ئەڤین: ئافرەتی كورد دەتوانێت داهێنانی زیاتر لە هونەردا بكات

ئەڤین: ئافرەتی كورد دەتوانێت داهێنانی زیاتر لە هونەردا بكات

ئەڤین شا لە باكووری كوردستان لەدایكبووە و ئێستا لە ئەمریكا نیشتەجێیە، لە تەمەنێكی زوودا دەستی بە كاری هونەری كردووە و تا ئێستا چەندین بەرهەمی هونەریی هەیە.

لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری گوڵان باسی لە گرنگیی پاراستنی فۆلكلۆری كوردی كرد و، لەم بارەوە دەڵێت: «هەمیشە كۆمەڵگەی كوردی لە بواری ئابووری و هونەری و كلتووریدا تووشی هێرشی دوژمنكارانە بووەتەوە، بە جۆرێك كە نەیتوانیوە بە شێوەیەكی سەربەخۆ لەسەر ئاستی جیهان هونەر و كلتووری خۆی بناسێنێت، لەبەر ئەوە بەشێكی زۆری كلتوور و هونەری كوردی ون بووە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی فۆكلۆری كوردی لە نێو كۆمەڵگەدا بەرەبەرە ون ببێت و گەل و نەتەوەكانی دیكە سوودیان زیاتر لێی بینیوە، بە جۆرێك دەتوانین بڵێن فۆلكلۆری كوردی مەترسیی لەسەرە، فۆلكلۆر، زمان كلتوور و ژیانیش پێكەوە گرێ دراوە، بەڵام مایەی خۆشحاڵییە ئێستا كەسانێك لە بواری فۆلكلۆری كوردیدا كار دەكەن بۆ دووبارە زیندووكردنەوەی فۆلكلۆر وەك موزیكژەن، گۆرانیبێـژ»، ئەڤین هەروەها باسی لە بوونی ئافرەت لە نێو هونەری كوردیدا كرد و گوتی: «بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی پێشكەوتنی زۆر هاتووەتە ئاراوە، سەرەڕای ئەوەی ناتوانێت بە شێوەیەكی سەربەست كارەكانی پێشكەش بكات و ئاستەنگی زۆری بۆ درووست دەكرێت، بەڵام ئەگەر ڕێگەكانی بەردەمی بكرێنەوە و بواری بۆ بڕەخسێت، ئافرەتی كورد دەتوانێت داهێنانی زیاتر بكات، كاتێك ئافرەت سەركەوتوو بێت دەتوانێت منداڵەكانی بە شێوەیەكی سەركەوتوو پەروەردە بكات، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی باوك، برا، هاوسەر و هاوڕێكانی شانازیی پێوە دەكەن، كاتێك ئافرەتێكی هونەرمەندی سەركەوتوو دەبینم، شانازیی پێوە دەكەم و بڕوای زیاترم بە خۆم دەبێت، ئەگەر ئافرەتانمان بە شێوەیەكی ئازاد گۆرانییەكانیان پێشكەش بكەن و هونەری خۆیان پێش بخەن، بۆ من جیهان خۆشتر دەبێت.»

Top