رەوشەن چەلکەر:زۆر گرنگە ئافرەتی كورد لە ڕێگەی هونەرەوە پەیامی خۆی بگەیەنێت

رەوشەن چەلکەر:زۆر گرنگە ئافرەتی كورد لە ڕێگەی هونەرەوە پەیامی خۆی بگەیەنێت

ڕەوشەن چەلكەر لە شاری بەدلیسی باكووری كوردستان لە دایكبووە، خوێندنی بەشی ڕاوێژكاریی كۆمەڵایەتیی لە ئەنقەرە تەواو كردووە، لە بواری میوزیكدا شارەزایی لە كەمان و ڤیولیندا هەبووە و لە ئەرمینیا و جۆرجیا بەشداریی لە چەندین چالاكی و فیستیڤاڵی هونەریدا كردووە، موزیكی بۆ ژمارەیەك فیلم و زنجیرە درامادا داناوە.

ڕەوشەن كە خاوەن ئەزموونێكی زۆرە لە بواری گۆرانی و موزیكدا، سەبارەت بە هونەرمەندە گەنجەكان دەڵێت: «پێویستە هونەرمەندە گەنجەكانمان كار بكەن بۆ پێشخستنی هونەری كوردی، چونكە بە كۆڵنەدان و كاركردن دەتوانن پاشەڕۆژی هونەریی خۆیان دابین بكەن، لەم ساڵانەی دواییدا، هونەر گۆڕانكاریی زۆری بەخۆیەوە بینیەوە، هیوادارم پەلە نەكەن، چونكە سەركەوتن كاتی دەوێت»، ڕەوشەن سەبارەت بە بوونی ئافرەتی كورد لە گۆڕەپانی هونەردا دەڵێت: «سەرەڕای ئاستەنگەكانی بەردەمی، بەڵام ئافرەتی كورد توانیویەتی بەردەوام لە بواری هونەردا پێگەی هەبێت، گرفتەكان پەیوەندیی بە كۆمەڵگەی كوردییەوە هەیە، كە ئەمەش وای كردووە ئافرەت بە دوودڵییەوە بێتە نێو هونەر، بۆیە پێویستە ئافرەتی كورد كۆڵنەدات و لە ڕێگەی هونەرەكەیەوە دەنگی خۆی بگەیەنێت وەك ئافرەتێك، لە هەمان كاتدا خزمەتیش بە هونەری كوردی بگەیەنێت، من خۆم سوودم زۆر لە ئەزموونی خانمە هونەرمەندان وەرگرتووە و بەردەوام گوێ لە گۆرانییەكانیان دەگرم، بەتایبەتی مەریەم خان، ئایشەشان، مەرزییە فەریقی، لەیلا فەریقی و چەندین خانمە هونەرمەندی دیكە».

Top