پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان:   ڕووسیا لە پرۆسەی بردنەوەی شەڕەكەدایە

پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن بۆ گوڵان:     ڕووسیا لە پرۆسەی بردنەوەی شەڕەكەدایە

 

 

پڕۆفیسۆر گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن، زانایەكی سیاسیی نەرویجییە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری دامەزراوە و تەنگژە ئەمنییەكان لە زانكۆی ئازاد لە ئەمستردام بەدەست هێناوە. پێشتر نیشتەجێی ڕووسیا بووە و لە سكووڵی باڵای ئابووری لە مۆسكۆ كاری كردووە و، شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ئاوێتەبوونی ئەوروپایە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی بەردەوامی ڕووسیا و ئۆكرانیا و پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

*  هەروەك ئاشكرایە شەڕی ئیسرائیل و حەماس سەرنجەكانی لەسەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دوور خستووەتەوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە، پێناچێت شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەم نزیكانە یەكلا ببێتەوە، ئێوە چۆن لە بەردەوامبوونی ئەم شەڕە دەڕوانن و بۆچی پێتان وایە ڕووسیا هێندە پێداگرە لەسەر درێژەپێدانی ئەم شەڕە و، ئایا پێت وایە لە ئێستادا بە چ ئاراستە و ئاقارێكدا دەڕوات؟

 - ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ڕووسیا لە پرۆسەی بردنەوەی شەڕەكەدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ كەس ئەمە بەدی ناكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان زیاتر جەخت لەسەر پانتایی ئەو خاكانە دەكەنەوە كە كۆنتڕۆڵ كراون و، كەمتر سەرنجیان لەسەر ئەوەیە كە ئەم شەڕە تا چ ڕاددەیەك توانا و سەرچاوەكانی لە ناو بردووە، ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە هێرشبردن ژمارە و ئاستێكی زیاتری قوربانی لێ دەكەوێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە كارێكی باشترە كە خۆ لە هێرشبردن بە دوور بگریت و لەو ناوچانە بكشێیتەوە و پاشەكشە بكەیت كە بەرگری لێكردنیان قوربانیدانێكی زۆری دەوێت، ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت بریتییە لە شەڕی ئیستینزافكردن، كە تێیدا ئامانجەكە بریتییە لە شەكەتكردنی هێزی سەربازیی ڕكابەرەكەت و پاراستنی بنیادنانی توانا و هێزی خۆت، هەر كاتێكیش توانرا كە توانای ڕكابەرەكەت بە ڕاددەیەكی گەورە لاواز بكەیت، ئەو كاتە دەتوانیت دەست بگریت بەسەر پانتاییەكی گەورەی خاكدا بگریت، بە بێ ئەوەی زیان و قوربانییەكی زۆر بدەیت. ئەوەی ڕووی داوە ئەوەیە كە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئۆكرانیا سەرباز و كەرەستە سەربازییەكانی خۆی خستووەتە بەر ڕەحمەتی هێڵە بەرگرییە تۆكمەكانی سوپای ڕووسیا و، لە دەرئەنجامدا ڕووبەڕووی زیان و خەسارەتێكی گەورە بووەتەوە، لە ئێستادا دۆخەكە بە چەشنێكە كە ئۆكرانیا ژمارەیەكی زۆری سەربازی لەدەست داوە، بەشێكی زۆر كەرەستە سەربازییەكانی تێك شكاون و لە ناو چوون، تەنانەت ناتۆش باس لەوە دەكات كە كۆگای چەكەكان بە ڕاددەیەكی مەترسیدار كەم بووەتەوە و پاڵپشتی و پشتیوانیی سیاسییش بۆ ئەم شەڕی بە وەكالەتە لە پاشەكشەدان. لە هەمان كاتدا، ڕووسیا بە سەدان هەزار سەربازی لە بەرەكانی پشتەوە ساز و ئامادە كردووە و بە ڕاددەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی چەك و كەرەستە سەربازییەكانی زیاد كردووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەوەی هەر كاتێك ئۆكرانیا تەواو خۆی شەكەت كرد، ئەوا دەست بە هێرشبردن بكات، واتە لە ئێستادا ڕووسیا سوپایەكی گەورەتری هەیە و لە چەند ڕوویەكەوە باڵادەستە، تۆپخانە، هێزی ئاسمانی، مووشەك، و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، بەرگریی ئاسمانی، شەڕی ئەلیكترۆنی و هەموو پێوەرە بابەتەییەكانی دیكە. لە دەرئەنجامدا پێدەچێت شەڕەكە گەیشتبێتە قۆناغێك كە تێیدا ڕووسیا هێرشێكی بەربڵاو ئەنجام بدات بۆ دووبارە دەستگرتنەوە بەسەر ئەو خاكانەی هەڵكەوتەیەكی ستراتیژییانەیان هەیە.

* لایەنێكی دیكەی ئەم شەڕە بریتییە لە شەڕی ئابووری، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە سزا سەپێنراوەكانی سەر ڕووسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و، بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەڵام ئەوەی ڕوونە كە ئەم سزایانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا تووشی گرفتێكی گەورەی كەمبوونەوەی داهات ببێت، كەواتە دید و تێڕوانینی ئێوە لەسەر كاریگەری و كارایی ئەم سزایانە چییە؟

- ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە كە سزاكان شكستیان هێناوە، هەرچۆنێك بێت، من تووشی سەرسوڕمان بووم بە ئاست و ئەندازەی شكستی ئەم سزایانە، لە ڕاستیدا سزاكان لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردودا باشتر كاریگەرییان هەبوو، كاتێك تەنیا چەك چەقی هێز بوو لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام ئێستا ئێمە لە جیهانێكی فرەجەمسەریدا دەژین، ئەمەش دۆخێكی خوڵقاندووە كە ڕووسیا دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێت بۆ جۆراوجۆركردنی پەیوەندی و ڕایەڵە ئابوورییەكانی، لەم ڕووەوە ڕووسیا نەك هەر هەوڵی داوە خۆی لە كاریگەریی سزاكان دەرباز بكات، بەڵكو كاریشی كردووە بۆ ئەوەی بە یەكجاری خۆی لە پشتبەستن بە ئابوورییەكانی رۆژئاوا ڕزگار بكات و، لەبری ئەوە كۆششی كردووە بۆ ئەوەی ئاوێتەی ئابووریی جیهانی غەیرە رۆژئاوا بێت. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین: ئەم جۆراجۆركردنە سەركەوتوو بووە، چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئابووریی ڕووسیا لە گەشەكردندایە، لە كاتێكدا ئەوروپا تووشی گرفت بووەتەوە، لەبەر ئەوەی نەیتوانی خۆی لە پشتبەستن بە ڕووسیا ڕزگار بكات.

* ئاشكرایە كە هەر كاتێك دۆخێك دروست ببێت كە ببێتەهۆی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەوا دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆی ببینێت، بەڵام لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا نەمانبینی ئەم ڕێكخراوە ڕۆڵێكی ئەوتۆ ببینێت، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەركەكانی خۆی تا ئەو ئاست و ڕاددەیە جێبەجێ دەكات كە دەوڵەتە ئەندامە سەرەكییەكان بوار و پانتایی بۆ دەڕەخسێنن، چونكە ئاشكرایە ئەمە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە، نەك ڕێكخراوێكی سەرونەتەوەیی، دواتر نابێت ئەوەمان لە یاد بچێت، كە ئامانجەكە لە نێو ئەوروپادا بریتی نەبووە لە پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام بریتی بووە لە لاوازكردن و پەراوێزخستنی هەمیشەیی ڕووسیا لە ئەوروپادا، لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە هیچ كاتێك هەوڵ و كۆششێكی جددی نەبووە بۆ گرتنەبەری ئاشتییەك كە هەردوو قبووڵ و پەسەندی بكەن، لەبری ئەوە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ هەوڵیان داوە ئۆكرانیا بەكار بهێنن بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی ستراتیژی بەسەر ڕووسیادا. لە ساڵی 2015ـەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا بە ئاشكرا ڕێككەوتنی ئاشتی (مینسك)یان لەباربرد، تەنانەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا باسیان لەوە دەكرد، كە هیچ كاتێك نییەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاشتی لە ئارادا نەبووە و تەنیا ئامرازێك بووە بۆ بەدەستهێنانی كات بۆ پڕچەككردنی سوپای ئۆكرانیا، بە هەمان شێوە، كاتێك ڕووسیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022 دەستی كرد بە داگیركارییەكەی، ئەوا دووبارە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا ئەو ڕێككەوتنەی ئاشتییان لەناو برد كە چاوەڕوان دەكرا لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیادا بەدی بێت، كە ئەگەر ئەم ڕێككەوتنە بكرایە، بۆی هەبوو لە هەفتەكانی یەكەمدا شەڕەكە بوەستایە، بەڵام هەم ناتۆ و هەم یەكێتیی ئەوروپا ڕایانگەیاند كە لەبری ئەوە جەنگەكە لە گۆڕەپانی شەڕدا یەكلا دەبێتەوە، هیچ یەكێك لە سەركردەكانیشیان خواستی گرتنەبەری ڕێگەچارەی دیپلۆماتی، یان گفتوگۆكردنیان لەگەڵ ڕووسیادا نەبوو، كەواتە هیچ كاتێك نەتەوە یەكگرتووەكان دەرفەتی ئەوەی نەبووە كە بەر بە هەڵگیرسانی شەڕەكە بگرێت، یان كۆتایی پێ بێنێت، كاتێك بەرپا بوو.

* بەڵام ئەگەر ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هێندە ناكارا و ناكاریگەر بێت، ئایا ئەمە نەبووەتە هۆی، یان نابێتە هۆی ئەوەی جیهان پتر نائارام و ناسەقامگیر بێت، بەو پێیە ئایا ئەمە پێداویستیی پێداچوونەوە بە بونیادی ئەم ڕێكخراوە ناهێنێتە ئاراوە؟

- دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین: گرنگە ئەندامێتیی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕەنگدانەوەی دابەشبوونی ڕاستەقینەی هێز بێت لە جیهاندا، پێنج ئەندامە هەمیشەییەكە هێزی مەزن و براوەی جەنگی دووەمی جیهانی بوون، بەڵام لەو كاتەوە بارودۆخی جیهان بە ڕاددەیەكی گەورە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە، ئەگەر هیندستان و بەرازیل ببنە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوا ئەدای ئەم ڕێكخراوە باشتر دەبێت.

 

Top