(( چاتام هاوس ))   كۆنگرەی دەستپێشخەریی عێراق 2023

(( چاتام هاوس ))     كۆنگرەی دەستپێشخەریی  عێراق 2023

 

 

رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2023 لە ئامۆژگای بەناوبانگی بەریتانی كۆنگرەیەكی تایبەت بە ناوی «كۆنگرەی دەستپێشخەریی عێراق 2023» ساز درا، ئەم كۆنگرەیە بۆ هەڵسەنگاندنی حوكمڕانیی عێراقە لە ماوەی ساڵیك لە دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی و، لەم كۆنگرەیەدا ئاماژە بەوە كرا، لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا هەست دەكرێت پرۆسەی بونیادنی دەوڵەت لە عێراقدا بەرەو باشتربوون هەنگاو هەڵدەگرێت، نرخی نەوت بەرز بووەتەوە بە شێوەیەكی ڕووكەش هەست بە سەقامگیریی ئاسایش دەكرێت و، دەبینرێت ئەم حكومەتە تازەیە هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەن كە پلانی پەرەپێدان و گەشەپێدان و ژێرخانەكانی وڵات بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی باشتر بكات و بەڵێنی ڕیفۆرمێكی سەرتاسەری داوە كە عێراق ئەمڕۆ زۆر زۆر پێویستی پێیەتی، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو هەموو حكومەتەكانی پێشتریش هەمان بەڵێنیان داوە، بەڵام هەوڵەكانیان شكستیان هێنا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەرەوپێشچوونی بەردەوام و بناغەیەكی پتەو دەوەستێتە سەر ئەوەی تا چەند دەتوانن لێپرسینەوە بكەن، ئەم واقیعە كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ دەورووژێنێت، وەك: ئایا حكومەتەكەی سوودانی دەتوانێت چارەسەری ئەو تەحەددییانە بە سەركەوتوویی بكات و ڕیفۆرمی پێویست لە ئابووری و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و سێكتەری ئاسایش بكات؟ ئەو هەنگاوانە چین كە دەبنە گەرەنتی بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەكانی ڕیفۆرم سەقامگیر بێت و هەڵكشان و داكشانەكانی كەم ببێتەوە و عێراق بەرەو دەوڵەتێكی پتەو ببات و ئەو كێشانەی هەیەتی تێیان پەرێنێت؟ كاریگەریی ئەم كێشە و بەریەك كەوتنانەی ئیسرائیل و فەلەستین چۆن لەسەر دینامیكیەتی ناوخۆ لە عێراق كاریگەری دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنەكانی سیاسەتی دەرەوە؟

كۆنگرە بۆ گفتوگۆی ئەم پرسانە چوار پەنێڵی تەرخان كردبوو، كە بریتی بوون لە:

1- سیاسەتی عێراق دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بە سەر حكومەتەكەی سوودانی

ئەم بەڕێزانە بەشدارییان تێدا كرد:

- ڕێبەر ئەحمەد خالید، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتاری دەستپێكردنی كۆنگرەكەی خوێندەوە و بەشداریی ئەم پەنێڵەی كرد.

- عەباس ڕازی عامری ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

- لەهیب هیجل شرۆڤەكاری پێشكەوتوو و تایبەتمەند لەسەر عێراق لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان.

- ڕێناد مەنسور توێژەری پێشكەوتوو و بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق و بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاتام هاوس.

2- لاوان و ئایندەی ئابووری و كۆمەڵگە لە عێراقدا

ئەم بەڕێزانە بەشدارییان تێدا كرد:

- حەیدەر شاكری توێژەر لە بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاتام هاوس

- هەنا ئەدوار چالاكی مەدەنی و دامەزرێنەری كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی و تۆڕی ژنانی عێراق.

- فارس حەڕام نووسەر و شاعیری عێراقی.

- یاسر مەكی دامەزرێنەری هاوبەش و بەڕێوەبەری ڕێكخراوی «موجة غیر الحكومیة».

3- بەرپەرچدانەوەی حاڵەتی لەناكاوی كەش و هەوا لە عێراقدا

ئەم بەڕێزانە بەشدارییان تێداكرد:

- شوكری حەسەن پسپۆڕی ژینگە لە بەشی جوگرافیای زانكۆی بەسرە.

- گلاد ئالان توێژەری پێشكەوتوو لە بەرنامەی ژینگە و كۆمەڵگەی چاتام هاوس.

- گریگ شابلاند توێژەری میوان لە سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆلێژی لەندەن بۆ ئابووری.

- فەرید یاسین نێردەی كۆماری عێراق بۆ كاروباری كەش و هەوا و ڕاوێژكار بۆ كاروباری گۆڕانگاریی بەردەوامی كەش و هەوا و پەرەپێدانی بەردەوام.

4- سیاسەتی دەرەوەی عێراق و پێگە هەرێمییەكەی

ئەم بەڕێزانە بەشدارییان تێدا كرد:

- فەرهاد عەلائەددین ڕاوێژكاری كاروباری دەرەوە لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

- ئیڤان باركس جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی عێراق و یەمەن لە وەزارەتی دەرەوە و كۆمۆنوێلس و پەرەپێدانی بەریتانی.

- عەدنان تەباتەبایی دامەزرینەری هاوبەش و سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی CAPRO-Boon.

- ڤیكتۆریا تایلۆر جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق و ئێران لە نووسینگەی كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك.

گرێدانی ئەم كۆنگرەیە بۆ هەڵسەنگاندنی كاروبارەكانی حكومەتی تازەی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، هەنگاوێكی گرنگە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوە و دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵیی ڕاستەقینە، كە لە وتاری كردنەوەی ئەم كۆنگرەیەدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە گرنگییەوە جەختی لەسەر كردەوە.

Top