نــەخــێـــر بۆ جلوبەرگی کوردی!

نــەخــێـــر بۆ جلوبەرگی کوردی!

پۆشاکی نەتەوەیی، دوای زمان پێناسەی نەتەوە دەکات، کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیكەی سەربەخۆ، خاوەن جلوبەرگی تایبەت بەخۆیەتی. ئەگەر مێژووی جەژنی نەورۆز نزیک بووبێتەوە لە 2724 ساڵ ، ئەوا بەدڵنیاییەوە مێژووی جلوبەرگی کوردی بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە .
جلوبەرگی کوردی لەڕووی شێواز و پۆشینەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیكی کوردستان جیاوازە.
لە پەیدابوونی کەلتووری جلوبەرگی کوردی تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەر شێوەکەی ھاتووە، بەڵام ئەو گۆڕانکارییە نەبووەتە هۆی نەمانی و هێشتا مۆرکی نەتەوەیی پاراستووە و توانیویەتی تا ئەمڕۆ بە زیندوویی لەنێو کوردان بمێنێتەوە .لێ، مخابن لە وەها بارودۆخێکدا فەرهەنگ و کەلتوور و پۆشاکی کورد لە بەرانبەر مەترسییەکی ڕاستەقینەدایە، رەنگە ئەو مەترسییە ببێتە هۆی بەرەو هەڵدێر بردن و سەرەنجام لەناوبردنی ئەم کەلتوور و فەرهەنگە.
بە دیاریکردن و جێبەجێکردن و کورتکردنەوەی بڕیاری پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی بۆ ڕۆژێک لە ساڵێکی تەواودا، بە ناڕاستەوخۆیی بە لەناوبردنی ئەو کەلتوور و مۆرکە کوردییەی دەزانم .
هەر لۆیە لە ڕابردوو گوتوومە، لە ئێستا و داهاتووش دەیڵێمەوە، گەلێک پێویستە بزاڤێک سەرهەڵبدات و فەرهەنگ و پۆشاکی کورد لە فەوتان بپارێزێت، بزاڤ و پاراستنێک بە واتای وشە و تکاکاریشم کە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان نەکرێن بە بزاڤی پاراستنیان! دەزانن بۆ؟
سەیرێکی بەشێک لەو شوێنانە بکەن، کە بە قسەی خۆیان شوێنی زانستین، ئەوەتا لە یەکێک لە کۆلێژەکانی زانکۆیەکی حکوومی لەم هەرێمی کوردستانە، ڕێگری لە قوتابیان دەکرێت جلوبەرگی کوردی لەبەر بکەن، مەگەر لەم تاکە رۆژە نەبێت! تەواوی ڕۆژەکانی دیکەش پانتۆڵ و عەگالی بیانی ئاساییە! سەیرێکی سەنتەرە کوردییەکانمان بکەن، سوپاس و پێزانینیان بە زمانی بیانی و ئینگلیزین!! ئایە ئەمە لەناوبردنی کەلتووری نەتەوەیی باب و باپیرانمان نییە؟ کوردپەروەران چەندە دڵیان خۆشە کاتێک ئاڵای وڵاتەکەیان لەتەک ئاڵای دەوڵەتە زلهێزەکان دەبینن، دڵخۆشترن کاتێک سەرۆکێک و بەرپرسێکیان دەبینن کە جلوبەرگی کوردی لەبەردایە و بەو شێوازە خۆی لە وڵاتان مێوان دەبێت و پێشوازی لە مێوانەکانیشی هەر بەو جلانەیە .
کەواتە بۆ وای لێدێت کە جلداشە و عەگالی عەرەبی لە کەناڵە فۆلکلۆرە کوردییەکانمانەوە گرنگیی زۆرتری پێبدرێت؟!
بەداخەوە ئەکرێ بڵێم: وای لێهاتووە کاتێ کەسێک دەبینرێ کە جلوبەرگی کوردی پۆشیوە، وا دەزانن گوندیێکە و نارۆشنبیرە و کتێبی نەدیوە! زۆرێکتان لەوانەیە بەسەرهاتی گاندیتان بیستبێت، کاتێک بە یەک دوو مەتری قوماش و بزنەکەی چوو بۆ ناو پەڕلەمانی بەریتانیا.. دەزانن لەو کاتدا هیچ هیندییەک نەیگوت "ئەو جلانە ئەتەکێت نین و بزن و پەرلەمان کوجا مەرحەبا؟"
بێنە پێش چاوت، دوو گەنج یەکیان بە جلوبەرگی کوردی و ئەویتریان بە پۆشینی قاتێک و بەستنی ریباتێک و لەچاوکردنی چاویلکەیەک، سەردانی چێشتخانەیەکی ئەم هەرێمی کوردستانە بکەن، کامیان زیاتر رێزی لێدەگیرێت؟ مخابن لێرە بە گوێرەی جلوبەرگ بڕیار لەسەر کەسایەتیی مرۆڤەکان دەدرێت، تەنانەت بە پێچانی ملپێچێک بیروڕای سیاسییان دیاری دەکرێت و پێوەری ئاستی ئەکادیمی و خوێندەواریشیان پۆشینی قات و بەستنی ڕیباتێکە، بەڵام هەموو ئەو بیرکردنەوانە، بیرکردنەوەی سەردەمی نەزانین و ئەو بیرکردنەوانە و ئەو سەردەمە، سڵاوێکی باشی دەوێت .
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە حکومەت بە خاوەن دەربکەوێت لە کەلتوورەکە و بە بڕیارێک جلوبەرگی کوردی وەک جلی فەڕمی و زمانی کوردی وەک زمانی یەکەم لە سەرجەم دامودەزگا حزبی و حکوومییەکان و شوێنە تایبەت و گشتی و گەشتیارییەکان بناسێنێت، نەک دڵخۆش بن بەوەی کە کراوە بە تاقەنەی نێو 365 رۆژی ساڵ! ئەگەر وا بێت، دەشێت بڵێین: نەخێر بۆ جلوبەرگی کوردی!

Top