دونیا بەتمە: قوربانیی پیلانێکی گەورەم

دونیا بەتمە: قوربانیی پیلانێکی گەورەم

خانمە هونەرمەندی مەغریبی (دونیا بەتمە) تۆمارێكی ڤیدیۆیی لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاو كردەوە، كە تێیدا دەركەوت بە كوڵ دەگری و ناتوانێت خۆی كۆنترۆڵ بكات، باسی ئەوەش دەكات كە ئەو قوربانیی پیلانێكی داڕێژراوە.

گریانەكەی دونیا باتما دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە ڕەتكردنەوەی دادگای مەغریب، بۆ ئەو تانەیەی پێشكەشی كردبوو لەو دۆسێیەی كە بە دۆسیی حەمزە مون بیبی ناسراوە.

دونیا باتما لەو گرتەیەدا دەڵێت: «من بوومەتە قوربانیی پیلانێكی گەورە، من باسی وردەكارییەكان ناكەم، بەڵام خودا لە سەرەوەیە، و ئەو مافەكانی من وەردەگرێت.. ڕاستییەكان بە تێپەڕبوونی كات ئاشكرا دەبن،  زۆر شتی دیكەیش دەدۆزریتەوە دەربارەی خراپەكاریی هەندێك كەس كەچاڵت بۆ هەڵدەكەنن و ناپاكیت لێ دەكەن، سوپاس بۆ خودا، هەوڵم دا نەگریم، بەڵام نەمتوانی، چونكە منیش مرۆڤم».

دۆسێكە چەند ساڵێك لەمەوبەر بڵاو بووەوە، دوای ئەوەی كەسێكی نەناسراو ئەكاونتێكی لە ئەپڵیكەیشنی سناپچات دروست كرد، كە لە ڕێگەیەوە هونەرمەندانی مەغریبیی دەكردە ئامانج و چەندین بابەتی نەشیاوی لەسەریان بڵاو دەكردەوە، ئەمەش مشتومڕێكی گەورەی لەو وڵاتەدا درووست كرد، دواتر دونیا باتما و خوشكەكەی (ئیبتیسام) تۆمەتباركران بە بەڕێوەبردنی پەیجەكە، كە بووە هۆی زیندانیكردنیان بۆ ماوەی ساڵێك.

فۆڵۆوەرەكان ڤیدیۆی دونیایان بڵاو كردەوە و كۆمێنتەكانیان جیاواز بوو، هەندێكیان بە كاریگەریی گریانەكەی پشتگیرییان كردووە، بەڵام بەشێكی دیكە هێرشیان كردووەتە سەری، هەندێك لە كۆمێنتەكان بریتی بوون لە (بەخوا ئەوەی تۆ دروستت كردووە كەس ناتوانێت بیكات، ئەوەی ڕووی دا سزایەكە بۆ ئەو كەسانەی كە بوونە قوربانی ئیرەیی لێت، هەمیشە لە بیرت بێت، بژێویی ژیان وەك كێك وایە، هەركەسێك لەتێكی لێ دەخوات، جیاوازییەكە تەنیا لە قەبارەكەیدایە، دڵتان پاك بكەنەوە).

دوای چەند مانگێك لێكۆڵینەوە، دەسەڵاتی دادوەریی مەغریب سزای هەشت مانگ زیندانیی بەسەر دونیا و، ئیبتیسامی خوشكی بە ساڵێك زیندانی سەپاند، هەروەها گەشتی دەرەوەی وڵاتیشی لێ قەدەغە كرا، و لەژێر چاودێریی دادوەریدا مایەوە.

Top