پەروەردە و موزیك و گەشەی سەردەم

پەروەردە و موزیك و گەشەی سەردەم

فەرهەنگ غەفوور

لە ناو سێكتەری پەروەردەدا هونەرەكان بەگشتی و لە ناویشیاندا موزیك، شوێن و پێگەی خۆی هەبووە و ئێستاش زیاتر. لە پێشدا بە شێوازێك هونەر لە ناو پرۆسەی خوێندن و پرۆگرامەكانی قۆناغەكانی خوێندندا دەگوترایەوە، كە لەگەڵ ئەو ڕۆژگار و پێداویستییانەدا دەهاتەوە، كە بەردەست بوون، جا چ لە جۆری ئامێرەكانەوە بگرە تا ئامرازەكانی وانەگوتنەوە و شێوازی ڕاهێنان و گوتنەوەی وانە و پرۆگرامەكان، كە دەكرێت بڵێین شێوازی سادە بوون و هەر لە چوارچێوەی ئەو ئامێر و ئامرازانەدا دەخولایەوە كە ناسراو و بەردەست بوون، تەنانەت ڕۆشنبیریی هونەرییش لە بواری موزیك و هونەرەكانی دیكەیش هەر بەپێی ئەو هەلومەرج و ئامراز و شێوازانە بوو، كە هەبوون و پیادە دەكران.

وەبیرم دێ كاتێ ئێمە قوتابیی هونەرە جوانەكان بووین لە سلێمانی، مامۆستاكانمان تەنیا تەباشیر و كتێبی پرۆگرامی خوێندن یان كوراسەیەكی نۆتەیان پێ بوو، لە پۆلدا هەر ڕەحلە و تەختەڕەش هەبوو، بۆ پرۆڤەش، ئامرازە بەردەستەكان چەند ئامێرێكی سادەی عوود و كەمان و چەلۆ و چەند ئامێرێكی دیكەی ئاكۆستیك بوون، شێوازی وانەدانەوە و دەوردانەوە و تاقیكردنەوەكانیش هەروا كلاسیك و سادە بوون، بەڵام خولیا و حەزی قوتابییان بۆ فێربوون و مكووڕی و هەست بە بەرپرسیاریكردنی مامۆستا لە پێگەیاندنی قوتابییان زۆر بەرز بوو، سەرەنجام، كادیری هونەریی زۆر بەئاگا و چوست و بیركراوە ئامادە دەكران و بەرهەم و داهێنانەكانی ئەو سەردەم لەناو تیپە هونەرییەكاندا، باشترین بەڵگەی ئەو ڕاستییەن، تەنانەت زۆرترین ئەو ناوانەی لە دونیای هونەری كوردیدا ناسراون و تا ئێستاش هەر ناوی ئەوان دێت، سەر بە ڕۆڵەی ئەوكاتن و بەرهەمەكانیشیان چ وەك تاك و چ بە گرووپ، لە بەرهەمە نەمر و دڵخوازەكانن.

ئێستا كە سەردەم سەردەمی تەكنەلۆجیا و جیهانگیرییە، ژیان لە هەموو ڕوویەكەوە گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا هاتووە، هەر سێكتەر و لایەنێكی ژیان دەگریت، لەژێر كاریگەریی ئەو تەكنەلۆژیا و پێشوەچوونانەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هێشتاش زۆر بەخێرایی گۆڕانكارییەكان بەڕێوەن و ڕەنگە بۆ لەمەودوا ستایلی ژیان بە تەواوی بگۆڕێت و جۆر و شێوازێكی دیكە بێت، كە زۆر جیاواز بێت لە ژیانی چەند دەیەیەك لەمەوبەر، بەتایبەت كە ئێستا باسی زیرەكیی دەستكرد بووەتە باسی ڕۆژ و لەگەڵ خۆیدا گۆڕانكاریی گەورە بەدی دەهێنێت.

 لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، كە هونەرەكان بەگشتی بەشێكی گرنگی لایەنی پەروەردەیی و پێگەیاندن و وشیاركردنەوە و داهێنانن، ئامراز و ڕێگە و ڕاهێنانەكانیش زۆر بوونە و گۆڕانێكی ڕیشەیی لە پرۆگرامی تایبەت بە هونەر و، لە ناویاندا موزیك درووست بووە. بەجۆرێك، وای كردووە كە خوێندن و ڕاهێنانەكان لەسەر كتێب و پرۆڤەوە بگوازرێنەوە بۆ سەر شاشەكان و ناو كۆمپیوتەر و بەرنامە و پرۆگرامە ئەلیكترۆنییەكان. ئێستا لە ڕاهێنان و فێركردنی موزیكدا، وێڕای ئامێر و نۆتەكان، سلاید و شاشە و كۆمپیوتەر و لاپتۆپ و وێبسایتەكان بەكار دەهێنرێن، ناوە ناوە كۆنفرانس و وۆركشۆپیان بۆ ڕێك دەخرێت و ساڵانە شتی نوێ و زیادە دەخرێتە سەر پرۆگرامەكان و ئامرازی پێشكەوتووی نوێ لە گوتنەوەی وانەكان و ڕاهێنانەكاندا بەكار دەهێنرێن، ئاستی فێركاری لای مامۆستا و ڕاهێنەران لە ڕێی كۆرسی نوێی زانستییەوە بەرز دەكرێتەوە و نوێترین زانیاری و داهێنان و شێواز و ڕاهێنان بە فێرخواز و بەهرەمەندان دەگوترێتەوە.

ئەبدێتكردنەوەی زانیارییەكان و شتی نوێی سەردەم لە ناو پرۆگرامەكانی موزیك و هونەرەكانی دیكەیشدا، تەكانی زیاتر ئەداتە پرۆسەی ڕاهێنان و فێركردنی قوتابییان و فێرخوازانی بوارەكە، لە هەمان كاتدا ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسۆی بیركردنەوە و بەهرەی بەهرەمەنداندا دەبێت و لە سایەی ئەو گۆڕانكاری و قۆناغە نوێیەوە هەنگاوی باشتر دەنێن و دەتوانن لە ڕێیەوە خۆیان لەگەڵ ڕەوتەكە بگونجێنن و، سوود لە ئەزموون و زانستی نوێی خەڵكی دیكە لە بوارەكە ببینن و خۆیشیان بەشدارییان لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەكەدا هەبێ، واتا پرۆسەكە تەواوكاری و هەماهەنگییە بە ئاراستەی بەرەوپێشچوون، بەڵام بە مەرجی ئەوەی، هونەرەكە لە هەستی مرۆڤ و ڕەسەنایەتی دوور نەخرێتەوە و نەبێت بە قوربانیی شێواز و ئامراز و بازرگانیكردن بە هونەرەوە، بەداخەوە ئێستا كەمتر ئەو هەست و سۆزە هونەرییە هەڵقوڵاو لە ناخی بەشێك لەو هونەرمەندانەدا دەبینین، زۆر لەو بەرهەمانەی ئەم سەردەمە، كە تێچووشیان زۆرە و بە ئاسانییش دەگەنە بەر دەست و گوێی بیسەر و هەواداران، كەچی لە ماوەیەكی زۆر كورتتدا لەبیر دەچنەوە و وەك نەبووبن وان. ئەمە ئەگەرچی بەسەر هەموو بەرهەم و هونەرمەنداندا ناسەپێت، بەڵام حاڵی زۆر لە بەرهەمەكان ئەو دۆخە شڕەیە.

بۆ ئەم سەردەمەی گەشەی خێرای تەكنەلۆجیا و ئامرازەكان، دەكرێ هاوتەریب لەگەڵیاندا لایەنی ڕۆحی و هەستی مرۆیی و ڕەسەنایەتییش هەڵبكشێ و فەرامۆش نەكرێن، چونكە ئامێر و ئامرازەكان پێداویستیی وشك و بێ ڕۆحن، ئەوەی ڕۆح و نەمری بە هونەرەكان ئەدات، ئەو هەستە زیندوو و قووڵەی مرۆڤەكانە كە پشت بە ڕەسەنایەتی و گەنجینەی كەلەپوور و فۆلكلۆر دەبەستن و گوزارشت لە خواست و ئێش و ژانی مرۆڤەكان و نەتەوەكانیان دەكەن.

Top