ئاراس جەواد مەلەكشاهی نووسەرو كەسایەتیی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:   كوردانی فەیلی مەلا مستەفا بارزانی بە باوكی ڕۆحی و ناسنامەی گەلی كوردستان دادەنێن

ئاراس جەواد مەلەكشاهی  نووسەرو كەسایەتیی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:     كوردانی فەیلی  مەلا مستەفا بارزانی بە باوكی ڕۆحی و ناسنامەی گەلی كوردستان دادەنێن

 

 

كوردانی فەیلی وەكو یەكەمین قوربانیی ڕژێمی بەعس كەوتنە بەر شاڵاوی جینۆساید و كۆمەڵكوژی، بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و گەنجەكانیان دەستگیركران و لە زیندانەكاندا بێسەروشوێن كران و هەرچی ماڵ و حاڵیان هەبوو، بەسەر پیاوانی ڕژێمدا دابەش كران. گۆڤاری گوڵان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی عێراق كە دەرهەق بە پێكهاتە ڕەسەنەكانی كورد تاوانی دڕندانە ئەنجام دراوە، هەرجارەو لەگەڵ كەسایەتییەكی ناسراوی كوردانی فەیلی چاوپێكەوتن و گفتوگۆ ئەنجام دەدات، لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا دیدارێكمان لەگەڵ ئاراس جەواد مەلەكشاهی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و كەسایەتیی كوردی فەیلی ساز دا.

 

* كوردانی فەیلی یەكەمین قوربانیی دەستی ڕژێمی بەعس بوون و دواتر كەمینە نەتەوەیی و ئاینییەكانی دیكەش بە هەمان شێوە كۆمەڵكوژی و تاوانی دڕندانەیان دەرهەق كرا، دەكرێت وەكو نووسەر و كەسایەتییەكی كوردانی فەیلی باسی ئەو كۆمەڵكوژییەمان بۆ بكەیت؛ ئایا هۆكاری ئەنجامدانی ئەم تاوانە دڕندانەیە چی بوو؟

- كوردانی فەیلی پێكهاتەیەكی ڕەسەن و جیانەكراوەی كوردن و مۆركی نەتەوەیی و خۆشەویستییان بۆ كوردایەتی و نیشتمان لە ئاستێكی بەرزدایە و لە هێڵی پێشەوەی بەرگریكردن بوون، دژی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی كورد و شاڵاوی تەعریب و تەرحیل، تەنانەت لە شۆڕشی ئەیلوول بەرگریكار و پاڵپشتیەكی سەرسەختی ژەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی بوون و بەڵگەنامە و دیكۆمێنتەكانی كوردانی فەیلی لە بەغدا و ڕۆژهەڵاتی عێراق و شارەكانی باشوور سەلمێنەری ئەم ڕۆڵە نیشتمانی و نەتەوەییەن، هەر ئەمەش بوو وای كرد، ڕژێمی بەعس ترس و دڵەڕاوكێی لە كوردانی فەیلی هەبێت و بە پاساوی نابەجێ و نامرۆیی و نایاسایی ڕووبەڕووی كوردانی فەیلی ببێتەوە و تاوانی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدیان دەرهەق ئەنجام بدات.

تاوانەكەش گەورە بوو، بەو پێیەی دەچێتە قاڵی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و سڕینەوەی ناسنامەی پێكهاتەیەكی گرنگی نەتەوەیەك، كە بە زۆرەملێ ڕاگواستران و دەستیان بەسەر ماڵ و حاڵی گواستراو و نەگواستراودا گرت، هەورەها لێسەندنەوەی ناسنامە و ڕەگەزنامە و دەستگیركردن و ڕاپێچكردنی گەنجەكانیان بۆ ناو زیندانەكان و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی كیمیاوی لەسەریان و بێسەروشوێنكردنیان و دواتر ئاوارەبوون و دەربەدەری بۆ خێزانەكانی كوردانی فەیلی كە ناسراو بوون بە دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر و چین و توێژە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەكەی بەغدا، ئەو تاوانانە بە هەموو پێوەرێك دەچێنە قاڵبی تاوانی نێودەوڵەتی و دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. ئەم تاوانە تەنیا پاكتاوكردنێكی جەستەیی و فیزیكی نەبوو، بەڵكو جینۆسایدێكی دیكەش ئەنجام درا، كە پێی دەوترێت جینۆسایدی فەرهەنگی دژی كەلتوور و زمانی دایك و دابونەریتی كوردایەتی.

* كەواتە هۆكاری شیعە مەزهەبی لە پشت جینۆساید و كۆمەڵكوژییەكەوە نەبووە، بەڵكو بە هۆكاری نەتەوەیی هەموو ئەم تاوانە قێزەوەنە ئەنجام دراوە؟

- تەنیا لەبەر ئینتمای نەتەوەیی و داینەمۆی شۆڕشی كوردستان و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی بوو، ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەیان لەسەر كوردانی فەیلی ئەنجام دا، خۆ لە عێراق لەناو پێكهاتەی عەرەب و توركمان شیعە مەزهەب هەبوون و هەن، بەڵام تاوانی وا ڕەش و قێزەوەنیان بەسەردا جێبەجێ نەكراوە. ئەوەی زیاتر وای كرد تاوانەكە سەرتاسەری بێت، ترسی ڕژێمی بەعس بوو لە زۆری و چڕیی كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا و بوونی ئیمكاناتێكی ماددی و باڵادەستیان لەناو بازرگان و كاسبكاران و فەرمانبەرانی حكومەت، ئەمەش بە زەنگێكی مەترسی دادەنرا بۆ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس كە لە سەروبەندی خۆئامادەكردن بوو بۆ شەڕێكی خوێناوی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا.

* بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 نەهامەتییەكانی كوردانی فەیلی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە چارەسەر نەكراوە، ئایا چی وای كرد، ئەم تاوانە گەورەیە وا بە بێدەنگی و بێ قەرەبووكردنەوە و گەڕانەوەی مافەكانیان لە عێراقدا بەڕێ بكرێت؟

- ئەمە پرسیارە گرنگ و گەوهەرییەكەیە، عێراقی نوێ هەڵگری درێژكردنەوەی زۆر لە ڕق و قین و كەلتووری توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی بەرانبەرە، لەبەر كوردبوونمان تاوانێكی وا گەورە تەنانەت زۆر لە بەڵگەنامە و دیكۆمێنتەكانیشیان شاردەوە و گرنگییان پێ نەدا. سەرۆك مەسعود بارزانی لەسەر ڕێبازەكەی مەلا مستەفا بارزانی بە داكۆكیكاری سەرەكی كوردانی فەیلی و داواكاری گەڕانەوەی مافەكانیان ناسراوە، ئێمە بە مەرجەعی نەتەوەیی خۆمانی دەزانین. كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكە بەڵگەیەكی ئەم گرنگیدان و داكۆكیكردنەیە. لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعسیش نەتوانراوە مافە فەرهەنگی و كەلتووری و ماددی و پێگە مەعنەوییەكەمان بۆ بگەڕێتەوە. من باسی ئەو هەزارەها گەنجە بێسەروشوێنە ناكەم، كە زۆربەیان ڕوفاتەكانیشیانمان بەدەست نەكەوتەوە، كاریگەرییەكانی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی كوردانی فەیلی بەردەوامی هەیە و تا ئێستاش خێزانی كوردی فەیلی هەن لە تاراوگە و ئاوارەیی ناسنامەی نیشتمانییان لێ زەوت كراوە و كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و گەڕانەوەیان هەبووە. كوردانی فەیلی بە شادەمار و بڕبڕەی پشتی ئابووری و بازرگانی و كاسبی و فەرمانبەریی دەوڵەتی عێراق ناسراو بوون، ئەی ئێستا بۆچی مافەكان نەگەڕاوەتەوە؟ ڕەنگە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و نائارامی و شەڕەكانی نێوخۆ تا ڕاددەیەك هۆكار بێت بۆ دواكەوتنی گەڕانەوەی مافەكان، بەڵام كوردبوونمان و قۆرخكردنی پێگەكانی حوكمداری لە عێراق هۆكاری سەرەكیی پشتگوێخستنی گەڕانەوەی ماف بووە بۆ خاوەنەكەی.

* لە قسەكانت جەخت لەسەر لایەنی كەلتووری و فەرهەنگی كوردانی فەیلی وەكو پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی كورد دەكەیتەوە، ئایا ئێستا بۆچی ئەم فەرهەنگە كەلتوورییەی كوردانی فەیلی بزرە؟

- كوردانی فەیلی وەكو هەموو پێكهاتە ڕەسەنەكانی دیكەی نەتەوەی كورد خاوەنی كەلتوور و دابونەریت و فەرهەنگی تایبەت بەخۆیانن، ئەوەتا شێوەزاری زمانی كوردی فەیلی هەوڵی زۆر درا لەناو ببرێت. زۆر لەو فاكتەرانەی كە زیانی گەیاندووە بۆ بە ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بوونیان هەیە و ڕێگریش بووە لە بەرەوپێشچوونی دۆسێكەمان و هەڵگرتنی لایەنە نەرێنییەكانی جینۆسایدەكە، بەداخەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێم و باڵادەستیی حزبە شیعەكان هەوڵی زۆر دراوە و دەدرێت بۆ ئەوەی كوردانی فەیلی زیاتر ڕابكێشرێنە لایەنی مەزهەبییەوە، بەڵام بوونی كەلتوورێكی نەتەوەیی و حەز و خۆشەویستیی بەهێزی كوردانی فەیلی بۆ لایەنی نەتەوەیی لەبەردەم هەموو ئەو هەوڵانەدا ڕێگر بووە.

* باسی ڕۆڵی كوردانی فەیلیت كرد لەناو شۆڕشی ئەیلوول و خۆشەویستییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و پاڵپشتیكردنی خەباتی نەتەوەیی، ئایا مەلا مستەفا بارزانی چۆن دەیڕوانییە ئەم ڕۆڵە و گەنجەكانی كوردانی فەیلیش چۆن لە دەوری كۆبوونەوە؟

- ئەو ئینتما نەتەوەیی و خۆشەویستییەی كوردانی فەیلی كە بۆ نەتەوە و خاك و نیشتمانەكەیان هەیان بووە، لەپاڵ بوونی پێكهاتەیەكی مەدەنی و ڕۆشنبیری وای كردبوو، بەردەوام خۆشەویستی و پشتگیری لە شۆڕش و بزووتنەوەی ئازادیخوازی بكەن، هەروەكو چۆن لەناو حزبی شیوعی و شۆڕشەكانی كورد ڕۆڵیان هەبوو، هەرواش خۆشەویستیەكی زۆر و بەرزیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول هەبووە، ئەوان لە كەس و كادیرە دیار و گەورەكانی ناو پارتی بوون و تەنانەت ژمارەیەكی زۆری بازرگان و پیشەوەرانی فەیلی هاوكاریی شۆڕشیان كردووە و لەناو پارتیدا لە كادیرە ناسراوەكان و دامەزرێنەری پارتی بوون، وەكو جەعفەر محەمەد و حەبیب محەمەد و یەدوڵڵا فەیلی و زەكییە ئیسماعیل و دەیان تێكۆشەری دیكەی گەلەكەمان، كوردانی فەیلی پەیوەندییەكی ڕۆحییان لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، بە باوكی ڕۆحی و ناسنامەی گەلی كوردستانی دەزانن و ئەمەش وەكو میراتێكی نەتەوەیی لای كوردانی فەیلی نەوە لە دوای نەوە ماوەتەوە.

هەموومان پێشوازییە دە هەزار كەسییەكەی بەسرەمان لەبیرە، كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت گەڕایەوە و زۆرینەی كورد كوردانی فەیلی بوون و دواتر كۆمەك و هاوكاریی مەلا مستەفا بارزانیان دەكرد و تەنانەت لە ڕێپێوانە مێژووییەكەی 11ی ئادار زۆرینەی كوردانی فەیلی بەشدار بوون و ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا، یەكەمین ئێزگەی دەنگی كوردستان بە كۆمەك و هاوكاریی كوردانی فەیلی گەیشتە شۆڕش و تەنانەت كاتێك لەناو جەرگەی بەغدا هەوڵی تیرۆركردنی كاك ئیدریس بارزانی درا، ئەوانەی پاراستیان كوردانی فەیلی بوون. لەو سەردەمەدا هەرچی كۆنفڕانس و كۆنگرەكانی پارتی بوو لە بەغدا بە ئامادەبوون و پاڵپشتیی كوردانی فەیلی بوو، كاتێك مەلا مستەفا بارزانی، حەبیب محەمەد كەریمی بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق كرد، خۆ تەنیا لەبەر حەبیب محەمەد كەریم نەبوو، بەڵكو بۆ گەڕانەوەی ئیعتوبار بوو بۆ كوردانی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا و عێراقدا. لە ئێستاشدا هەر سەرۆك مەسعود بارزانییە داكۆكیكاری سەرسەختی مافی هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە و لە ناویاندا كوردانی فەیلی و هەر ئەوە ڕووبەڕووی هەموو داگیركار و دوژمنانی كورد دەبێتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان، بۆیە بە هاوشێوەی سەركەوتنی كۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی چاوەڕوانین سەنتەرێك بۆ بەدواداچوونی پێشنیارەكانی كۆنگرەكە دابمەزرێت و بەداواداچوون بۆ كەیس و كێشەكانی كوردانی فەیلی بكرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كەیسەكەمان بەجینۆساید بناسرێت و بەڵگەنامەكان كۆبكرێنەوە و گرنگییان پێ بدرێت و كار لەسەر دامەزراندنی چەند ڕێكخراوێكی پسپۆڕ و شارەزا لەم بوارەدا بكرێت، ئەمەش دەبێتە خاڵی دەستپێك بۆ پڕۆژە و كاری گەورەتر. 

 

 

 

Top