بومەلەرزەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای چین ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا

بومەلەرزەیەک لە باکووری ڕۆژئاوای چین ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا

 

 

 

 

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکدا شەوی دووشەممە لە باکووری ڕۆژئاوای چین، لانیکەم 116 کەس گیانیان لەدەستداوە و 220 کەسیش برینداربوون.

حکومەت تیمی فریاگوزاری زیاتری ناردووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی فریاگوزاری ناوخۆیی.

سەرۆکی چین شی جین پینگ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ گەڕان و ڕزگارکردنی ئەو بریندارانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تووشی بوون، بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان لە کاتی خۆیدا و ڕێگریکردن لە زیانی زیاتر.

دەسەڵاتدارانی چین ڕایانگەیاندووە، قەبارەی بوومەلەرزەکە لە پارێزگای گانسو کە لە دەوروبەری نیوەی شەودا ڕوویداوە، ٦.٢ پلە بووە، بەڵام ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، قەبارەی بوومەلەرزەکەی بە ٥.٩ مەزەندە کردووە.

هەزاران کارمەندی فریاگوزاری چوونەتە یارمەتیدانی قوربانیانی بوومەلەرزە لە بەرزاییەکانی گانسو لە کەشوهەوای ژێر سفردا.

هەروەها دووەم بوومەلەرزە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی سێشەممە پارێزگای سینگیانگی هەژاند.

دەسەڵاتدارانی خۆجێی داوایان لە خەڵک کردووە کە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە نزیک نەبنەوە و ڕێگا بۆ کارمەندانی فریاگوزاری چۆل بكەن.

هەروەها پچڕانی کارەبا و ئاو لە هەرێم کێشەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتن دروستکردووە.

چین لە ناوچەیەکدایە کە چەندین جۆری تەکتۆنیکی پلێت تێیدا یەکدەگرنەوە، ئەمەش وایکردووە کە تووشی بوومەلەرزەی زیاتر ببێت.

لە مانگی ئەیلولدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٦ پلە لە پارێزگای سیخوان ڕوویدا بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

هەروەها لە ساڵی ١٩٢٠ گانسو شوێنی کوشندەترین بوومەلەرزەی سەدەی بیستەم بوو کە ٢٠٠ هەزار قوربانی لێکەوتەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top