ئابووری لە نێوان ئایین و ئایینزاكان هەیە، پەیوەندیی نێوان یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەگەڵ هەموو پیاوانی ئایینی و ئایینزاكانی كوردستان بەهێزە و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینزاكانی دیكەی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزیان لە نێواندا هەیە، هەر ئەمەشە وای كردووە، هەموو پێكهاتە ئایینی و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان لە ژێر پەرچەم و ئاڵای كوردستان و سروودی نیشتمانیی كوردستان كە (ئەی ڕەقیب)ـە كۆبوونەتەوە و شانازی بەو پابەندییەی خۆیانەوە دەكەن، هەر ئایین و ئایینزایەك بە دیدگا و بیروباوەڕی خۆیان، هەموویان خۆیان بە كوردستانی دەزانن و دواڕۆژی خۆیان و چارەنووسیان لەوەوە دەبیننەوە. لە هەرێمی كوردستان ئایین و ئایینزاكان بە تەواوی بۆیان ڕوون بووەتەوە لە سایەی حەكیمی و كاریزمای سەرۆك بارزانی كە مەرجەعی هەموو لایەكە، سیاسەتی تواندنەوە، یان لەباربردنی هیچ ئایین و ئایینزایەك پەیڕەو ناكرێت، بە پێچەوانەی زۆر وڵات و ناوچەی دونیاو، ئایین و ئایینزاكان هەمووان پێكەوە بە زمان و كەلتوور و ڕەسەنایەتیی خۆیان، بە ئازادی مومارەسەی ژیان و پیرۆزی و عیبادەتی خۆیان دەكەن. هەروەها كابینەی نۆیەم لەسەر سیاسەتی یەكگرتن و پێكەوە ژیان كار دەكات، بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئەو كۆمەڵگەیەی هەرێمی كوردستان، هەر ئەمەشە وای كردووە، وەبەرهێنەرانی وڵاتان بۆ كار و پڕۆژەی ستراتیژی ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

* هاتنی قەداسەتی پاپا بۆ پایتەختی هەرێمی كوردستان بۆ چ هۆكارێك دەگەڕێنیتەوە؟

- هاتنی قەداسەتی پاپای فاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان ڕووداوێكی مێژوویی زۆر گرنگ بوو، نوێژكردنی لە هەولێر، بەڵگەیەك بوو، بەوەی لەم هەرێمە ڕێز لە مرۆڤایەتی و ئایین و ئایینزاكان دەگیرێت و لە نزیكەوە ئەو ڕاستییەی بینی، هەموو ئەمانە ئیعترافكردنێك بوو بە قەوارەی هەرێمی سەربەخۆی فیدڕاڵی و پاراستنی، بڕیاریشە بەڕێز شیخی ئەزهەر ئەگەر بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی عێراق لەبار بێت، سەردانی بەغدا و هەولێر بكات، ئەمەش بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان و بوونی پێكەوە ژیان لە نێوان ئایین و ئایینزاكاندا.

* پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڤاتیكان و ڕێكخراوە ئایینی و ئایینزاكانی دونیا چۆنە؟

- پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە تا ئێستا لەگەڵ ڤاتیكان و قەداسەتی پاپا زۆر باش و بەهێز بووە و، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڤاتیكانیش جەنابی سەرۆك بارزانی سەردانی ڤاتیكانی كردووە و لەوپەڕی بەهێزی و بەرپرسیاریەتی پێشوازی لێ كراوە، هاوكات ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی بە هەمان شێوە سەردانی ڤاتیكان و قەداسەتی پاپایان كردووە، هاتنی قەداسەتیش بۆ هەولێر بەڵگەیەكی ئەو پەیوەندییە دیار و بەهێزەیە. ئێمە لە ڕێگای حكومەت و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینییەوە پەیوەندیی باش و بەهێزمان لەگەڵ چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی و ڕێكخراوی ئایینی لە دونیادا هەیە، لەوانە: لەگەڵ كۆمیسیۆنی ئازادیی ئایینی لە ئەمریكا، لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو ئەو كۆمیسیۆنە ڕاپۆرتی خۆی ئەنجام داوە لەسەر هەرێمی كوردستان بە جیا و ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش بە جیا، كە ئاماژەیان بەوە كردووە، هەرێمی كوردستان لە ڕووی پێكەوە ژیانی نەتەوەیی و ئایینیەوە دوورگەیەكی ئارامە بۆ پارێزگاریكردن لە مافی پێكهاتە و كەمینەكان، لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەی خاوەن بڕیارن و لەگەڵ چەندین ڕێكخراوی ئایینی و ئایینزای جیهانییش پەیوەندی باش و بەردەواممان هەیە و تاوتوێی ڕووداو و بەسەرهاتە هەنووكەیی و ئایینی و ئایینزاكان دەكەین، لەوانە لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا و...تاد. هاوكات پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ ڕێكخراوی (یونیتات) هەیە كە ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە جیهانییە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و كار لەسەر تاوانەكانی جەنگ و ناساندنی تاوانەكان بە جینۆساید دەكات، ئێمە هەستاوین بە پێدانی ئەو دیكۆمێنتانەی كە دەرهەق بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكرێت، بەتایبەت ئەو ناهەقی و بەڵگانەی كە تیرۆریستانی داعش دەرهەق بە كەمینەكانی ئەو ناوچانە كردوویەتی.

* سەرۆك بارزانی بۆ نووسینەوەی دەستوور داوای كردووە، نوێنەری نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لە لێژنەی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان بەشدار بن، چۆن سەیری ئەم بڕیارە دەكەن؟

- لە ساڵی 2015 لە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (5) دەرچوو بۆ ڕێكخستن و كاروباری پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكان، ئەو سەردەمە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسوومی پێ دەرهێناوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە پێكهاتەكان و ئایین و ئایینزاكان هەرچی ماف و داواكارییەكیان هەیە، بۆیان جێبەجێ دەكرێت، ئەمە جیاوازییەكی زۆر گەورەیە لەگەڵ ئەو مەرسوومەی لەم دواییانەدا سەرۆك كۆماری عێراق دەرهەق بە كریستیانەكانی كرد. جەنابی سەرۆك بارزانی داوای كردووە و فەرمانی داوە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان ئەندامیان لە لێژنەی نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری كوردستان هەبێت، تاوەكو خۆیان ماف و بەرژەوەندییەكانیان لە دەستوورەكەدا بنووسنەوە.

 

Top