حەمە ساڵح فەرهادی: شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی پێویست نییە(2-2)

حەمە ساڵح فەرهادی: شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی پێویست نییە(2-2)

نووسەری دیاری كوردستان (حەمە ساڵح فەرهادی) ساڵانێكە لە بواری منداڵان دەنووسێت خاوەنی چەندین كتێبە لە چەندین گۆڤاری منداڵان،وەكو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر كاری كردوە لەم بوارەدا خزمەتێكی زۆری منداڵانی كوردستانی كردوە، بۆیە وەكو ماڵپەری كوردستان تیڤی پێمان باش بوو لە نزیكەوە بە چەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.
هەڤپەیڤین:كامەران حاجی ئەلیاس

* ئەو بنەماییە سەرەكییانە چین،كە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵان دەبێ رەچاو بكرێت؟
- هەندێك بنەمای سەرەكی هەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵانداڕەچاو بكرێت لە مانە:
1- بابەتەكە بە زمانێكی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەكەی لەگەڵ ڕێنووسەكەی كتێبەكانی میتۆدی خوێندنی قوتابخانەكان بگونجێت،وشەكان لە فەرهەنگی منداڵەوە هەڵقوڵابێ،كورت بێت درێژداری تێدا نەبێت،بابەتەكان لە هەرجۆرێك بن، دەبێ بەشێوەیەكی پەروەردەییانە بخرێتە بەرچاو.
2-ئامۆژگارییەكان،ئەگەر هەبێ،راستەوخۆ و لە شێوەی ئەمر و نەهیدا نەبێت،رەچاوی ئەو بەهایانەی تێدا بكرێت، كە بوونەتە بنەما لە ئەدەبی منداڵاندا،بایەخ بە سایكۆلۆجییەتی منداڵ بدرێت،داب ونەریتی رەسەنی كوردەواری و جیهانی بە منداڵان ئاشانا بكات.
3- متمانە بە خۆكردن لای منداڵ بەهێز بكات،مێژوو و شوێنەوار و ناودارانی و ڵات بە منداڵان بناسێنێت، بەتایبەتی ئەو ناودارنەی خزمەتێكی بەرچاوی منداڵانیان كردوە،بەها رۆحییەكان لای منداڵ خۆشەویست بكات،بایەخێكی تەواو بە منداڵە بەهرەدارەكان بدات و بەهەرمیان بڵاوبكرێتەوە،گەورەو بچووكی پیتەكانی لەگەڵ تەمەنی مەنداڵ بگونجێت.
4- بابەتەكان نەتەوەیی وجیهانی بێت بەڵام نەخرێتە ناو قاڵبی حزبایەتییەوە،بایەخدان بە باتەكانی خۆ خافڵاندن و زاخاوی مێشك و كات و بەسەربردن،دووركەوتنەوە لەو بابەتانەی كە گیانی دووبەرەكی و شەڕخوازی تاوان لە ناخی منداڵدا زیاد بكات.
5-باشتر وایە لاپەڕەكانی بڵاوكراوەكان ڕەنگاوڕەنگ و وێنەدار بن، نرخی چاپەمەنییەكان گونجاو بێت و زۆربەی منداڵان بتوانن سودی لێوەربگرن.
* نووسەرانی تێكستەكانی ئەدەبی مەنداڵان (هۆنراوە،چیرۆك، ئۆپەرێت،شانۆگەری..) لە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- دیارە تێكستەكانی ئەدەبی منداڵان،بە تایبەتی ئەو ژانرە ئەدەبییەی كەباست كردوە (هۆنراوە،چیرۆك، ئۆپەرێت، شانۆگەری)، وەكو هەموو تێكستە گشتییەكانی دیكەی ئەدەبی كوردی، هەموویان لەیەك ئاستدا نین، تێكستی باش و سەركەوتووی منداڵانمان هەیە، هەروەكو بە پێچەوانەشەوە تێكستی ئاست نزمیشمان هەیە، تەنانەت، لەم چوار جۆرە تێكستەشدا،هۆنراوە،چیرۆك،پێش ئۆپەرێت،شانۆگەری كەوتوون و ئەم دووانەی كۆتایی هێندە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ناتوانین بڵێین ئەو بڕیارە رەهایە و بۆ بڕیاری وردتر،پێویستە بابەتەكانی هەرنووسەر و شاعیرێكی بواری منداڵان بە جیا هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
بەگشتی ئێمە شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارە منداڵانمان نییە، تەنانەت ژمارەیان لە ژمارەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش كەمترە كە كار بۆ ئەدەب بەگشتی دەكەن.
ئەگەر دەزگایەكی بە توانای فەرمی هەبێت و بایەخ بە بەرهەمی سەركەوتووی تایبەت بە منداڵان بدات و كێشەكانی چاپكردن و بڵاوكردنەوەیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەدەبی منداڵان هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێش.
* لەوماوەیەدا چەند نووسەرێكی منداڵ لە كوردستان بەرهەمەكانیان لەچوارچێوەی نامیلەكە بڵاوكردەوە، پێتان وایە ئەگەرنووسەر منداڵ بێت بۆ منداڵ بنووسێت كاریگەری زیاترە لەوەی گەورە بنووسێت؟
- ئەگەر داتایەكی ورد و ڕاست هەبێت سەبارەت بەو كەسانەی كە بۆ مندڵان دەنووسن،چ گەورە بن یان منداڵ،بەدیار دەكەوێت كە ژمارەی ئەو كەسانەی بەسەركەوتووی بۆ منداڵ دەنووسن زۆركەمە ! چونكە بەپێی بەندی یەكەمی مافەكانی منداڵان، كە پێناسەكراوە(منداڵ ئەو مرۆڤەیە كە تەمەنی لە 18 ساڵ تێنەپەریبێت).
كەواتە بەپێی ئەو پێناسەیە، زیاتر لە چواریەكی دانیشتووان منداڵان و پێویستیان بە ژمارەیەكی زۆر لە ئێستا زیاترە هەیە كە كار بۆبكەن.دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا گەورە بۆ منداڵ بنووسێت باشترە، یان منداڵ بۆ خۆیان بنووسن.دەتوانین بڵێین،ئەگەر ئەو ژمارە پێویستەمان لە منداڵی بەهرەمەند و بەتوانا هەبێت، باشترە منداڵ بووسێت،بەڵام ئایا ئەو ژمارە پێویستەمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
هەندێك كەس وا دەزانێ نووسین بۆ منداڵ كارێكی ئاسانە! بەڵام وانییە زۆر زەحمەتترە لە نووسین بۆ گەورە، بەرپرسیارییەتیشی زیاترە.بەپێی ئەزموونی بەندە لەو ڕووەوە، زۆر جار هەست دەكرێت، كەئەو نووسینانەی بەناوی منداڵان بڵاو دەكرێنەوە، دەستی گەورەشی تێدایە. تەنانەت وەكوو ئەزموون لەوماوە زۆرەی كە لە گۆڤاری (هەنگ) دا كارم كردووە، زۆرجار باوكێك یان دایكێك، چەند بابەتێكی منداڵانی هێناوەو گوایە هەر بابەتێك یەكێك لە منداڵەكانی نووسیویەتی!
لێرەدا ئەمە دەبێتە مایەی پرسیار،كەئەو ماڵە چۆن لەیەك كاتدا ئەو هەموو نووسەرەی منداڵەی لێ هەڵكەوتووە؟! پێویستە بوار بە منداڵ بدرێت كە ئەوەی دەیەوێ بینووسێت لەو رووەوە هان بدرێت و هەوڵ بدرێت پەرە بە بەهرەكانی بدرێت، بەڵام چاودێریش بكرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ناتوانین نووسینی گەورە بۆ منداڵان فەرامۆش بكرین وبەهەند وەرینەگرین، بە تایبەتی ئەو نووسەرانەی كە توانیویانە بە سەركەوتوویی بچنە ناوجیهانی منداڵانەوە.لەلایەكی دیكەوە، گەورە بەرپرسیارە لە زۆربەی شتەكانی تایبەت بە منداڵ «ناوی، پەروەردەی، خوێندنی، ژیانی، جل وبەرگی،پێداویستیەكانی و چەندین شتی دیكەش، چی تێدایە ئەگەر بتوانێت بەرپرسیارییەتی نووسینیشی بۆ بخاتە ئەستۆی خۆی.
* سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان تاچەند لە خزمەت پەروەردەی منداڵان دایە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، منداڵ وپەروەردەی دروست،واتە ئایندەیەكی گەش و ڕووناك.بەداخەوە ئێمە سیستەمی پەروەردەمان بەو شێوەیە نیە كە لەگەڵ گۆرانكارییەكانی سەردەم بگونجێت.
ئەگەر بەراوردێك لە نێوان ئێستاو(25-30) ساڵ لەمەوپێش بكەین، پێشكەوتنێكی ئەو تۆ نابینین، چ لە ڕووی بینایی قوتابخانە و چی لەڕووی بەرنامەكانی خوێندن و چ لە ڕووی ژمارەی مامۆستایان و چ لەڕووی كردنەوەی خولی بەردەوام و شیاندن بۆ مامۆستایان و كارمەندانی كەرتی پەروەردە و چ دانانی بەرپرسانی پەروەردە لەسەر بنەمای ئەزموون و لێهاتووییان، ئێستا دوو دەوامی لە بینایەی قوتابخانەكاندا زۆرە و ژمارەی قوتابیانی هەرپۆلێكیش زۆر لە پێویست زیاترە، چەند ساڵە وەكوو پێویست مامۆستا دانەمەزراون و جێی ئەوانەی خانەنشین دەكرێن بە مامۆستای تازە دامەزراو پڕ ناكرێنەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین قوتابخانە ئەهلییەكان بەردەوام لە زیاد بووندان، ئەمەش هەر بۆ منداڵە دەستڕۆیشتووەكانە،نەك بۆ هەمووان.
بەڕای من پێویستە پێداچوونەوەیەكی خێرا بۆ چاكسازی لە كەرتی پەروەدەدا بكرێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی خێرای سەردەم دا بگونجێت.بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەی نەخوێندەوارمان لە پێشان زیاترە.
* چۆن منداڵان رابهێنن لە خوێندنەوە، رۆڵی قوتابخانە و خێزان دەبێ چۆن بێت؟
- قەیرانی كەم خوێندنەوە قەیرانێكی گشتییە و تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان.ئێستا بە هۆی زۆری ژمارەی كەناڵە تەلەفزیۆنەكان و ئینتەرنێت و فەیسبووك و لقوپۆپەكانی و هەموو هونەرە تازەكانی ئەم بوارەوە،كە منداڵان بەتەواوی خوویان پێوە گرتووەوبووەتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەیاندا،ئاگایان لە خوێندنەوە نەماوە.سەرەرایی ئەمە منداڵ ئەگەر لە خێزانێك بێت كە گەورەكانی كتێب نەخوێننەوە، دەبێ چاوەڕێی چی لێبكرێت؟!
بەداخەوە زۆربەی گەورەكان ئامادەن دەیان جۆری دیاری بۆ منداڵەكانیان بكڕن،كەهەندێكیان زیانیشیان پێدەگەێنێت، وەكو یاری چەك و تەقەمەنی و جۆرەكانی تر، بەڵام بیر لەوە ناكەنەوە كە جارێك كتێبێك،یان گۆڤارێكی منداڵانەیان بە دیاری بۆ ببنەوە و لەسەر خۆشەویستی كتێب خوێندنەوە رایان بهێنن.

Top