رۆژانە چەند پیادەڕۆیی پێویستە؟

رۆژانە چەند پیادەڕۆیی پێویستە؟

پیادەڕۆیی Walking مەشقێكی كاردیۆی Cardio باشە، كاردیۆ واتە هەر مەشقێكی وەرزشی كە لێدانەكانی دڵ بۆ ماوەیەكی باش بەرزبكاتەوە هاوكات لەگەڵ خێرابوون و قووڵتربوونی هەناسە. پیادەڕۆیی هەنگاوێكی گەورە و ئاسانە بۆ باشتركردنی تەندروستی، بەڵام ئایا ڕۆژانە چەند پیادەڕۆیی پێویست دەكات؟ بۆ ئەم مەبەستە، پسپۆڕانی تەندروستیی ئەوروپی ڕێنمایی پیادەڕۆیی تەنیا 4،000 هەنگاوی ڕۆژانە دەكەن بە خێرایی 100 هەنگاو لە یەك خولەكدا كە ڕۆژانە نزیكەی 40 خولەك دەخایەنێت. ئەمەش ڕوون كراوەتەوە كە هەر چەند ماوەی پیادەڕۆیی زیاتر بێت هێندە سوودە تەندروستییەكانیشی زیاتر دەبن، هەروەها بە گوێرەی خێرایی پیادەڕۆیی، بۆنموونە: باشتركردنی تەندروستی و توانای دڵ، بەهێزكردنی پەیكەرە ماسوولكەكان و ئاستی بەرگەگرتنیان، بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، باشتركردنی مەزاج و فرمانەكانی مێشك، كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، بەهێزكردنی ئێسك، ڕێكخستنی پەستان و شەكری خوێن، كۆنترۆڵكردنی ئاستی كۆلیستیرۆڵ، سووككردنی ئازار و سخبوونی جومگەكان، هەروەها زیادكردنی توانای هاوسەنگیی لەش لە هەر جۆرە جووڵەیەك و ڕێگرتن لە كەوتن. ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت پیادەڕۆیی ئەنجام بدەن، پێویستە كە سەرەتا بە هەنگاوی كورت و هێمن دەست پێبكەن بۆ دووریی كەم، پاشان بەرە بەرە هەنگاوی گەورەتر بۆ دووریی زیاتر، ئینجا بەرە بەرە لە خێرایی پیادەڕۆیی زیاد بكەن تا ماوەكەی دەگاتە ڕۆژانە 30-45 خولەك. بێگومان پێویستە ئەمەش لە یاد نەكرێت كە پێڵاوی تایبەت بە پیادەڕۆیی و ڕاكردن تەرخان بكرێت.

 

Top