راگەیاندنی كۆتایی شەشەم كۆنگرەی  یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

راگەیاندنی كۆتایی شەشەم كۆنگرەی   یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

 

 

 

 لە رۆژی 11 / 11 / 2023 یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لەژێر دروشمی (یەکڕیزى و یەکدەنگى و پاراستنى دەسکەوتەکانى گەل و ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان)، لە هۆڵی نەورۆز لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە بەشدارى (209) ئەندام بە نوێنەرایەتى رێخکستنەکانى YNDK لە شارو شارۆچکەکانى کوردستان و (92) چاودێر کە کادیرو ئەندامى YNDK بوون شەشەم كۆنگرەی خۆی بەست.

  لە یەکەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی شەهید سەربەست مەحموود و تەواوی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان كردنەوەی كۆنگرە بە مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب و مارشی YNDK رێی سەربەخۆیی دەستی پێکرد، دواتر وتاری كردنەوەی كۆنگرەو وتارى بەخێرهاتنکردنى ئەندامانى کۆنگرەو وتاری لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرە خوێنرانەوە، هەروەها پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانى رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى كوردستان و، بەڕێز مەسرور بارزانى سەرۆكی حکومەتى هەرێمى كوردستان و، پەیامی پیرۆزبایی بەڕێزان سەرۆك و سكرتێرو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان خوێنرانەوە، دواتر کۆنگرە خەڵاتى رێزلێنانى پێشکەش بە چوار کەسایەتیى کوردستان بەڕێزان (زاناى ئاینى مامۆستا مەلا عەزیز خەزنەیى و نووسەرو رۆماننوس عەزیزى مەلاى رەش و سیاسەتمەدار رۆمیۆ هەکارى و ئەدیب و نووسەر ئەحمەد عەبدوڵڵا زەرۆ) کرد.

 لە دووەم دانیشتنى کۆنگرەدا؛ راپۆرتی سیاسی کۆنگرە لەلایەن هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK پێشکەشى کۆنگرە کراو خوێنرایەوە، لە راپۆرتی سیاسیدا بەوردی باس لە بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و بارودۆخی كوردستانی مەزن و كوردانی ئاسیای ناڤین و کوردانى وڵاتانى عەرەبى و باردۆخی عێراق كراوەو ئاماژە بەگۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و كوردستان و عێراق كراوەو لە دیدگای YNDK ەوە شرۆڤەكراون، شایانی باسە لە بەشی باشووری كوردستاندا باس لە پێشڤەچوون و گەشەسەندنەكانی ئەزموونی باشووری كوردستان لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانەوەی ژێرخانى کوردستان كراوە و، YNDK پشتیوانى خۆى بۆ چاکسازییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیاندووە، هەر لەم بەشەی راپۆرتی سیاسیدا بۆ زیاتر پێشڤەبردنی باشووری كوردستان باس لەوە كراوە كەوا چاكسازییەكی ریشەیی ئەنجامبدرێت و شێوازی بەڕێوەبردن سیستماتیك بكرێت و عەدالەتی كۆمەڵایەتی رەچاوبكرێت و گەندەڵی بنبڕ بكرێت و، بایەخ و رۆڵی تەواو بە لاوان و ئافرەتان و كەسانی شارەزا بدرێت، ئەمانەش دەبنە فاكتەری سەرەكی بۆ زیاتر كاراكردن و پێشڤەچوونی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان.

 لە راپۆرتی سیاسیدا ئاماژە بەوەشكراوە كە سەرەڕای ئەو پێشڤەچوونانەی باشووری كوردستان تا ئێستاش كۆمەڵێ‌ هەڕەشە لەسەر باشووری وڵاتدا هەن، كە پێویستە هەموولایەكمان رووبەڕوویان ببینەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی سەر باشووری وڵات YNDK داوا دەكات بەزووترین كات ناوماڵی كورد و ناوەندی سیاسی رێك و یەكبخرێتەوە و، مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانى کوردستان بكرێت، هەروەها باس لەوە کراوە كە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن و کاربکەن بۆ پاراستن و پشتیوانیکردن و بەهێزکردنى قەوارەى باشوورى کوردستان، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا.

 سەبارەت بە ناوچە داگیرکراوەكانی كوردستان لە راپۆرتەكەدا هاتووە: هیچ حكومەتێكی عێراق نە ئێستاو نە لە داهاتووشدا ئامادە نییە ماددەی 140 جێبەجێ بكات و دەستبەرداری ئەو ناوچانەی كوردستان بێت، سەبارەت بە پیلانەكانی ئەم دواییەی حكومەتی عێراق و میلیشیاکانى حەشدى شەعبى دژ بە خەڵكی كوردستان و ئەو ناوچانەو دەستبەسەرداگرتنى زەوى و زارى کوردان، YNDK وایدەبینێت ئەو پیلانانەی عێراق بۆ ئەوەن كەوا ئەو ناوچانە نەگەڕێنەوە سەر كوردستان و وەك رژێمەكانی پێشوو داگیریان بكات، بۆیە YNDK زۆر بەتوندی ئەو پیلانانە ئیدانەو ریسوا دەكات و دژیان دەوەستێتەوە و بانگ لە جەماوەری كوردستان و هەموو لایەك دەكات یەكدەنگ بن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانە گڵاوانەی حكومەتی ئێستای عێراق.

 سەبارەت بە بەشەکانى دیكەی كوردستان لە راپۆرتی سیاسی بە جیا باسى هەر چوار بەشى كراوە و ئاماژە بەكاروخەباتی نەتەوەكەمان لە باكوورو رۆژهەڵات و رۆژئاواو كوردستانی سۆر كراوەو جەختكراوەتەوە سەر هاوكاری و پشتگیرییان.

 لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن جەتكراوەتەوە سەر بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان و، داڕشتنی ستراتیژێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ قۆناخی داهاتووی خەباتی گەلی كوردستان ئەمەش بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەبات دانراوە و، باس لەوەش كراوە كەوا دواخستنیشی زیانێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلى كوردستان دەگەیەنێت.

 لەبارەی عێراقیشەوە لە راپۆرتەكەدا هاتووە، عێراق بەو هەڵسوكەوتانەی ئێستای بەرەو تاكڕەوی و دكتاتۆرییەت هەنگاودەنێت و وەكو رژێمەكانی پێشووی عێراق هەركاتێ‌ بەهێزبێتەوە دژی كورد دەوەستێتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق بەهەمان عەقلییەتی پێشوو بیردەكەنەوە و، هەوڵدەدەن هەمان سیاسەتی رژێمەكانی پێشوو پراكتیك بكەن، ئەم شێوازەی حوكم لە عێراقدا زیان بەهەموو لایەك دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی كارەساتەكانی رابردوو، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان  پێویستە دژی ئەو شێوازەی حوكمی ئێستاى عێراق بوەستینەوە، ئەمانەو چەندان بابەتی دیكە لە راپۆرتی سیاسیدا باسکراون و هەڵوەستەیان لەسەرکراوەو شرۆڤە كراون.

 دوای گفتوگۆ لەسەر راپۆرتی سیاسی لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەوە بەتێكڕای دەنگ راپۆرتەكە پەسەند كرا، پاشان لێژنە تایبەتمەندەكانی كۆنگرە هەڵبژێردران،

 لە سێیەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ كارو خەباتی ماوەی رابردووی YNDK هەڵسەنگێنرا و گفتوگۆى لەسەر کرا، ئاماژە بەوە کرا كە لەماوەی رابردوودا YNDK لەزۆربەی زۆری بوارەكاندا پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو، لەسەر بنەمای ئەمەدا كارنامەیەكی نوێ‌ بۆ كاروخەباتی داهاتووی YNDK دارێژرا.

 هەر لە سێیەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ راپۆرتی لیژنەكانی (بەرنامەو پێڕەوی ناوخۆ و، رەخنەو سكاڵا و، سەرنج وپێشنیارو راسپاردەو بڕیار و، سەرپەرشتی هەڵبژاردن) خوێنرانەوە و گفتوگۆیان لەسەركراو پەسەند كران.

  لە چوارەم دانیشتنی کۆنگرەدا؛ کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سكرتێری گشتی و ئەندامانى كۆمیتەی سەركردایەتیی YNDK ، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتى بەڕێزان (دادوەر سامان خورشید دادوەر لە سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى هەولێر بە نوێنەرایەتى  ئەنجوومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان و مقدم شڤان نەجمەددین عەولا و مافپەروەر خەسرۆ ئەحمەد ساڵح نوێنەرانى وەزارەتى ناوخۆو پارێزگاى هەولێر)، دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ سكرتێری گشتی كرایەوە، دواى ئەوەى هیچ هەڤاڵێك ئامادەی خۆ هەڵبژاردن نەبوو بۆ سکرتێرى گشتى، كۆنگرە بە تێكڕای دەنگ داوایان لە هەڤاڵ غەفوور مەخمووری كردەوە كەوا ئەركی سكرتێری گشتیی YNDK بگرێتەوە ئەستۆ و، بۆ ئەمەش كۆنگرە بە تێكڕای دەنگ هەڤاڵ غەفوور مەخمووری بە سكرتێری گشتیی YNDK هەڵبژاردەوە.

 دوای هەڵبژاردنی سكرتێری گشتیی YNDK ، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ئەندامێتی كۆمیتەی سەركردایەتی كرایەوەو ژمارەیەك هەڤاڵ بۆ كۆمیتەی سەركردایەتی خۆیان پاڵاوت، هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید، قەهار مەخموورى، جەمیل سنجاوی، د. عەبدوڵڵا عەدۆ، ئەحمەد عەبدوڵڵا زەرۆ، پاڵە گەردی، فاخیر نانەکەلى، شاکر هاشم، زیلان سارمەمى، فەخرەددین زیارەتی، زوبێر عومەر، خەلیل پاڵانى) بۆ كۆمیتەی سەركردایەتیی YNDK هەڵبژێردران، هەروەها هەڤاڵان (سەردار خدر و قانع خالید و مەعروف وسو) وەكو ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی سەركردایەتی هەڵبژێردران.

 شایانی باسە كەوا كۆنگرەكە زۆر سەركەوتووانە بەڕێوەچوو و بەكۆمەڵێ‌ بریارو راسپاردەو سڵاونامە كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا، كە ئەمانە راسپاردەو سڵاونامەكانن:

 

                                         راسپاردەكان

 

1- پشتیوانیکردن و پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان بە ئەڕکى نەتەوەیى و نیشتیمانى خۆمان و تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەزانین.

 2- پشتیوانیكردن و كاركردن بۆ بەهێزكردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمى كوردستان و نەهێشتنی هۆكارەكانی لاوازبوونیان بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانى دەزانین.

3- پشتیوانى هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی و كاركردن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و، بەسیستماتیككردنی دەزگاو دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمى كوردستان و یەکگرتنەوەى کردەیى دەزگاو دامەزراوەکان و نەهێشتنى شوێنەوارى دوو ئیدارەیى لە کوردستان.

4- یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان ئەڕکێکى نەتەوەیى و نیشتمانییەو پێویستە پەلەى تێدا بکرێت.

5- جارێکى دیکە جەختدەکەینەوە سەر ئەوەى کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەوڵبدەن بۆ دۆزینەوە بکوژانى شەهید (سەربەست مەحموود ئەندامى مەکتەبى سیاسیى YNDK) و بۆ ئەوەى دادگایى بکرێن و بەسزاى خۆیان بگەن.

6- پەلە بكرێت لە بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بەبەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان.

7- دژی هەر هەوڵێكی حكومەتی عێراق دەوەستینەوە كە بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی خاكی باشووری كوردستان ئەنجامی بدات.

8- بەهەموو شێوەیەك بەرەنگاری دووبارە بەعەرەبكردنەوەی كوردستان دەبینەوە.

9- داوای ئازادكردنی تەواوی زیندانییە سیاسییەكانی نێو زیندانەكانی داگیركەرانی كوردستان دەكەین.

10- پێویستە پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان بۆ دروستكردنی یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی بەرامبەر پیلانی دوژمنان و ناحەزانی كوردستان.

11- پشتیوانیكردنی تێكۆشان و بەرخودانی نەتەوەكەمان لەگشت بەشەكانی كوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە.

12- شەڕی براكوژی لەكوردستان تەحریم و تەجریم دەكەین جا لەهەر بەشێكی كوردستاندا بێت.

13- هاوكاریكردنی ئاوارەكانی رۆژئاواو باكوورو رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە باشووری كوردستاندا دەژین ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە.

14- هاوكاریكردنی بزاڤی كلتوری كوردانی كوردستانی سۆرو ئاسیای ناڤین و كوردانى وڵاتانى عەرەبى و کورد لەهەركوێیەك بێت بە ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانین.

15- دامەزراندنی (ئەنجوومەنی سیاسیی کوردستان) بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكان بە فاكتەرێكی گرنگی رێكخستنەوەی ناوەندی سیاسیی كوردستان دەزانین.

16- بەرفراوانکردنى ئازادى رۆژنامەگەرى بە ئەڕکێکى هەنووکەیى و نیشتمانى دەزانین.

17- دژى سیاسەتى برسیکردنى خەڵکى کوردستان دەوەستینەوە کە لەلایەن حکومەتى عێراق پیادەدەکرێت.

18- ئیدانەى ژنکوژى دەکەین لەژێر هەر ناوو ناونیشانێکدا بێت.

19- بۆ پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان، پێویستە بەزووترین کات هێزى پێشمەرگەى لەسەر سنوورەكانی نێوان باشووری كوردستان و عێراق جێگیر بکرێن.

20- دەستهەڵگرتن لەهەر بستە خاكێکی كوردستان بەخیانەتێكی نەتەوەیی دادەنێین.

21- پێویستە دامەزراندن لە دەزگاو دامەزراوەکانى حکومەت لەسەر بنەماى لێهاتوویى و شارەزایى بێت نەک (تەزکیەى حزبى).

 

سڵاونامە

 

- سڵاوو رێز دەنێرین بۆ بنەماڵەو كەسوكاری تەواوى شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا.

- سڵاوو رێز دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدی سەركردەمان شەهید سەربەست مەحموود.

- سڵاو دەنێرین بۆ گیانى پاکى شەهید (دەنیز جەودەت ئەندامى KNK )، کە ئەمساڵ لە هەولێر تیرۆرکرا.

- سڵاو لە راپەڕین و بەرخودانی نەتەوەییمان لە رۆژئاوا و باكوورو رۆژهەڵاتی كوردستان.

- سڵاو لە نووسەران و بیرمەندانی نەتەوەییمان.

- سڵاوو رێز بۆ گشت ئەو رۆشنبیرو زاناو پسپۆڕو كەسایەتییە بیانییانە دەنێرین كە پشتیوانی لە دۆزی رەوای نەتەوەییمان دەكەن.

- سڵاو دەنێرین بۆ گیانى پاکى هەڤاڵ (قادر سادق سەید کارگێڕى هەرێمى سۆران).

 بەم شێوەیە شەشەم كۆنگرەی  YNDKلە كەشێكی پڕ لە ئازادی و دیموكراسیدا سەركەوتووانە بە مارشی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) كۆتایی بە كارەكانی خۆی هێنا، دەتوانین بڵێین شەشەم كۆنگرەى YNDK خاڵی وەرچەرخان بوو لە دیرۆكی كارو خەباتی YNDK دا.

- نەمری و سەربەرزی بۆ شەهید سەربەست مەحموود و تەواوی شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان.

- مردن و رووڕەشی بۆ داگیركەرانی كوردستان.

- بێتەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازادو یەكگرتوو و دیموكرات.

- بژى کورد ... بژى کوردستان.

 

 

شەشەم كۆنگرەی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

11 / 11 / 2023  هەولێر - كوردستان

 

 

 

راگەیاندنی كۆتایی شەشەم كۆنگرەی   یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
راگەیاندنی كۆتایی شەشەم كۆنگرەی   یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
راگەیاندنی كۆتایی شەشەم كۆنگرەی   یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
Top