شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: كێشەی سەرەكیی فرەحزبی ئەوەیە كە لەناو ژینگەی نەخۆشییەكی مەترسیدار لەدایك بووە، كە ئەویش یەكتر قبووڵنەكردن و سڕینەوە بووە
شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و دەرچووی كۆلێژی یاسایە و لە سەرەتای لاوییەوە ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە و، لە بۆنە و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا «ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان» بەمجۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.
حزبی سیاسی لە كۆمەڵگەی دیموكراتی، پێداویستییەكانی كۆمەڵگە دروستی دەكات و لەناو پێداویستییەكانی كۆمەڵگە لەدایك دەبێت و، هەتا ئەو پێداویستییانە دروست نەبن، حزب نابێتە پێویستییەك بۆ كۆمەڵگە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە لە دەستووری ئەمریكادا باس لە پێویستیی حزبی سیاسی نەكراوە و، دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە سەركەوتنی شۆڕشی ئەمریكا لە ساڵی 1928 حزبی كۆماری دیموكراتی لەسەر دەستی تۆماس جیفرسۆن دامەزرا، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی توانای خەڵكی ئەمریكا ڕێك بخەن و بتوانن وڵاتەكە بپارێزن، پاشان لە ساڵی 1954 ئۆپۆزسیۆنەكانی دژی یاسای بەرفراوانكردنی كۆیلایەتی حزبی كۆمارییان دامەزراند بە حزبە دێرینە گەورەكە «GOP»، پاشانیش هەر ئەم حزبە بە سەركردایەتیی ئەبراهام لینكۆڵن شۆڕشی لە دژی كۆیلایەتی كرد و سەركەوت و كۆیلایەتی نەهێشت.
مێژووی دامەزراندنی حزبی سیاسی بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش نەبووە بەڵكو وەك بەڕێزانیش ئاماژەیان پێ كردووە، بۆ پاراستنی بزاڤی كەلتووری و زمان و شوناس بووە، هەربۆیە كاتێك جەنابی مستەفا بارزانی لە ساڵی 1943 دوای ڕاوێژكردن لەگەڵ جەنابی شیخ مەحموودی حەفید بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ بارزان و شۆڕشی دووەمی بارزانی هەڵگیرساند، حزبی دانەمەزراند، بەڵكو بە هاوكاری لەگەڵ ئەفسەرە ئازادیخوازەكان شۆڕشی دەست پێكرد و پاشان لێژنەیەكی بە ناوی لێژنەی «ئازادی» بۆ بەڕێوەبردنی شۆڕش دامەزراند و ئەم لێژنەیەش بە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی كوردستان لە عێراقدا دانوستاندنی لەگەڵ ڕژێمی پادشایەتی عێراق كردووە و، دوای ئەوەی پێشەوا قازی محەمەد لەدوای شەڕی دووەمی جیهانی كۆماری كوردستانی لە شاری مەهاباد ڕاگەیاند، مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی بۆ پاراستنی ئەو كۆمارە چوونە ڕۆژهەڵات و لە ماوەی ئەو ساڵەی تەمەنی كۆماردا بەرگرییەكی زۆر قارەمانانەیان لەو كۆمارە كرد، بەڵام مستەفا بارزانی كە خۆی سەركردایەتیی هێزەكانی پاراستنی كۆماری دەكرد و لە ئاكامی ئەو شەڕانەی خۆی سەركردایەتی دەكرد بۆ پاراستنی كۆماری كوردستان، ئەوەی بۆ دەركەوت بە بێ ڕێكخستنێكی سیاسیی بەهێز كە بتوانێت هەموو هێز و تواناكانی گەلی كوردستان ڕێكبخات و كۆبكاتەوە، ناتوانرێت نە شۆڕش و نە دەوڵەتیش بپارێزرێت، هەتا ئەگەر ئەو دەوڵەتە ڕابگەیەنرێت.
لەم ڕوانگەیەوە مستەفا بارزانی بیری لەوە كردووە كە حزبێك لە كوردستانی عێراق بە ناوی «پارتی دیموكراتی كوردستان» دابمەزرێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەم حزبە چۆن چۆنی دابمەزرێت؟ ئەوە بەڵگە مێژووییەكان پێمان دەڵێن، كە پێش ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك «حزبێكی سیاسی خاوەنی بەرنامە و پەیڕەوی خۆی» دابمەزرێت، بەرنامەیەك هەبووە ئەم حزبە لە «یەكگرتنی ئەو حزبە سیاسییانەی ئەو سەردەمە كە بڕوایان بە شۆڕش و دەوڵەتی كوردستان هەیە، لەگەڵ كەسایەتییە ناودارەكان و كەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرەكان» هەموو پێكەوە زەمینەی كۆنگرەیەك بڕەخسێنن بۆ ئەوەی كۆنگرەیەك گرێ بدەن لەبەر ڕۆشنایی ڕاوبۆچوونی تەواوی حزبە سیاسییەكان و كەسایەتیی دیاری سیاسی و ڕۆشنبیری، بەرنامەیەك بۆ شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان دابڕێژن.
ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی 1946، چەمكی حزبی سیاسی كوردی و كوردستانی بردە قۆناغێكی دیكە و حزبی كردە ئامڕاز بۆ ئامانجێكی گەورە هەر بۆیەش لەماوەیەكی زۆر كەمدا بووە حزبێكی سەرتاسەری كوردستانی و هۆز و خێڵەكانی كوردستانی كۆكردەوە و لەناو بەرنامەیەكی سیاسیی نیشتمانیدا ڕێكی خستن و، لە 11ی ئەیلوولی 1961 كاتێك چەخماخەی شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، پارتی دیموكراتی كوردستان و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بوونە ئیرادەی شۆڕشی ئەیلوول كە لە ماوەی یەك دوو ساڵدا ڕژێمی عێراقی بە چۆكدا هێنا و ناچاری كرد دانوستاندنی لەگەڵ دەست پێبكات.
ئەم ئاراستە دروستەی حزبی سیاسیی كوردی لە ناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی ڕابردوو تووشی پەتا و شێرپەنجەی لێكترازان و پەرتەوازەیی بوو، ئەو لێكترازان و پەرتەوازە بوونە لەسەر بنەمای بیربۆچۆنی جیاواز نەبوو لەسەر ئەوەی شێوازی شۆڕشی ئەیلوول چۆن بێت و كام ئاراستە بگرێت، بەڵكو لەسەر بنەمای ڕق و كینە و خواستی گەیشتن بە دەسەڵات بوو، هەر ئەمەش وای كرد كە ئەو لێكترازانە شێوازی دوو بیروبۆچوونی جیاوازی سیاسی بۆ ڕزگاری كوردستان وەرنەگرێت، بەڵكو دوو ئاراستەی پێچەوانەی وەرگرت، كە بریتی بوون لە ئاراستەی پشتگیركردن لە شۆڕش و لە بەرانبەریشدا ئاراستەی دژایەتی و شەڕكردن لەگەڵ شۆڕشدا كە خەڵكی كوردستان و ئەوانەشی لەگەڵ ئەو باڵە بوون، ئاراستەی دژە شۆڕشیان ڕەت دەكردەوە.
كێشەی سەرەكیی ئەوەی پێی دەڵێن «سیستمی حزبی و فرەحزبی» ئەوەیە كە لە ناو ژینگەی نەخۆشییەكی مەترسیدار لەدایك بووە، كە ئەویش یەكتری قبووڵنەكردن و یەكتری سڕینەوە بووە و، لەدوای ساڵی 1975یش كە حزبی زیاتر دروست بوو و فرەحزبییەكە فراوانتر بوو، دیسان هەر لەناو ئەو ژینگە نەخۆشە دروست بوو، ژینگەیەك كە خەڵكی كوردستان ڕەتی دەكردەوە و وەك دوژمنی كوردستان سەیری دەكرد. لە كۆتایی ساڵی 1986 تا ساڵی 1992 بەرەی كوردستانی توانی بە شێوەیەكی كاتی ئازاری ئەم نەخۆشییە سڕ بكات، بەڵام بەداخەوە هەر لەگەڵ دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە ئەو ژینگەیە و ئەو نەخوشییە ترسناكە سەرهەڵدایەوە و هەتا ئێستاش ئەو ژینگە ترسناكە بەردەوامیی هەیە، بۆیە لێرەوە ئەم پێشنیارانە دەخەمە ڕوو:
1- گرێدانی كۆنگرەیەكی میللی ئەمەش واتە نوێنەرانی سەرجەم چین و توێژەكان و كەسایەتیی دیار و سیاسی و ڕۆشنبیری ئەم وڵاتە كۆبكاتەوە، لەم كۆنگرە میللیەدا خاتری هیچ حزبێكی سیاسی نەگێرێت و هەڵەی هەموو حزبەكان ئاشكرا بكرێت و ئەم كۆنگرە میللییە ببێتە مانیفێستێك و هەموو حزبە سیاسییەكان پێوەی پابەند بن.
2- یاسای حزبە سیاسییەكانی كوردستان دووبارە لەبەر ڕووناكیی مانیفێستی كۆنگرە میللیەكە هەموار بكرێتەوە، یاسایەكی دیكەش دەربچێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی حزبە سیاسییەكان لەگەڵ دامەزراوە شەڕعییەكانی هەرێمی كوردستان ڕێك بخات.
3- سنوورێك بۆ سیاسەتی میدیا لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان دابنرێت و ئەم سنووردانانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە یاسا جێبەجێ بكرێت.