ژینگە پارێزی قوتابخانەكان

ژینگە پارێزی قوتابخانەكان

پۆلۆنییەكان دەلێن" ئەگەر هەر كەسە و دەوری ماڵی خۆی پاك كردەوە، ئەوا شارەكەیان پاك دەبێتەوە".
پاك و خاوێنی قوتابخانە ڕۆڵی هەرە گرنگ و گەورەی هەیە لە ژیانی قوتابی، چونكە قوتابی كە ڕادێت لە قوتابخانەیەكی خاوێن ئەوا هەست بە ئاسودەیی دەروونی و ئارامی هزری دەكات و دەتوانێ باش بیر بكاتەوە و باشتر فێر بێت و ئەنجامی خوێندنەكەشی بەردەست دەبێت و دەتوانی نمرەی باش و سەركەوتنی گەورە بەدەست بێنێت،بەدلنیایی لە هەموو پاك و خاوێنییەك مرۆڤ دەتوانێ‌ بەرهەم دار بێت و ئامانجەكانی باشتر بەدەست بهێنێت.
قوتابخانەش كە ماڵی دووەمی قوتابییە و هەمیشە حەز دەكات پاك و خاوێن بێت و وەكو ماڵی خۆی دەیپارێزێ.
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی و ژینگە پارێزی و پاك ڕاگرتنی قوتابخانەكان و هەست كردن و ئاشنا كردنی قوتابی بە بەرپرسیاریەتی پاك ڕاگرتنی پۆڵ و قوتابخانە و بەشداری كردن لە پاراستنی قوتابخانەكەی، لە سەر ڕاسپاردەی بەرێز جەنابی وەزیری پەروەردە لە ڕێگای لیژنەیەكەوە دەست كراوە بە وشیاركردنەوەی قوتابیان لە سەر پاك و خاوێن ڕاگرتنی قوتابخانەكان لە ڕێگای دەستەی كارگێڕیی و مامۆستایانی چەند قوتابخانەیەكی سنوری پەروەردەی شەقلاوە بە هەماهەنگی دەزگای خێرخوازی بارزانی كە هەمیشە هاوكار و هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، مەبەست لەم وشیاركردنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێ قوتابخانەكان لەلایەن قوتابیانەوە خۆیان بە پاك و خاوێنی ڕابگرن و ڕۆژانە بۆ ماوەی چەند خولەكێك قوتابیان پۆلەكان بە شێوەی گروپ قوتابخانەكانیان پاك بكەنەوە و فێر ببن كەوا پیسی نەكەن و گەر پیس بوو ئەوا خۆیان پاكی بكەنەوە، ئەو هەڵمەتی وشیاكردنەوە لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی مامۆستایان و كارگێڕیی قوتابخانەکان ئەنجام دەدرێت، لە بەرنامەی وەزارەتی پەروەردە دایە ئەو هەڵمەت و وشیار كردنەوەیە فراوانتر بكرێت و پەروەردەكانی تریش بگرێتەوە، تا لە داهاتوودا قوتابیانی هەرێمی كوردستان وەكو قوتابیانی ژاپۆن و ووڵاتانی تر خاوێن ڕاگرتن و پاك كردنەوەی قوتابخانەكان ببێتە كەلتورێ و لەگەڵ بیرو هزری قوتابی دا گەشە بكات و وای لێ بێت قوتابیان زیاتر هەست بە ئینتیما بوون و دڵسۆزی و خاوەنداریەتی و هەست بە بەرپرسیاریەتی زیاتر دەكەن.
قوتابی لە قوتابخانە هەر تەنها ناخوێنێت، بەڵكو گرنگی بە هەموو ئەو شتانە دەدات كەوا پێویستن و هەست بكات هاووڵاتییەكی بە سوودە و زیاتر وشیار و تێگەیشتووە، هەست بە خاوەندارییەتی و پابەندبوون و بەرپرسیاریەتی دەكات و لەوە تێ دەگات پاك و خاوێن ڕاگرتن ئەركی كەسێك نییە لە دوای ئەو پاكی بكاتەوە، بەڵكو ئەوە ئەرك و بەرپرسیاریەتی ئەوە، چونكە تا قوتابخانەكەی پاك و خاوێن بێت باشتر بیر دەكاتەوە و زانیارییەكانیش ئاسانتر وەردەگرێت و زیاتریش متمانەی بەخۆی دەبێت و ترس و دڵەڕاوكێ نامێنێ بۆ تووشبوون بە نەخۆشی. جودا لەوەش سروشتی مرۆڤ وایە تا زیاتر بە شوێنێك ماندوو بێت زیاتر پێیەوە پەیوەست دەبێت و ئینتیما و سۆزی بۆی زیاتر دەبێت و زیاتر بە ماڵی خۆی دەزانێت و دەبێتە بەشێكی گرنگ لە ژیانی بۆیە پێویستە لە سەر كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان بەردەوام ئامۆژگاری قوتابیان بكەن و وشیاریان بكەنەوە لە سەر پاك و خاوێن ڕاگرتنی قوتابخانەكان و نەنووسینی دیوار و پاڕاستنی كەلوپەل و پێویستییەكانی قوتابخانە، چونكە هەمووی لە پێناو قوتابیاندایە هەر بۆ قوتابیانیش تەرخان كراوە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top