ژن دەسپێکی ژیانە.. نەک وێسگەی توندوتیژی

ژن دەسپێکی ژیانە.. نەک وێسگەی توندوتیژی

گەرچی هەندێ یاسای باش دەرچوون و رێوشێنی باش گیراونەتە بەر و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، رژدە لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ئاستێكی باشیش لە هۆشیاری پێوەند بە مافی ئافرەت و منداڵ بەدی دەكرێت، بەڵام هەندێ ئاماری تاوانەكانی توندوتیژی، پێمان دەڵێن كە تا ئێستاش لە كۆمەڵگەی كوردستانیدا، بەشێك لە ئافرەتان كۆتوبەند كراون و لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف دەكوژرێن یان خۆیان دەكوژن لەژێر زەبری فشاری دەروونی و كۆمەڵایەتییدا، ئەوە جیا لەوەی توندوتیژییش دژی كەسایەتیی ژنان لە سۆشیال میدیاوە بەردەوامە.

هۆكارەكانی پشت مانەوە یان بەردەوامیی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە كۆمەڵگەكانی هاوشێوەی كۆمەڵگەی ئێمەدا، هەندێكی پەیوەستن بە دابونەریت و هەندێكیان پەیوەستن ئاستی هۆشیاری و بیركردنەوەی پیاوان و ژنانی كۆمەڵگە، هەندێكیشی پەیوەستە بە یاسا و شەرع و زۆر بواری تریش. بەگشتی دیدی كۆمەڵگەی كوردی بۆ ژن و پیاو یەكسان و هاوتا نیە، بەڵكوو هەمیشە پیاو پلە یەكە و ژن دوای ئەو دێت، واتە كەمن ئەو تاكانەی كۆمەڵگەی كوردستانی كە ژن و پیاو وەك یەك دەبینن و وەك یەك لە ئەرك و مافەكانی هەریەكێكیان دەڕوانن، ئەمەش سەرچاوە و كرۆكی كێشەكەیە.

واتە تۆ هەر كە بە چاوێكی كەمتر لە پیاو یان بە مرۆڤێكی پلە دوو سەیری ئافرەتت كرد، ئیتر بتەوێ یان نا، تۆ سووك سەرنجی ژن دەدەیت و بخوازیت یان نا، بەشێك لە مافەكانی پێشیل دەكەیت و لە پێگەی ئافرەت كەم دەكەیتەوە. لە روانگەی كۆمەڵناسییەوە ئەركەكە زۆر لەوە قورسترە كە پێشبینیی دەكەین، چونكە هێشتا لە زۆر كایەدا پیاو لەجیاتی ژن بڕیار دەدات، تا ئێستا لە هەندێ ناوچەی كوردستان ژن بە ژن و گەورە بە بچووك و ژن كردنە قوربانیی خوێن برەوی هەیە، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوەیە هەموومان بەتایبەتی پیاوان، سەرەتا وەك مرۆڤ رووی مرۆڤبوونی ئافرەت بایەخ پێبدەین.

بۆ كاڵبوونەوەی ئەم دید و روانینە خراپە بەرامبەر بە ئافرەت، دەبێ قۆناغی هۆشیاركردنەوە و پرۆسەكەی لەنێو پیاوان و ژنان ئەركی سەرەكی بێت، بەداخەوە دەڵێم، لە هەندێ شوێن و لەنێو هەندێ خێزاندا خودی ژنان خۆیشیان هۆكارێكن بۆ درێژەدان و مانەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەنێو كۆمەڵگەدا، چونكە ئاستی رۆشنبیریی بەشێك لە ئافرەتان نەگەیشتووەتە ئەو رادەیەی بتوانن مافەكانیان پیادە بكەن و پیاوان بگەیەننە ئەو باوەڕەی كە گۆڕانكارییەك لە بیركردنەوە و هەڵسوكەوتیان ئەنجام بدەن. دەبێ ژنانی كوردستان لە خەباتی نەپساوە بەردەوام و پێداگر بن، دەبێ خۆیان لە مەیدانی رۆشنبیری و وریابوونەوە ببیننەوە، لەو رێگەیەشەوە بۆ كۆمەڵگەی بسەلمێنن كە ئەوانیش وەك ئەوان مرۆڤن و هیچ جیاوازییەكیان لە مرۆڤبووندا نییە، جگە لە هەندێ جیاوازیی جەستەیی. دەبێ ئیدی ژنان هاوار بكەن: سەیری جەستەمان مەكەن، سەرنج لە تواناكانمان بدەن، لە ئاستی بیركردنەوە و رۆشنبیریمان بڕوانن، سەیری رۆڵمان بكەن لە پێشكەوتنی كۆمەڵگەدا، بیر بكەنەوە بزانن چیمان پێدەكرێ بۆ كۆمەڵگە و بۆ مرۆڤایەتی.

Top