ئەژین ساڵح:   ئامانجم لە كاركردنی دەرەوەی ماڵ، ئەوەیە كە پاڵپشتییەكی دارایی بۆ خۆم دروست بكەم

ئەژین ساڵح:     ئامانجم لە كاركردنی دەرەوەی ماڵ، ئەوەیە كە پاڵپشتییەكی دارایی بۆ خۆم دروست بكەم

 

 

ئەژین ساڵح خانمە گەنجێكی دەستڕەنگینی قەزای ڕانیەیە، دوای تەواوكردنی قۆناغی زانكۆ و سوودمەندنەبوونی لە دەرفەتی دامەزراندن لە كەرتی حكوومی، لە یەك كاتدا هەم لە كارگەیەك كار دەكات، هەمیش كار لەسەر بەهرەی دەستڕەنگینیی خۆی دەكات، وەك خۆی باسی دەكات بۆ دەستخستنی سەرمایەیەك بۆ پڕۆژەكەی، ڕۆژانە نۆ كاتژمێر وەكو كرێكار كار دەكات. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی هەنگاوەكانی بۆ گەیشتن بە پڕۆژەكەی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئەژین ساڵح، خانمە گەنجێكی دەستڕەنگینی قەزای ڕانیەیە و تەمەنی ٢٤ ساڵە و دەرچووی زانكۆ كۆلێژی پەروەردەی فیزیایە. پاش سوودمەندنەبوونی لە دەرفەتی دامەزراندن لە كەرتی حكوومی، هەوڵی داوە، خۆی ببێت بە خاون كار و بەمجۆرە باسی ئامانجەكانی دەكات: «داوای ئەوەی خوێندنم تەواو كرد، وەك هەر خوێندكارێكی دانەمەزراو هەوڵم دا، دەست بە كارێك بكەم، سەرەڕای بوونم بە خاوەن بڕوانامە و دانەمەزراندنم، بیرم لەوە كردەوە، كارێكك بكەم، جیاواز بێت، ئەوە بوو، بە كاری تابلۆی گوڵی سرووشتی دەستم پێكرد. ستایلێكم هەڵبژارد بۆ كارەكە كە تەواو جیاوازە لە هەموو عێراق. بیرم لەوە كردەوە، جوانترین دیاری لای ئافرەت گوڵە و لە زۆربەی بۆنە تایبەتەكان گوڵ بەكاردێنین، ویستم بزانین چۆن پارێزگاری لە گوڵەكانمان بكەین، بەو ڕەنگە سرووشتییەی كە هەیەتی و بە جوانی بمێنێتەوە. ئێستا هەوڵ دەدەم مۆڕكێك بە كارەكەی خۆم بدەم و وەك بڕاندێكی جوانی كوردی بە ناوی «خانمی گوڵ» بناسرێت. جگە لەو بەهرەیەی كە هەمە و لە كارگەیەك كار دەكەم، كە نزیكەی ١٠ كاتژمێر لە ماڵ دوور دەكەومەوە و كاتی كەمم بۆ دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی كار لەسەر تابلۆكان بكەم، بەڵام چونكە بۆ پڕۆژەكەم پێویستم بە پاڵپشتییەكی داراییە، ئەویش دەبێت خۆم بۆ خۆمی دەستەبەر بكەم، بۆیە دەبێت كاری سەخت بكەم».

سەبارەت بە بیرۆكەی ئەو پڕۆژەیەشی گوتی: «لە ڕاستیدا بیرۆكەی ئەو پڕۆژەیەم بۆ ساڵی پار دەگەڕێتەوە، بەڵام ماوەی چەند مانگێكە، بە كردەیی دەستم بە كاری دروستكردنی تابلۆی گوڵی سرووشتی كردووە و، لە ئێستادا بە شێوەی ئۆنڵاین تابلۆكانم بە بازاڕ دەكەم، سوپاس بۆ خوا كارەكانم جێگەی سەرنجی خەڵك و كڕیارەكانم بووە،جگە لە كاری دروستكردنی تابلۆی گوڵی سرووشتی، كاری دەرەوەش دەكەم، ئامانجم لە كاركردنی دەرەوەی ماڵ، ئەوەیە كە پاڵپشتییەكی دارایی بۆ خۆم دروست بكەم، چونكە زۆربەی ئەو كەرەستانەی بۆ دروستكردنی تابلۆی گوڵی سرووشتی بەكاری دێنم، لێرە دەست ناكەون».

 ئەژین ساڵح سەبارەت بە كاركردنی ئافرەتان و پەیامی خۆی بۆ خانمان دەڵێت: «خانمان و ئافرەتانی كورد بەتایبەتی، خاوەن هێزێكن كە هەر كارێك بیانەوێت، دەتوانن ئەنجامی بدەن، لە ئێستادا خانمان بە كردار ئەوەیان سەلماندووە و هاتوونەتە مەیدانی كار، بۆ ئەوەی ببنە خاوەن داهات و ئابووریی سەربەخۆ و ژیانی خۆیان و خێزانیان باشتر بكەن».

وەك دواوتەشی گوتی: «دڵخۆشم كە خاوەن خێزانێكم بۆ خەون و ئامانجەكانم پاڵپشتیم دەكەن».

ئەژین ساڵح:     ئامانجم لە كاركردنی دەرەوەی ماڵ، ئەوەیە كە پاڵپشتییەكی دارایی بۆ خۆم دروست بكەم
ئەژین ساڵح:     ئامانجم لە كاركردنی دەرەوەی ماڵ، ئەوەیە كە پاڵپشتییەكی دارایی بۆ خۆم دروست بكەم
Top