كردنەوەی نووسینگەی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان لە شاری مەهاباد

كردنەوەی نووسینگەی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان لە شاری مەهاباد

ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی ئەمیندارێتی هەمیشەیی فیلم، سیناریۆی فیلم و وێنەی فۆتۆگرافی (ئاسمان) بە ئامادەبوونی دوكتۆر ئاڕەش شەهابی سەرۆكی ئەنجومەنی ئیسلامیی شاری مەهاباد، جەلال وەتمانی، سەرۆكی كۆمیسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی ئیسلامی، ئەندازیار بابەك ڕۆستەم‌پوور سەرۆكی شارەوانیی مەهاباد و ئەندامانی دیكەی ئەنجومەنی ئیسلامیی ئەو شارە، كەریم ڕەحیمی سەرۆكی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شارستانی مەهاباد، هونەرمەندان، پێشەنگەكانی هونەری سینەما و شانۆگەری و هەروەها هۆگرانی هونەری حەوتەم لە هۆڵی تەلاری وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

مه‌نسوور جیهانی

لە سەرەتای ئەم مەراسیمەدا پەردە لەسەر تابلۆی نەخشێندراوی سەرەكیی نووسینگەی سكرتاریەتی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی (ئاسمان) لادرا و پاشان بە سەردانی شوێنی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەمیشەیی ئەم فێستیڤاڵە لە شوێنی هۆڵی وەحدەت، ئەم نووسینگەیەی سكرتاریەتە بە شێوەی فەرمی كرایەوە.

كردنەوەی نووسینگەی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان لە شاری مەهاباد

لە سەرەتای ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەكەدا، ئیبراهیم سەعیدی بەرپرس و سكرتێری فێستیڤاڵی فیلمی سەرئاوەڵای دەرەوەی هۆڵی (ئاسمان) وێڕای بەخێرهاتن و پیرۆزبایی لە ئامادەبووانی ناو هۆڵەكە، بە شێوەی فەرمی دەستپێكردنی كارەكانی ئەم فێستیڤاڵەی ڕاگەیاند، هەروەها لە درێژەدا مەناف ئێران‌پەنا لە پێشكەشكارانی بەئەزموون و وتەبێژی فێستیڤاڵەكە ڕاپۆرتێكی لەسەر كارە جێبەجێكارییەكانی یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سەرئاوەڵای دەرەوەی هۆڵی ئاسمان پێشكەش كرد.

پاڵپشتیی بەرپرسانی مەهاباد بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان

لە بەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا و لەو بابەتانەی كە لە شێوەی وێنەی گرتەی ڤیدیۆییدا ئامادە كرابوون، ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداریی شارستانی مەهاباد لەوانە (جێگری پارێزگار و قایمقامی تایبەتی شارستانی مەهاباد، ئیمام جومعەی مەهاباد) بیروبۆچوونەكانی خۆیان بۆ پشتیوانیكردن سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە و ڕووداوە سینەماییە خستە ڕوو، پاشان لە درێژەدا، دوكتۆر (ئارەش شەهابی) سەرۆكی شوورای شار، ئەندازیار (بابەك ڕۆستەمپوور) سەرۆكی شارەوانیی مەهاباد و هەروەها (كەریم ڕەحیمی) سەرۆكی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی هاتنە ئاخاوتن و، و تارەكانی خۆیان پێشكەش كرد، بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمانیان بە پێویستییەك بۆ شاری فەرهەنگی و گەشتیاریی مەهاباد زانی.

كردنەوەی نووسینگەی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان لە شاری مەهاباد

پاڵپشتی مامۆستایانی بوارە هونەرییە جۆراوجۆرەكانی مەهاباد بۆ فێستیڤاڵی ئاسمان

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا، كلیپێك لە قسەكان و تێڕوانینەكانی مامۆستایانی دیار و لێهاتووی هونەرەكانی بینراو، دراما و شانۆگەری، مۆسیقا و ئەدەبیاتی شارستانی مەهاباد پەخش و بڵاو كرایەوە، كە تیایدا پشتیوانیی خۆیان بۆ گرنگیی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان ڕاگەیاند و، ئاماژەیان بە پێویستیی بەڕێوەچوون و ئەنجامدانی ئەم جۆرە بۆنە و ڕووداوە هونەرییانە كرد.

ڕاگەیاندنی ئەركی بەرپرساێتی و سكرتێری فێستیڤاڵ بە ئیبراهیم سەعیدی

لە بەشێكی دیكەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، فەرمانی بەرپرساێتی و سكرتێری فێستیڤاڵەكە لە لایەن سەرۆكی شارەوانی مەهابادەوە بە (ئیبراهیم سەعیدی) سینەماكاری بەئەزموونی مەهابادی ڕاگەیەندرا و فەرمانەكانی پۆستە جێبەجێكارییەكانی هاوكارانی نووسینگەی سكرتاریەتی فێستیڤاڵەكە ڕادەستی ئەوان كرا.

خولەكێك بێدەنگی بۆ یادی كۆچكردوو سەلاح شێخ‌ محەمەدی

لە درێژەی ئەم بەرنامەیەدا، كلیپێك لە چالاكییە هونەرییەكانی ڕەوانشاد (سەلاح شێخ محەمەدی) هونەرمەندی كۆچكردووی بواری سینەما و شانۆ و تەلەفزیۆن پەخش كرا، كە بەم دواییە ماڵئاوایی لە ژیان كرد، بە ڕاگەیاندنی یەك خولەك بێدەنگیی ئامادەبووان، یاد و بیرەوەریی ئەم هونەرمەندە بەنرخە بەرز ڕاگیرا.

كردنەوەی نووسینگەی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی ئاسمان لە شاری مەهاباد

ڕێزگرتن لە مامۆستا محەمەد كەریمی

لە بەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن و یادكردنەوەی مامۆستا محەمەد كەریمی، یەكێك لە هونەرمەندە دێرینەكانی بواری سینەما و وێنەی فۆتۆگرافی و شێوەكاری بەڕێوە چوو، هەروەها كلیپێك لە چالاكییەكانی چەندین ساڵەی ئەم هونەرمەندە نمایش كرا و، بە شێوەیەكی تایبەت لە لایەن نووسینگەی سكرتاریەتی فێستیڤاڵی ئاسمان و بەرپرسانی شارستانی مەهاباد ڕێزی لێ گیرا و خزمەتەكانی بەرز نرخێندرا.

نمایش كردنی كورتە فیلمی بەڵگەنامەیی حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس

لە كۆتایی ڕێوڕەسمی كردنەوەی نووسینگەی سكرتاریەتی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆی فیلم و وێنەی فۆتۆگرافیی ئاسمان، كورتە فیلمی بەڵگەنامەیی و دۆكیۆمێنتاریی (حەوت سەمفۆنیای زاگرۆس) لە دەرهێنانی پەرویز ڕۆستەمی، یەكێك لە بەرهەمە سەركەوتووەكانی سینەمای بەڵگەیی و دیكۆمێنتاریی ئێران، چووە سەر پەردەی سینەما و ڕێز لەم سینەماكارە بەناوبانگەی مەریوان گیرا.

ڕێبازی ڕاكێشانی گەشتیار بە پێكهاتەیەكی جیاواز

یەكەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سەرئاوەڵای دەرەوەی هۆڵی ئاسمان بە ڕێبازی ڕاكێشانی گەشتیاران و بە پێكهاتەیەكی جیاواز، لە لایەن دامەزراوەی لاوان فیلمی موكریان، بە سەرپەرشتی و بەڕێوەبەرایەتی (ئیبراهیم سەعیدی) سینەماكاری شاری مەهاباد و ئەنجومەنی ئیسلامیی شار و شارەوانیی مەهاباد و بە هاوكاریی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شارستانی مەهاباد، لە سێپتێمبەری ساڵی 2024 لە شاری مەهاباد بەڕێوە دەچێت.

Top