ڕاسپاردەکانی یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان

ڕاسپاردەکانی یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان

بە دروشمی (کورد و سیاسەتی کولتووری)، گۆڤاری ڕامان یەکەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی (ڕامان)ی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی 29 – 30/11/2023 بەڕێوەبرد، بۆ ئەو مەبەستە ڕووناکبیران و نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان و شارەکانی باشووری کوردستان ئامادەی بوون، ڕۆژی یەکەم: 29/11/2023 کاتژمێر (10)ی بەیانی فیستیڤاڵەکە بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر وتاری بەخێرهاتن لەلایەن ئازاد عەبدولواحید سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان کە سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەکە بوو پێشکەش کرا، دوای ئەوە بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی (پ. د. ک) د. سالار عوسمان وتارێکی پێشکەش کرد، پاشان بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە وتارێک بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.
لە بارەی (27) ساڵ کارکردنی گۆڤاری ڕامان د. بەختیار سەجادی وتەیەکی سەبارەت بە دەور و کاریگەریی گۆڤارەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرد، ئەوجا کوردستان تیڤی دۆکیومێنتارییەکی لە بارەی (27) ساڵ کاری ڕامان بڵاو کردەوە. هەر لەو بەیانییەدا دوو شاعیر لە دوو نەتەوەی جیا جیا شیعریان خوێندەوە، شاعیرەکان ئەمانە بوون: کەریم دەشتی، حافز مووسەوی، حەقی زاریچ، شاعیری تورک نەیانهێشت بەشداری کۆڕەکە بێ، کۆتا بڕگەی ئەو بەیانییە ئاهەنگی گۆرانی و مۆسیقا بوو بە بەشداری هونەرمەندان: حەسەن گەرمیانی، ئیعتیدال مەحموود، ماهیر ئەمین، عادل هەورامی.
دوای پشوودان ئێوارەکەی کاتژمێر (3)ی دوای نیوەڕۆ پانێڵی یەکەم کە بەناوی زمان و کولتوورەوە بوو دەستی پێکرد، بەڕێوەبەری پانێڵەکە ئەژین عەبدولخالق بوو، پانێڵەکە د. بەختیار سەجادی، د. فەخریا ئادسای، فرات جەوەری، د. شیلان عومەر حسێن، بەشدار بوون، بە گفتوگۆی تێروتەسەلی ئامادەبووان پانێڵی ئەو ئێوارەیە کۆتایی هات.
پانێڵێ دووەم کە سەبارەت بە ئەدەب و کولتوور بوو، لە ڕۆژی دووەمی فیستیڤاڵەکە کاتژمێر (10)ی بەیانی دەستی پێکرد، بەڕێوەبەری پانێڵ چنوور سەعیدی بوو کە ئەم بەڕێزانە تێیدا بەشدار بوون د. محەمەد حەقمورادی، د. لهۆن قادر، هاشم ئەحمەدزادە، د. محەمەد تەها حوسێن، باسەکانیان پێشکەش کرد، دیسان بە گفتوگۆی ئامادەبووان پانێڵەکە دەوڵەمەند کرا.
پانێڵی سێیەم بەناوی (کورد و گوتاری توندڕۆیی) پێشکەش کرا کە ئەم بەڕێزانە قسەیان تێدا کرد: د. هشیار زەکی، سۆران سێوکانی، د. فارووق ڕەفیق، باسەکانی خۆیان بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە. دوا پانێڵیش کە لە بارەی (کورد و سیاسەتی کولتووری)یەوە بوو، بەڕێزان: د. ڕەهبەری مەحموودزادە، د. فازڵ جاف، د. یادگار لەتیف شارەزووری، قسەیان تێدا کرد و دوای گفتوگۆکردن، هەر ئەو ئێوارەیە بە کۆڕێكی شیعری کۆتایی بە فیستیڤاڵ هات کە ئەو شاعیرانە، لە هەموو پارچەکانی کوردستان و شارەکانی باشوور شیعریان خوێندەوە، شاعیرەکان ئەمانە بوون: دڵشاد عەبدوڵڵا، د. نەزەند بەگیخانی، هیوا قادر، موحسین قۆچان، لەیلا ساڵحی، یوونس ڕەزایی، قوبادی جەلی زادە، بەرزان هەستیار، بەرکەن بەرە، ساماڵ ئەحمەدی، دڵسۆز حەمە، ئاسیا خەلیل، بەدریە تۆپاج، داستان بارزان و دواتر د. سالار تاوەگۆزی شیعری عەدنان سائیغی خوێندەوە کە بە دەنگی خۆی بۆ فیستیڤاڵی ناردبوو، چونکە کێشەی تەکنیکی کەوتبووە سەفەرەکەیەوە. چەپکە گوڵی بنەماڵەی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری ڕامان کە لە کارەساتی ١ی شوباتی ساڵی 2004 لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری دی شەهید بوو، لەلایەن کوڕەکەی بێوار شەوکەت شێخ یەزدین پێشکەشی سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان ئازاد عەبدولواحید کرا. دوای کۆڕە شیعرییەکە لیژنەی نووسینەوەی ڕاسپاردەکان دروست بوو لە بەڕێزان: د. بەختیار سەجادی، د. سالار تاوەگۆزی، د. ڕەهبەر مەحموودزادە، د. هاشم ئەحمەدزادە، ئەنوەر محەمەد تاهیر، کولسووم عوسمانپوور، ڕاسپاردەکانی کۆتایی فیستیڤاڵی ڕامان لەلایەن د. بەختیار سەجادی خوێنرایەوە کە ئەمەش دەقی ڕاسپاردەکانە، هیوادارین تا ساڵی داهاتوو ئەگەر هەمووشی جێبەجێ نەکرێ، ئەوە بەشی هەرە زۆریان بە هەند وەربگیرێن و جێبەجێ بکرێن.
لە کۆتاییدا زۆر سپاسی بەپیرەوەهاتنی میوانە ئازیزەکانمان دەکەین کە لە ڕێگەی دوورەوە هاتبوون و ڕەونەق و جوانییان بە فیستیڤاڵەکە بەخشی.


ڕاسپاردەکانی یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان

لە ڕۆژانی ٢٩ – ٣٠/ ١١/ ٢٠٢٣، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان بەڕێوەچوو. وێڕای پێشکەشکردنی چەندان گوتار و چالاکی لە ڕێوڕەسمی کردنەوە و کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا، چوار پانێڵی پسپۆڕانەش بەم ناونیشانانەی خوارەوە بەڕێوەچوو، کە تێیاندا شارەزایان و پسپۆڕان، خاوەن ڕایانی بواری سیاسەتی کولتووری لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە وتارە پێشکەشکراوەکانی پانێڵەکاندا بەشدار بوون، هەروەها لە مشتومڕ و قسەوباسی کراوە لە کۆتایی پانێڵەکاندا تیشک خرایە سەر چەندان خاڵ و بابەتی گرنگ و پێویست سەبارەت بە سیاسەتی کولتووری، کە هەندێکیان بریتین لە مانەی خوارەوە:
- بایەخدانی زیاتر بە وەرگێڕانی دەقە کوردییەکان لە هەموو ژانر و شێوەزارەکاندا بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان، لە پاڵ هەوڵدان بۆ دانان و بەگەڕخستنی دەزگایەکی تایبەت بەم مژارە گرنگە لە پێناوی ناساندن و بەهەرێمی کردن و پاشان بەجیهانی کردنی دەقی ئەدەب و هونەری کوردی.
- گرنگیدانی زیاتر بە پرس و بابەتە فیکری و فەلسەفییەکان لە بەرنامەکانی خوێندندا بە مەبەستی پەرەپێدانی عەقڵانیەتی ڕەخەگرانە بۆ خوێندنەوە و شیکاریی خود و ئەوی تر.
- ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەمەڕ زمان و ئەدەب و چاندی کوردی بە زمانەکانی تر لە هەندێ بەشی زانکۆییدا، وەک: بەشی عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی و تورکی.
- گرنگیدان بە بابەتی زمانی کوردی لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا، هەروەها لە شوێنە گشتی و بازرگانییەکاندا، کە تابلۆ و ڕێنماییەکان بە زمانی کوردی بن، بە شێوەیەک سەرەتا بە کوردی بێت و پاشان بە زمانەکانی تر.
- دەستەبەرکردنی سەرجەم کۆد و مۆرکەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی کتێب و چاپەمەنی، بۆ ئەوەی کتێبی کوردی لە ڕووی تەکنیکیشەوە بچێتە نێو کاروانی جیهانی هزر و ئەندێشە و زانستەوە.
- هەوڵدان بۆ بردنەسەری ئاستی سەرجەم چالاکییە ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێوەر و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئێستادا بگونجێ.
- برەودان بە گیانی هەڵکردن و پێکەوەژیان و پەسەندکردنی ڕای جیاواز بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی وەک ئەرکی سەرشانی سەرجەم ناوەندە حکوومی و ناحکوومییەکان دیاری بکرێت، بەتایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە مێژووی درەوشاوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە.
- بڵاوکردنەوەی هوشیاری کۆمەڵایەتی لەسەر مەترسییەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەو دەرفەتانەی بەهۆی سۆشیاڵ میدیا و ئامێرەکانی پێوەندی کردن سەریان هەڵداوە، بە تایبەت لە کەشی مەجازیدا.
- گرنگیدانی زیاتر بە مافی ئافرەتان و منداڵان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتییەوە.
- بەردەوامبوونی ئەم فیستیڤاڵە بە شێوەیەکی ساڵانە، کە بتوانێت ببێتە نەریتێک بۆ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک بیرۆکە و پێشنیاز بۆ ناوەندە حکوومی و ناحکوومییەکان لە پێناوی بووژانەوەی چالاکییەکانی ئەو بوارانەی سەرەوە.
- هەوڵدان بۆ دانان و ڕێکخستنی ناوەندێکی تایبەت بە ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتی کولتووری و لە کوردستاندا.
- لە فیستیڤاڵی هەر ساڵێکدا ڕاپۆرتێک لەسەر ڕادە و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی پێشنیازەکانی خولەکانی پێشوو لەلایەن دەزگا و لایەنە پێوەندیدارەکانەوە پێشکەش بکرێت.

لیژنەی ڕاسپاردەکان: (د. بەختیار سەجادی، د. سالار تاوەگۆزی، د. ڕەهبەر مەحموودزادە، د. فازڵ جاف، ئەنوەر محەمەد تاهیر، کولسووم عوسمانپوور)

Top