چۆنیەتی خۆشەویست كردنی قوتابخانە لای قوتابی

چۆنیەتی خۆشەویست كردنی قوتابخانە لای قوتابی

(جەمال ماضی) نوسەری میسری دەلێ" گەڕان بەدوای سەركردە لە كارە زۆر سەختەكان دەژمێردرێت، بەڵام بە تێبینی کردنی ورد دەردەكەوێت كەوا جیاوازی ڕوون هەیە لە نێوان ئەوەی بە كەڵكی سەركردایەتی دێت و ئەوەی بە كەڵك نایەت"
شكی تێدانییە قوتابخانە گرنگترین دامەزراوەیە لە ژیانی قوتابی، وە بە وێستگەی هەرەگرنگ لە ژیانی پێگەیاندنی قوتابی دەژمێردرێت، چونكە قوتابی لە قوتابخانەوە پەروەردە دەكرێ و فێری خوێندن و نوسین و كارامەییەكان دەبێت. بۆ ئەوەی قوتابی لە قوتابخانە ئاسودە بێت و قوتابخانەكەی خۆش بوێت، پێویستە قوتابخانە زۆر پاك و خاوێن بێت و كەلوپەل و پێداویستییەكان ڕێك و پێك و گونجاو بن، سەرجەم پێداویستییەكانی قوتابی لە قوتابخانەكەدا دەستەبەر و فەراهەم کرابێت جودا لەمەش پێویستە پەیوەندییەكانی مامۆستا لەگەڵ قوتابییەكان پەیوەندی خوشك و برایانە و دڵسۆزانە و لێپرسراوانە بێت.
مامۆستا لە هەموو ئازاردانێكی جەستەیی و دەروونی و گاڵتەجاری و توندی و فەرامۆش كردن و بێ باكی و نادادپەروەری و كەمتەرخەمی دووربكەوێتەوە، چونكە هەموو ئەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانەی مامۆستا قوتابی دووردەخاتەوە لە قوتابخانە. جگە لەوەش پێویستە بابەتەكان لای قوتابی ئاسان و سادە بكات و وا لە قوتابی بكات بابەت و پڕۆگرام و وانە و پۆڵ و مامۆستاكەی خۆش بووێت، دەرئەنجام قوتابخانەكەی خۆش دەوێت.
لە بیرمان نەچێت لە سەرووی هەموو ئەوانە كەسێك هەیە سەرپەرشتی كۆی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن دەكات لە قوتابخانەوبەرپرسی یەكەمە لە هەموو چاكە و خراپەیەك، لە هەموو ئەرێنی و نەرێنییەك کەسی یەكەمە لە خۆشەویست كردنی قوتابخانە لای قوتابی ئەویش بەرێوەبەرە، بەرێوەبەر بەرپرسیاری یەكەمە لە جوان كردن و جوانتر نیشاندانی وێنەی قوتابخانە لای قوتابی و دەتوانێ ببێتە چەترێكی گەورە لە قوتابخانە و هەڵسوكەوت و ڕەفتار و ئەدای سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران پەرەی پێ بدات بەرەوباشتری ببات و هەمیشە وێنەجوانەكانی مامۆستا نیشان بدات و بەرێوەبەرێكی زیندوو بە ئاگا و پەروەردەیی بێت و خۆی بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی هەبێت، گەر هاتوو قوتابیان نەهاتنیان زۆربوو یان ئاستیان لاوازبوو ڕقیان لە قوتابخانە و وانە و مامۆستایان بوو ئەركەكان جێ بەجێ ناكرد هەمیشە گلەییان دەکرد و ناڕەزای بوون لە قوتابخانە و بەشداری لە چالاكییەكانی قوتابخانە ناكرد ئەلێرەوە بەرێوەبەر دەبێت بزانێت هۆكاری چییە و بەدوای چارەسەر بگەرێ و ژینگەیەكی لە بارو گونجاو ڕەخساو لە قوتابخانە فەراهەم بكات بۆ قوتابییەكان و پەیوەندی توند و تۆڵ و تۆكمە دروست بكات لە نێوان قوتابخانە و قوتابی، قوتابی تێبگەیەنێ‌ كە قوتابخانە ماڵی دووەمییەتی، نابێت هەست بە نامۆیی و ستەم و دوودڵی و ترس بكات و خۆی بە مێوان نەزانێ‌، بەڵكو خاوەن ماڵە و هەرهەمووان لە پێناو خزمەت كردن و پێگەیاندن و تێگەیاندن و پەروەردە كردن و فێركردنی قوتابی لێرەوە هانی قوتابیان بدات بەشداری كاریگەرییان هەبێت لە چالاكییەكانی بەگشتی و متمانە و بڕوایان بەخۆیان هەبێت و بەردەوام پاداشت و هاندان هەبێت بۆ قوتابیان لەلایەن بەرێوەبەر و دەستەی كارگێڕی و ئەو هەستە قوڵە لای قوتابی دەبێت دروست بێت كە قوتابخانەكەی خۆش بووێت و بیپارێزێت خواست و ئارەزووی بەردەوامی بۆی هەبێت ئاراستەیەكی دەروونی باش و ئەرێنی لە ناخی قوتابی بچێندرێ، كە قوتابخانەی خۆش بووێت و متوو هۆگر و پەیوەستی قوتابخانە بێت و بێگومان دەرئەنجام ئامانجە پەروەردەییەكان بەدی دێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top