میشێل: پێویستمان بە ئاگربەستێكی دەستبەجێیە لە غەززە

میشێل: پێویستمان بە ئاگربەستێكی دەستبەجێیە لە غەززە

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی یارمەتی مرۆیی بگەیەنرێتە غەززە، دەبێت دەستبەجێ ئاگربەست بکرێت.

چارلز میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە پەیامێکدا لە هەژماری X ی خۆیدا ڕایگەیاند، ئاگربەستێکی بەپەلە پێویستە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵکی سڤیل لە غەززە.

نووسیویەتی: من تووشی شۆک و بێزاری بووم بە کوشتنی خەڵکی سڤیلی بێتاوان دوێنێ لە غەززە کە بە نائومێدیەوە چاوەڕێی یارمەتییە مرۆییەکان بوون.

میشێل داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و لێپرسینەوەی کرد لەو كەسانەی بەرپرسن لەم هێرشە و گوتی: ئاگربەستی دەستبەجێ پێویستە بۆ ئەوەی بتوانرێت هاوکاری مرۆیی لە لایەن دەزگا تایبەتمەندەکانی وەکو دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین لە نزیکەوە پێشکەش بکرێت.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان کە چاوەڕوانی یارمەتییە مرۆییەکان بوون لە غەززە کوژراون بۆ ١١٢ کەس بەرزبووەوە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top