نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین B12

نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین  B12

ڤیتامین B12 كە بە كۆبالامین Cobalamin ناسراوە، لە ئاودا دەتوێتەوە، زیاتر لە گۆشتی سوور، گۆشتی پەلەوڕ، ماسی، هێلكە، لەگەڵ شیر و بەرهەمەكانیدا هەیە. ئەم ڤیتامینە زۆر پێویستە بۆ فرمانەكانی مێشك و دەمار، دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، میتابۆلیزمی خانە، هەروەها دروستبوونی DNA ناو ناوكی خانەكان كە زانیاریی بۆماوەیی هەڵگرتووە. كەمیی ڤیتامین B12 حاڵەتێكی باوە، بەتایبەتی لە گەنجەكان و ئەو كەسانەی كە پەیڕەوی خۆراكی ڕووەكی Vegetarians دەكەن، بۆ چاكبوونەوە پێویست بە 6-12 مانگ وەرگرتنی ڤیتامین B12 دەكات بە شێوەی دەرزی یان دەنك. هۆكارەكانی كەمیی ڤیتامین B12: گرفت لە هەڵمژینی ڤیتامین B12 لە كۆئەندامی هەرسدا، كە لەبەر هەوكردن یان بەكارهێنانی چەند دەرمانێك یان پاش ئەنجامدانی چەند جۆرێكی نەشتەرگەریی گەدە ڕوو دەدات، كەم خواردنی سەرچاوەكانی ڤیتامین B12 وەكو ماسی، گۆشت، لەگەڵ شیر. نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین B12: سەرئێشە، هەستكردن بە ماندووبوون، لاوازبوونی ماسوولكەكان، خەمۆكی، سووتانەوە و سوورهەڵگەڕانی زمان، زەردبوونی ڕەنگی پێست، كولبوونی دەم، هەستكردن بە تەزین یان سڕبوونی دەست وپێیەكان، شێوانی بینین، هەروەها هەستكردن بە ناڕەحەتیی دەروونی.

 

Top