پڕۆفیسۆر فوئاد ئیزەدی بۆ گوڵان: سعودیە نایەوێت هەموو هێلكەكانی بخاتە سەبەتەی ئەمریكاوە

پڕۆفیسۆر فوئاد ئیزەدی بۆ گوڵان:  سعودیە نایەوێت هەموو هێلكەكانی بخاتە سەبەتەی ئەمریكاوە

 

 

فوئاد ئیزەدی پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایە لە زانكۆی تاران، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە ئاساییبوونەوەی ئەم دواییەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیە و هۆكار و پاڵنەر و دەرئەنجامەكانی ئەم ئاساییبوونەوەیە و ڕۆڵی چین لە هێنانەئارای ئەم ڕێككەوتنە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* لە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی، كە پێشهاتێكی گەورە و بەرچاو بوو، بەم دواییە ئاساییبوونەوەیەكی دیكە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە نێوان دوو هێزی هەرێمی گەورە و كاریگەردا (ئێران و سعودیە) هاتەئاراوە، ئێوە چۆن لە گرنگیی ئەم پەرەسەندنە دەڕوانن و پێتان وایە هۆكاری هاتنەئارای ئەو دۆخە چی بوو؟

- من پێم وایە ئەمە پەیوەندی بە گۆڕانی تێڕوانینی عەرەبستانی سعودیە هەبوو، واتە سعودیە دەركی بەوە كرد، كە شەڕكردن و بەرەنگاربوونەوەی ئێران خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی ناكات. چونكە ئاشكرایە كە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979، عەرەبستانی سعودیە بڕیاری دا بە هەموو نرخێك ڕووبەڕووی ئێران ببێتەوە و لەم ڕووەوە داهاتی نەوت و چەندین ئامرازی دیكەی بەكارهێنا، بۆ پتر لە 40 ساڵیش ئەم سیاسەتەی پەیڕە و پیادە كرد، بە بێ ئەوەی هیچ سەركەوتنێك بەدەست بهێنێت. واتە ئێران سەرباری هەموو فشارەكان توانی خۆڕاگڕ بێت و بگرە بەردەوام بێت لە بەرەوپێشچوون و گەشەكردن. لەبەر ئەوە دووپاتی دەكەمەوە ئەمە پەیوەستە بە دەركپێكردنی سعودیە بەو ڕاستییەی كە ململانێ و بەرەنگاری لەگەڵ ئێراندا خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی ناكات. هەروەها كاتێك پرسی ئاسایییكردنەوەی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ ئێراندا هاتە ئاراوە، ئێران ئامادە بوو بۆ ئەم پرسە، چونكە هیچ كاتێك ئێران عەرەبستانی سعودیەی بە دوژمن سەیر نەكردووە. دواتر دەبێت ئەوە بڵێین كە دەوڵەتە دراوسێكان دەبێت پەیوەندیی باشیان لەگەڵ یەكدا هەبێت، ئێران و سعودیەش بۆ چەندین سەدەیە دراوسێی یەكترین و بۆ چەندین سەدەی دیكەش بەم شێوەیە دەمێننەوە. مەبەستم ئەوەیە، دەكرێت دەوڵەتە دراوسێكان بۆچوونی جیاواز و تێڕوانینی جیاوازیان هەبێت، بەڵام دەبێت ڕێگاچارەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پێكەوە و بە ئاشتییانە درێژە بە پەیوەندییەكانیان بدەن.

* بەڵام ئەم ئاساییكردنەوەیە دوای ساڵانێكی زۆر لە بەدگومانی و دژایەتی و دوژمنایەتیی نێوان ئەم دوو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە، هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كرد، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە، ئەم ئاساییبوونەوە و باشتربوونی پەیوەندییانە بەردەوام بن؟ ئایا ئەم ڕێككەوتنە تا سەر جێبەجێ دەكرێت؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە كارێكی باش بوو عەرەبستانی سعودیە بڕیاری دا، هەڵوێست و سیاسەت و تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت، دواتر پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سعودیە دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم سیاسەتە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆشحاڵ نییە بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و سعودیە، چونكە ئێمە دەزانین كە سیاسەتی ئەمریكا لەم ناوچەیە بریتییە لە پەرت كە و زاڵ بە، ئەمریكا دەیەوێت وڵاتانی ئەم ناوچەیە لە شەڕدا بن لە دژی یەكتری بۆ ئەوەی بتوانێت چەكی زیاتریان پێ بفرۆشێت. بە هەمان شێوەیە ئیسرائیلیش خۆشحاڵ نەبوو بەم ڕێككەوتن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییانە. هەرچۆنێك بێت سعودیە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ پەیوەندییەكی نزیك و بەتینی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا هەبووە و دەبێت پرسی ئەوەی كە ئایا دەتوانێت بەرگەی ئەو گوشارانە بگرێت، هەڵبگرین بۆ داهاتوو.

* ئەی پێت وایە تا چ ڕاددەیەك ئێران خواستی ئەوەی هەیە ئەم ڕێككەوتنە سەركەوتوو بێت و درێژەی بكێشێت؟

- من پێم وایە ئێران دەیەوێت پەیوەندییەكان ئاسایی ببنەوە و پەیوەندی باشی لەگەڵ تێكڕای دەوڵەتە دراوسێكانیدا هەبێت، لە نێویاندا عەرەبستانی سعودیە. بەڵام ئایا بوار بە عەرەبستانی سعودیە دەدرێت بۆ ئەوەی درێژە بەم سیاسەتە بدات، ئەوا ئەمە دیار نییە و ئێمە نازانین، چونكە ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستڕۆیشتوویی و كاریگەرییەكی زۆری هەیە لە نێو عەرەبستانی سعودیەدا و گوشار لە سعودیە دەكات، بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بكاتەوە، خۆ ئەگەر ئەمەش ڕووبدات(ئاساییبوونەوەی پەیوەندی سعودیە و ئیسرائیل)، ئەوا جۆرێك لە ڕێككەوتن دەبێت كە تێیدا سعودیە دەگەڕێتەوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتی ڕابردووی لە ئاست ئێران، كە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوە بوو. بەڵام پێم وایە ئێران مەبەستیەتی ئەو پرۆسەیەی لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا دەستی پێ كرد، بەردەوام بێت و پەیوەندییەكان بە شێوەیەكی ڕاستەقینە ئاسایی ببنەوە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە لەوانەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گوشار بخاتە سەر سعودیە و وتتان ئەمریكا خۆشحاڵ نییە بەم ڕێككەوتنە، ئایا پێت وایە ئەم هەنگاوەی ڕیاز ڕەنگدانەوەی دروستبوونی سارد و سڕییەك بێت لە پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا؟

- من پێم وایە عەرەبستانی سعودیە دەركی بەو ڕاستییە كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێزێكە و لە داكشاندایە و لەم ڕووەوە نایەوێت و خوازیاری ئەوە نییە هەموو هێلكەكانی بخاتە سەبەتەی ئەمریكاوە، بەڵام هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، تا چەند سعودیە دەتوانێت برەو بەم سیاسەتە بدات، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و بیبینین. ئەوەی پەیوەندی بە هەڵوێست و سیاسەتی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، بەتایبەتی ناوچەی كەنداوەوە هەبێت لە ئاستی ئەم پرسەدا، ئەوا دەتوانین لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین، كە سەرۆكی ئێران دەچێتە نیویۆرك بۆ بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لەوێدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و ئێران و عێراق ئەنجام دەدرێت، چونكە بۆ چەندین ساڵە ئێران داوای بونیادێكی ئاسایشی هەرێمایەتی دەكات و پشتیوانی لێ دەكات، واتە لە نێوان وڵاتانی باشووری كەنداو و هەر دوو وڵاتی باكووری كەنداو (ئێران و عێراق). بەڵام ئەوەی بەدی كراوە، ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ درێژەپێدانی مانەوەی خۆی لەم ناوچەیەدا لەگەڵ ئەم پرسەدا نەبووە، هەروەها هەمیشە ئیسرائیلیش بەرهەڵستیی ئەوەی كردووە كە ئێران ببێتە بەشێك لە ڕێوشوێنی ئەمنی هەرێمایەتی لەم ناوچەیەدا، ئێستاش ئومێدەكە ئەوەیە كە پەرەسەندنەكان بەم ئاراستەیەدا بڕۆن و وڵاتان و گەلانی ناوچەكە هاوشێوەی ناوچەكانی دیكە بتوانن بونیاد و ڕێوشوێنێك بگرنەبەر كە بوار بە هاریكاریی نێوانیان بدات.

* ئاشكرایە كە ڕێككەوتنی نێوان عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەوڵی دیپلۆماتیی چین ئەنجام درا و هاتە ئاراوە، لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەمە ئاماژە و بەڵگەی هەڵكشانی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی چینە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

- لە ڕاستیدا گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ئێران ماوەیەك بوو دەستی پێ كردبوو، ئەم گفتوگۆیانە لە عێراق ئەنجام دران، هەروەها لە وڵاتی عوممان، مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە دواتر وڵاتی چین هاتە نێو هاوكێشەكەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەوە نادیدە بگرین كە چین ڕۆڵێكی گرنگی بینی بۆ هێنانەئارای ئەو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییانە. لەلایەكی دیكەوە دەبێت باس لەوەش بكەین، كە چین وڵاتێكە بەرەو ئەوە دەچێت، ببێتە هێزێكی مەزن لە جیهانێكی فرە جەمسەردا، بە چەشنێك كە هەوڵ دەدات دەستڕۆیشتووییەكی زۆری لە ئاسیا هەبێت، هەروەها پەیوەندییەكی بەرچاوی ئابووری هەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، چونكە چین دەیەوێت هەناردەی نەوت لەم ناوچەیەوە بەردەوام بێت و كێشەی بۆ دروست نەبێت، لەم ڕوانگەیەوە دەیەوێت كاریگەریی زیاتری هەبێت و ڕۆڵێكی گرنگتر بگێڕێت، لە ڕوانگەی ئێرانیشەوە ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا، ئەوا ئەمە پەرەسەندنێكی باش و ئەرێنییە.

* بەم دواییە ڕێككەوتنێك لە نێوان ئێران و ئەمریكا ڕووی دا بۆ گۆڕینەوەی زیندانیكراوەكان و گەڕاندنەوەی هەندێ لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران، بە تێڕوانینی ئێوە چی بووە هۆی گەیشتن بەم ڕێككەوتنە؟

- پێم وایە چەند فاكتەرێك هەبوون، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە ئەو وڵاتانەی پارەی ئێرانیان لابوو و نەیاندەتوانی بە هۆی ئەمریكاوە ئەم پارەیە بەدەست بهێنن لە بەرانبەر ئەو كاڵایانەی لە ئێرانیان دەكڕی، بە ئەمریكایان ڕایگەیاند كە ئەمە كارێكی باش نییە.

 

Top