غەفوور مەخموورى لە کردنەوەى شەشەم کۆنگرەى YNDK دا: پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە

غەفوور مەخموورى لە کردنەوەى شەشەم کۆنگرەى YNDK دا:  پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە

 

 

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە دانیشتنى کردنەوەى شەشەم کۆنگرەى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، کە رۆژی شەممە، رێکەوتى 11 / 11 / 2023 ، لەژێر دروشمی (یەکڕیزى و یەکدەنگى و پاراستنى دەسکەوتەکانى گەل و ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان)، لە هۆڵی نەورۆز لە هەولێری پایتەختی كوردستان بە بەشدارى (209) ئەندام بە نوێنەرایەتى رێخکستنەکانى YNDK لە شارو شارۆچکەکانى کوردستان و (92) چاودێر کە کادیرو ئەندامى YNDK بوون بەڕێوەچوو، لە وتارى بەخێرهاتنکردنى  میوانان و ئەندامان و چاودێرانى کۆنگرەدا ، سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان و ناوچەکە قسەى کردو جەختیکردەوە سەر یەکڕی لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و ئەرکداریکردن بە پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و، وتى: (پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە.).

 مەخموورى لە وتارەکەیدا بۆ بەهێزکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لە ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتیگیر کردەوەو پشتیوانى خۆیانى بۆ هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەم بوارەدا دەربڕى، هەروەها داویکرد کەوا پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکاندا یەکبگرێتەوە و، وتى: (ئێمە وەک YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانین و، پشتیوانى لە هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ سیستماتیکردن و بە دامەزراوەییکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و، داواکارین حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتێکى یەکگرتوو بۆ هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکاندا یەکبگرێتەوەو یەکبخرێتەوە.). ئەمەش دەقى وتارەکەیە:

 

 

وتارى بەخێرهاتنکردنى میوانان و ئەندامانى شەشەم کۆنگرەى YNDK  کە لەلایەن هەڤاڵ غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK خوێنرایەوە

 

 

 میوانانى بەڕێزو خۆشەویست

 هەڤاڵانی وڵاتپارێز ... ئەندامانی شەشەم كۆنگرەی یەكێتیمان YNDK ...

  خوشكانی ئازیز ... برایانی بەڕێز ...

  بەگەرمی بەخێرهاتنی هەموو لایەكتان دەكەین و، هیوای سەركەوتن بۆ شەشەم كۆنگرەی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK و،  ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەخوازین.

 شەشەم كۆنگرەمان لەژێر دروشمی (یەکڕیزى و یەکدەنگى و پاراستنى دەسکەوتەکانى گەل و ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان) دەبەستین، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسى و پێکهاتەکانى گەلى کوردستان فاکتەرى سەرەکى چەسپاندن و پاراستن و پێشڤەبردنى دەسکەوتەکانى گەلى کوردستانە، کە بریتین لە سەرۆکایەتى و پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان و دەزگاو دامەزراوەکانیان، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکى گرنگ بۆ بەدیهێنانى ئازادى و سەربەخۆیى کوردستان.

 

  بەڕێزان : ئێمە لە کاتێکدا شەشەم کۆنگرەمان دەبەستین کەوا جیهان و ناوچەکە و کوردستان بە رەوشێکى ئاڵۆزو ناسک و هەستیاردا تێدەپەڕن، لەلایەک شەڕى روسیا و ئۆکرانیا و لەلایەکى دیکە شەڕى ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس و هەروەها هەروەها پیلان و هەڕەشەو هێرشى داگیرکەرانى کوردستان دژ بە گەلى کوردستان، ئەمانە هەر هەموویان کاریگەرییان بۆ سەر کوردستان هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ داڕشتنى کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى بۆ چۆنییەتى مامەڵەکردن و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەى کە دێنەپێشەوەو کاریگەرییان بۆ سەر پرسى کوردستان هەیە.

 بەڕێزان ... لەناو ئەو ئاڵوگۆڕییانەدا باشوورى کوردستان لە رەوشێکى سیاسى زۆر ناسک و هەستیاردایە، ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاوو لێکترازاوە، لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە ناکۆکى و ململانێى بەردەوامدان، ئەم رەوشە نیگەرانییەکى زۆرى دروستکردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ ئەوەى کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا هاودەنگ و هاوهەڵوێست بن، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە هەڕەشە لە کوردستان دەکەن.

 ئەوەتا تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەگى پۆزەتیف لە سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ کوردستان رووینەداوە و، دژایەتیکردنى خواستەکانى گەلى کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامە، ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتدارانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، لە رەوشێکى وادا پێویستە هێزە سیاسییەکانى کوردستان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەن و کاربکەن بۆ ئەوەى وەک یەک تیم مامەڵە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکەن، نەک وەک ئەم حیزب و ئەو حیزب، یەکگرتووییمان پێگەى کوردستان بەهێز دەکات و نزیکمان دەکاتەوە لە وەدەستهێنانى خواستەکانمان.

 بەڕێزان ... عێراق تا ئێستا ئامادە نییە ماددەى 140 جێبەجێ بکات و دەستبەردارى ناوچە داگیرکراوەکانى باشوورى کوردستان بێت و شایستە داراییەکانى کوردستان بدات، لە هەمان کاتدا عێراق بەردەوامە لەسەر جێبەجێکردنى سیاسەتى (برسیکردنى خەڵکى کوردستان)، عێراق بەم هەڵسوکەوتانەى دەیەوێت رێ لە پێشکەوتنەکانى باشوورى کوردستان بگرێت و قەوارەى هەرێمى کوردستان لاواز بکات، جێگەى داخە کەوا هەندێ لایەن لە کوردستان هاوکارى عێراقن لە جێبەجێکردنى ئەم پیلانە دژ بە خەڵکى کوردستان، بێگومان ئەڕکى هەموو لایەکمانە دژى ئەو پیلان و هەوڵانەى عێراق و هاوکارانیان بوەستینەوەو پارێزگارى لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بکەین کە خۆى لە قەوارەى سیاسى و دەستوورى هەرێمى کوردستان دادەبینێتەوە، پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەو پێناوەدا کاربکەین.

 خوشکان ... برایان ...

 سەرەڕاى ئەم هەڕەشانەى عێراق، لە لایەکى دیکەوە رژێمى داگیرکەرى تورکیا بەردەوام ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکات و خەڵکى سڤیل ئاوارەو شەهید دەکات، هەروەها ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانى بەرامبەر باشوورى کوردستان، ئێمە تەواوى دەستدرێژییەکانى داگیرکەران بۆ سەر کوردستان بە توندى ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین لەم رووەوە تەنیا سەیرکەر نەبن و هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەمێنن، ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلەکەمان، ئەم پیلانانە دەمێکە کاریان لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنیان دەدرێت، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکن بۆ رووبەڕووبوونەوەو هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵکردنەوەى ئەم پیلانانە و هەوڵە نەزۆکەکانى دوژمنان و ناحەزانمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى و پاراستنى دەسکەوتەکانى گەلى کوردستان بکەین.

 ئێمە وەک YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانین و، پشتیوانى لە هەنگاوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ سیستماتیکردن و بە دامەزراوەییکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و، داواکارین حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتێکى یەکگرتوو بۆ هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکاندا یەکبگرێتەوەو یەکبخرێتەوە، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ‌ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاترو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسى و ئابوورى و حزب حزبێنه‌ و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستان ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و موچەخۆران بداته‌وه‌ و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، لەهەمان کاتدا پێویستە کار بکات بۆ ئەوەى لەساڵى داهاتوودا (2024) لەو کاتەى کە دیاریکراوە هەڵبژاردنێکى پاک و دوور لە ساختەکارى لە کوردستان ئەنجامبدرێت، هه‌وره‌ها پێویستە حکومەتى کوردستان لە دانوستانەکانى لەگەڵ عێراق كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ به‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه‌ بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق، لە قۆناخى ئێستاشدا پێویستە داوا لە حکومەتى عێراق بکات کەوا زیاتر خزمەتى ناوچە دابڕێنراوەکان (داگیرکراوەکان)ى کوردستان بکات و خزمەتگوزارى تەواویان پێبگەیەنێت و ئارامى و ئاسایشى ئەو ناوچانە بپارێزێت.

 بەڕێزان: لێرەدا نامانەوێت زیاتر لەسەر رەوشى سیاسى کوردستان و ناوچەکەو جیهان بوەستین، لەبەرئەوەى لە راپۆرتى سیاسیى شەشەم کۆنگرەى YNDK بەدرێژى لەسەر ئەو بابەتانەو زۆر بابەتى دیکە و کێشەکان وەستاوین و شرۆڤەمان کردووەو چارەسەریشمان خستۆتەڕوو کە دواتر بۆ راى گشتیى بڵاوى دەکەینەوەو هەموو لایەک دەیبینن.

  هەموو لایەک بەخێربێن سەرچاوان ... بە ئامادەبوونتان سەربڵندین.

 - بێتەدى کوردستانێکى سەربەخۆو ئازادو یەکگرتوو دیموکرات.

 - سڵاوو لە بەرخودان و خۆڕاگرى گەلى کوردستان لە باشوورو باکوورو رۆژهەڵات و رۆژئاواى کوردستان.

 - نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهید سەربەست مەحموود و تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان و، سڵاوو لە کەس و کارو خانەوادە سەربەرزەکانیان.

- بژى کورد ... بژى کوردستان.

 

غەفوور مەخموورى لە کردنەوەى شەشەم کۆنگرەى YNDK دا:  پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە
غەفوور مەخموورى لە کردنەوەى شەشەم کۆنگرەى YNDK دا:  پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە
غەفوور مەخموورى لە کردنەوەى شەشەم کۆنگرەى YNDK دا:  پاراستن و پێشخستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانى و ئەخلاقى تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە
Top