نیشانەكانی كەمخوێنی

نیشانەكانی كەمخوێنی

كەمخوێنی Anemia حاڵەتێكی باوە، بریتییە لە كەمیی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن RBCs، یان قەبارەیان نائاسایی یان فرمانیان نادروست دەبێت. فرمانی خڕۆكە سوورەكان گواستنەوەی گازی ئۆكسجینە لە سییەكانەوە بۆ خانەكانی لەش و، گەڕاندنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە خانەكانی لەشەوە بۆ سییەكان. لە حاڵەتەكانی كەمخوێنیدا، ڕێژەی هیمۆگلۆبین Hemoglobin واتە ئەو پرۆتینەی كە ئاسن لەخۆدەگرێت و لە ناو خڕۆكە سوورەكانی خوێندایە، لە ئاستی ئاسایی كەمتر دەبێت و بە پشكنینی تاقیگا زۆر بە ئاسانی دەستنیشان دەكرێت. نیشانە باوەكانی كەمخوێنی: كەمیی ئاستی وزەی لەش، هەستكردن بە سەرما لە زۆربەی كاتەكاندا، سەرسووڕان، سەرئێشە، كاڵبوونی ڕەنگی پێست، بەتایبەتی لێو و پەنجەكانی دەست و پێ، هەروەها هەستكردن بە ناڕەحەتی. هۆكارەكانی كەمخوێنی: بەدخۆراكی بە شێوەی كەمیی ئاسن لە خۆراكدا، كەمیی ڤیتامین B12 یان كەمی پرۆتین، نەخۆشی لە كۆئەندامی هەرسدا، كە ببێتە ئەگەری كەمی ماددە خۆراكییە گرنگەكان، خوێنبەربوون پاش زەبر یان برینداربوون، بینینی خوێنی زیاد لەكاتی سووڕی مانگانەی ئافرەتدا، ونكردنی خوێن لەكاتی نەشتەرگەریی گەورەدا، نەخۆشیی زگماكیی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، نەخۆشیی شێرپەنجە، چارەسەری كیمیایی Chemotherapy كە بۆ شێرپەنجە ئەنجام دەدرێت، نەخۆشیی درێژخایەنی جگەر یان گورچیلە، بەركەوتن بە قورقوشم لە ڕێگەی ئاو یان لە ڕێگەی بۆیەدا، هەروەها نەخۆشیی مەلاریا.

Top