پڕۆفیسۆر گریگۆری ئەفتاندیلیان بۆ گوڵان:   هێرشەكانی حەماس گۆڕانكاری لە تێڕوانینی سەربازی و هەواڵگریی ئیسرائیلدا دەهێننەئاراوە

پڕۆفیسۆر گریگۆری ئەفتاندیلیان بۆ گوڵان:     هێرشەكانی حەماس گۆڕانكاری لە تێڕوانینی سەربازی و هەواڵگریی ئیسرائیلدا دەهێننەئاراوە

 

 

 

پڕۆفیسۆر گریگۆری ئەفتاندیلیان، پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، وانەبێژە لە سكووڵی پاردی بۆ دیراساتی جیهانی لە زانكۆی بۆستۆن، بۆ ماوەی پتر لە بیست ساڵ وەك شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئیدارەی ئەمریكا كاری كردووە، هەروەها ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیران بووە. بۆ شرۆڤەكردنی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و كەرتی غەززە و هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم هێرشانە و ئەو شەڕەی هەڵگیرساوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* ئاشكرایە كە هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل هەمووانی هەژاند و لەم ڕووەوە لێكدانەوە و شرۆڤەكاریی زۆر كراوە بۆ هۆكار و پاڵنەر و كاتی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئاشكرایە كە ماوەیەكی دوور و درێژ بوو بزووتنەوەی حەماس خۆی بۆ ئەم هێرشە ئامادە كردبوو، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە كاتەكەیەوە، ئەوا ڕوونە كە ئامانجەكە تێكدان و پەكخستنی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بوو، واتە ڕێگریكردن بوو لە درێژبوونەوەی ئەو ڕێككەوتنانەی ئاشتی كە پێشتر ئیسرائیل لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی عەرەبی واژۆی كردبوون. پێم وایە لەم ئامانجەشدا سەركەوتوو بوون. خاڵی دووەم ئەوەیە كە حەماس پێی وابوو ئیسرائیل بە هۆی كێشە و ناكۆكییە ناوخۆییەكانیەوە- لە ئەنجامی هەوڵەكانی نەتانیاهۆ بۆ گوڕینی سیستمی دادوەری لە وڵاتەكەیدا- لە بارێكی لاوازیدایە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە بزووتنەوەی حەماس پێی وابوو كە دەسەڵاتی فەلەستینی لە كەناری ڕۆژئاوا لاواز و لاوازتر دەبێت، ئەمەشی بە دەرفەت زانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری فەلەستینییەكان.

* بەڵام بۆچی بزووتنەوەی حەماس هێرشی كردە سەر خەڵكی مەدەنی لە ئیسرائیل؟

- من باوەڕم وایە حەماس ویستی لەم ڕووەوە ئەو پەیامە بگەیەنێت كە حكومەتی ئیسرائیل بێ توانایە لە پاراستنی خەڵكی مەدەنیی وڵاتەكەی. بەشێكی دیكەی پەیوەستە بەوەی كە ویستی زۆرترین ژمارەی بارمتە دەستگیر بكات، بۆ ئەوەی دواتر لە گفتوگۆكانی لەگەڵ ئیسرائیل بەكاریان بهێنێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئاستی توندی و دڵڕەقیی هێرشەكە بێ پێشینە بوو، من نازانم بۆچی بەو توندییە هێرشەكەیان ئەنجام دا.

* لە بارەی شكستی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلەوە بۆ پێشبینیكردن و بەرگرتن بەم هێرشانە لێكدانەوەی زۆر كراوە، هەندێك دەڵێن ئەمە لە ئەنجامی نەبوونی زانیارییەوە نەبووە، بەڵكو بایەخنەدان بووە بە ئەگەری ڕوودانی هێرشێكی لەم چەشنە، خوێندنەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە هەر دووكیان بووە، واتە هەم نەبوونی زانیاریی بووە، كە گریمانەی ئەوە دەكرا، ئیسرائیل یەكێك لە باشترین دەزگا هەواڵگرییەكانی هەبێت لە جیهاندا، كە ئاشكرایە شكستی هێنا لەم بارەیەوە. دواتر ئەوە ڕوونە كە بزووتنەوەی حەماس لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا باسی لە بارەی ئەم پلانەیەوە نەكردووە، لەم ڕووەوە ئیسرائیل نەیتوانی زانیاریی پەیوەندیدار بەدەست بهێنێت. خاڵێكی دیكە پەیوەستە بە لەخۆڕازیبوونەوە، واتە ئیسرائیل پێی وابوو، بە هۆی ئەو هەموو ئامێر و دەزگا پێشكەوتووەی هەیەتی لە نزیكی شوورە و پەرژینە ئەمنییەكان، دەتوانێت ڕێگری لە كردەوەیەكی لەم شێوەیە بكات، بەڵام ئەوە بوو، بینیمان تەواو غافڵگیر كرا. دواتر ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەوەیە كە لە وڵاتێكی بچووكی وەك ئیسرائیلدا هەشت كاتژمێری پێ چوو، تاوەكو سوپای ئەو وڵاتە بێت و بەرگری لە مەدەنییەكان بكات لە ناوچانەی لە غەززە نزیك بوون و هێرش كرایە سەریان. كە ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت، كە زۆرێك لە سوپای ئیسرائیل لە نزیك كەناری ڕۆژئاوا بڵاو كرابوونەوە و تێڕوانینەكە ئەوە بوو كە لە نێو كەرتی غەززەوە هیچ شتێك ڕوونادات.

* تا چەند نیگەرانی لە بارەی بەرفراوانبوونی شەڕەكە و تێوەگلانی وڵاتانی دیكەی دراوسێ لەم شەڕەدا؟

- ئێمە هەموومان دەزانین كە ئەوەی هاتووەتە ئاراوە، دۆخێكی زۆر ئاڵۆزە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە باس لە حزبوڵای لوبنانی بكەین، ئەوا ئاشكرایە كە خواستی ئەوەی هەیە بۆ جیهانی بسەلمێنێت كە ئەویش هێزە و سەنگی خۆی هەیە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەم حزبە ڕۆچۆووەتە نێو سیستمە سیاسیەكەی لوبنانەوە و لە حاڵەتی هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لە لایەن حزبوڵای لوبنانی، ئەگەری ئەوە هەیە، ئیسرائیل دووبارە پەنا بباتەوە بەر داگیركردنی لوبنان و وێرانكارییەكی زۆر لەو وڵاتەدا دروست بێت و خەڵكێكی زۆری مەدەنی ببنە قوربانی، كە ئەمەش بە زیان دەشكێتەوە بۆ پێگەی حزبوڵا لە نێو لوبناندا. كەواتە دەبێت حزبوڵا هاوسەنگییەك لە نێوان بژارە سەربازییەكانی و سەركێشیكردن بە پێگە سیاسییەكەی لە نێو لوبناندا ڕابگرێت. ئەگەری ئەوەش هەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو پەیامەی بە حزبوڵا دابێت، كە ئەگەر هێرشی بەرفراوان بكەنە سەر ئیسرائیل، ئەوا ئەمریكاش لە ڕێی كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكەیەوە گورز لە پێگەكانی حزبوڵا دەوەشێنێت، ئەمە تەنیا مەزەندەیە و زانیاریی دروست و پشتڕاستكراوم لەم بارەیەوە نییە.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە شەڕی نێو غەززە، تەنیا پەیوەست نییە بە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە، بەڵكو زۆرێك لە وڵاتانی جیهان و ناوچەكەش لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكەن، بەتایبەتی ئێران، ئایا پێت وایە كاردانەوەی ئێران چی دەبێت، ئەگەر شەڕەكە درێژە بكێشێت و بەرفراوان بێت؟

- ئێران سوودمەند بووە لە بوونی ئەو لایەنە سەختگیرانەی كە باوەڕیان بەوەیە ڕێگاچارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەوەیە كە هێرش بكرێتەسەر ئەو وڵاتە و تەنانەت ئەو وڵاتە تێك بشكێندرێت، ئێران لەو ڕووەوە سوودمەند بووە كە ستایشی هێرشەكانی كردووە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام دەبێت ئێرانیش بە وریاییەوە هەڵسوكەوت بكات، چونكە پێم وانییە لەم ساتەوەختەدا ئێران خوازیاری ئەوە بێت، تووشی ڕووبەڕووبوونەوە و ناكۆكییەكی سەربازی بێت لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، چونكە هێشتا ئەمریكا ئامادەییەكی گەورەی لە ناوچەی كەنداودا هەیە. من پێم وایە ئێرانیش نایەوێت تووشی شەڕ ببێت لەگەڵ ئەمریكا بەهۆی بەرفراوانبوونی شەڕی نێو غەززەوە.

* هەر لە پەیوەندی بەم شەڕە و كاردانەوەی ئیسرائیلەوە، ئەوا ئاشكرایە كە ئیسرائیل دەیەوێت كارێك بكات، قەرەبووی ئەو زیانە بكاتەوە كە لە وێنا و پێگەكەی كەوتووە، ئایا پێت وایە ئیسرائیل دەیەوێت و دەتوانێت لەم بارەیەوە چی بكات؟

- ئەمە پرسیارێكی ئاڵۆزە، بەڵام لە ئێستادا هەموو هەوڵەكانی ئیسرائیل لە تێكشكاندنی بزووتنەوەی حەماسدا چڕ بووەتەوە. بەڵام دواتر ئیسرائیل بەخۆداچوونەوە دەكات و لەوە دەكۆڵێتەوە كە بۆچی ئەم شكستە گەورە هەواڵگرییەی بەسەرهات و كار دەكات بۆ ڕاستكردنەوە كەموكوڕی و هەڵەكانی خۆی. دواتر ئێمە دەزانین كە ئیسرائیل خاوەنی سیستمی بەرگری «گومەزی ئاسنین»ـە كە زۆرینەی مووشەكانی حەماس – كە بۆ نێو ئیسرائیل هەڵدرابوون- تێكی شكاندن، كەواتە ئەمە خۆی لە خۆیدا بەرپەرچدانەوەیە، هەروەها هێشتا ئیسرائیل خاوەنی بەهێزترین سوپایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس تەكنەلۆژیایەكی پێشكەوتووی تێدا بەكار نەهات، من دڵنیام دوای ئەم دۆخە گۆڕانكاری لە تێڕوانینی هەواڵگری و سەربازیی ئیسرائیلدا دروست دەبێت.

* هەندێ لە چاودێران دەڵێن كە ئەم هێرش و شەڕەی هەڵگیرساوە تەواوی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، ئایا ئێوە لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟

- نەخێر، من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕا نیم، بەڵام پێم وایە دوای نیشتنەوەی تەپوتۆزی ئەم تەنگژەیە، ئەوا چەندین داواكاری دەخرێنە ڕوو بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكاندا، چونكە ماوەیەكی دوور و درێژە ئەم پرۆسەیە فەرامۆش كراوە و نائومێدییەكی زۆریش لە نێو فەلەستینییەكاندا دروست بووە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە خەڵكی غەززە پشتیوانیی حەماسیان دەكرد. هەر چۆنێك بێت پێم وایە دوای هێوربوونەوەی دۆخەكە دەبێت كار بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە هەڵپەسێردراوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە كێشەی فەلەستینە.

* ئەی پێت وایە ئەمریكا بە گوڕوتینێكی زیاترەوە بێتەوە نێو ئەم ناوچەیە بەهۆی ئەم پەرەسەندنانەوە؟

- بەڵێ، چونكە سەرەڕای ئەوەی پێی دەوترا وەرچەرخان بەرەو ئاسیا، ئەوا پێم وایە پێویستە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا- لە دوای كۆتاییهاتنی ئەو دۆخەی لە ئێستادا دروست بووە- كات و كۆششی زیاتر تەرخان بكات بۆ مامەڵەكردن و چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین.

* ئێوە باسی ئەگەری ئاشتیتان كرد، ئایا چۆن وێنای ئەو ئاشتییە دەكەن كە دەبێت هەوڵ بدرێت بەدی بهێنرێت؟

- پێم وایە دەبێت سەرەتا گۆڕانكاری لە نێو حكومەتی ئیسرائیلدا دروست بێت، چونكە چەند ئەندامێكی كابینەكەی نەتانیاهۆ كەسانی توندڕەون، كە نایانەوێت هیچ سازشێك بكرێت بۆ فەلەستینییەكان، ڕەنگە كۆتاییهاتنی ئەم دۆخە كۆتاییهاتنی پێگەی نەتانیاهۆشی بەدوادا بێت، بەتایبەتی كە ئەو خۆی وەك پیاوی پارێزەری ئاسایشی وڵات وێنا كردبوو، كە ئاشكرایە لەم ڕووەوە شكستی هێناوە.

 

 

 

Top