بەرپرسیاریەتی کارگێری پەروەردەیی
نوسەر و شارەزای بواری كارگێڕیی و ئابوری ئەمریكی (پیتەر دراكر) دەڵێ" وانەی هەرە گرنگ ئەوەیە تێبگەی كە پۆست و پایە بریتی نییە لە پێدانی دەست كەوت و بەخشینی هێز، بەڵكو سەپاندنی بەرپرسیاریەتییە.
بەرپرسیاریەتی بریتییە لە پابەندبوونی تاك بەرامبەر بەو کار و ئەرک و پیشانەی كە پێی سپێردراوە و ئەنجامدانی بە ڕاست ترین شێوە لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێن بەرپرسیاریەتی بریتییە لە پاڕاستنی ئەمانەت كە ویژدان بنچینە و بناغەی هەست كردنە بە بەرپرسیاریەتی .
لای هەموومان ئاشكرایە بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆرە ئەوەی دەمەوێ باسی بكەین بەرپرسیاریەتی کارگێڕی پەروەردەییە كە خۆی لە خۆیدا بە كرۆكی هەموو بەرپرسیاریەتییەكان دادەنرێت، چونكە لە پەروەردەوە مرۆڤ بنیات دەنرێ و بەرپرسیاریەتی لەبنیاتنانی مرۆڤ ئەركێكی ئاسان نییە، بەڵكو بە خاڵی وەرچەرخان و سەرهەڵدان دادەنرێ لە ویژدانیەتی مرۆڤایەتی و چاكەكاری ڕەوشت و دەوەستێتە سەر بنەمای پەروەردە و ڕەوشتی كەسەكان.
گرنگە و پێویستە هەر كەسێك كە بەرپرسیاریەتی كارگێڕیی هەبێ لە دام و دەزگا پەروەردەییە جۆراوجۆرەكان تایبەت قوتابخانەكان و ئەوانی تر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ مامۆستا و قوتابیان و كۆمەڵگە بەوپەڕی متمانەوە هەڵسوكەوت و ڕەفتار لەگەڵ كارەكانیان بكەن وە ئەمانەت پارێز بن و كەسایەتی بەهێز و هاوسەنگیان هەبێت و هاوتەریب بن و ئەوپەڕی پابەندبوونیان هەبێت بە بنەما سەرەكییەكانی پەروەردە و تێگەیاندن و پێگەیاندنی تاكەكان، دوور بكەونەوە لە گلەیی و لۆمەكردن، سەركردە بن بە مانای ووشە و هەردەم خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوایەتی و پەروەردەیی بن و دڵ فراوان و دووربین بن و خۆیان بە دوور بگرن لە ڕق و كینە، بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و ئامانجە گشتییەكانی كۆمەڵگە بە دەست بهێنن، سووربن لە سەر پاڕاستنی دەستكەوتەكان و باشتر بەرێوەچوونی پرۆسەكە بە گشتی، هەردەم ئامۆژگاری ئەوانی تر بكەن و فەرمان بكەن لە سەر چاكە كردن و دووربكەونەوە لە هەموو خراپە و زیان گەیاندنێك بە وانی تر، هەرگیز ڕێگە نەدەن كەمتەرخەمی و تەوەزەلی لە كارەكان هەبێت، بەوپەڕی دڵسۆزی و ئازایەتی و لە خۆبوردوویی بە پیر كارەكانەوە بچن و ئەنجامیان بدەن بە باشترین شێوە و هەردەم سۆز و خۆشەویستی ببەخشن بەرامبەر بەوانی تر و گرنگی و بایەخیان پێ بدەن و جیاوازی نەكەن و خۆیان بە شای ڕەهاو بێ سنور نەزانن، دەبێ لەوە تێ بگەن هەموو بەرپرسیاریەتییەك ئەمانەتە تایبەت بەرپرسیاریەتی پەروەردەیی بە كرۆك و ناوەخنی ئەمانەت و ویژدان زیندوویی دادەنرێ، چونكە پەروەردە بە گشتی خاوەنداریەتی بۆ كۆمەڵگە دەگەرێتەوە.
لە بیرمان نەچێ هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی و خۆ بە خاوەن زانین و نەترسان و متمانە بەخۆبوون و پابەندبوونی تەواو بە هەر بەرپرسیاریەتییەك خاڵی سەرەتای بەدیهێنانی ئامانجەكان و بەدەست هێنانی سەركەوتنەكانە كە لە ئەنجامدا كۆمەڵگە ئاسودە و بەختەوەر دەبێت و ووڵاتیش ئاوەدان و پێشكەوتوو دەبێت.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی