چۆن خۆت لە كۆلێرا دەپارێزیت؟

چۆن خۆت لە كۆلێرا  دەپارێزیت؟

كۆلیرا Cholera نەخۆشییەكی بەكتریایی گوازراوەیە، بەكتریاكە لە ڕیخۆڵە باریكەدا گەشەدەكات، ئاو و خۆراكی ئالوودەبوو سەرچاوەی سەرەكیی گواستنەوەن، نیشانەكان 12-24 كاتژمێر پاش تووشبوون دەردەكەون كە بریتین لە: سكچوونی ئاوی، سك ئێشە، ڕشانەوە، تا و لەرز Chills، لەگەڵ نیشانەكانی كەمبوونەوی ڕێژەی شلەی لەش وەكو بێهێزی، سەرسووڕان، تینووێتی، وشكبوونی دەم. هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە كۆلێرا:

• دڵنیابوون لە پاكیی ئاوی خواردنەوە، بەكارهێنانی ئاوی بتڵ یان ئاوی كوڵاو و ساردكراوە بۆ خواردنەوە و شووتنی ددان و ئامادەكردنی خۆراك و شلەمەنییەكانی دیكە، ئاو بە كوڵاندن و كلۆر بەتەواوی لە بەكتریای كۆلێرا پاك دەبێتەوە.

• گرنگیدانی زۆر بە شووشتنی دەستەكان بە سابوون و ئاوی پاك لەم كاتانەدا: پێش و پاش ئامادەكردنی خۆراك، پاش بەكارهێنانی توالێت، پاش پاككردنەوەی منداڵ، هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە بەركەوتنی دەستەكان بە دەم و لووت. لە كاتی دووری لە ئاو و سابوون، دەتوانرێت كە دەستەكان بە بەكارهێنانی پاككەرەوەی ئەلكهولی 60% و بەسەرەوە لە میكرۆب پاك بكرێتەوە.

• كوڵاندنی خۆراك بە باشی و داپۆشینی، شووشتنەوەی سەوزە و میوەكان بە گیراوەی سركە یان پاودەری كێك، هاوكات لەگەڵ قەڵاچۆكردنی مێش و مەگەزی ناوماڵ.

• گرنگیدانی زۆر بە چێشتخانەی ماڵ و شووشتنی كەلوپەل و قاپ و قاچاخی خۆراك بە ئاو وسابوون پاشان وشككردنەوەیان.

• گرنگیدان بە پاكوخاوێنیی توالێت و بەكارهێنانی گیراوەی نەهێشتنی میكرۆب Disinfectants.

 

Top