دیانا حەداد هەرای نایەوە

دیانا حەداد هەرای نایەوە

هونەرمەندی لوبنانی دیانا حەداد ئەو ڕاستییەی ئاشكرا كرد كە بیر لە وازهێنان لە هونەر دەكاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەم هەواڵە لەم ماوەیەی دواییدا بڵاوبووەوە بەهۆی دووركەوتنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سڕینەوەی سەرجەم وێنەكانی لە ئەكاونتە تایبەتییەكانیدا.

لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا دیانا حەداد ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە باس لەسەر خانەنشینبوونی دەكەن و لە كۆمێنتێكدا گوتی: «ئەوانەی باس لەسەر خانەنشینبوونی من دەكەن ئەوەی دەیانەوێت با بیڵێن، هونەرمەندێك كە بینەری نەبێت بۆی باشترە لە ماڵەوە بمێنێتەوە، من خاوەن جەماوەری خۆمم و زورم خۆشدەوێن بۆیە بەردەوام دەبم.»

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو بەهۆی هەندێك كەسەوە بە چەندین كێشە و سەختیی لە ژیانیدا تێپەڕیوە، بەڵام توانیویەنی بە هێز و كۆڵنەدان ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

دیانا حەداد لە كۆمێنتێكدا دەڵێت: «بە كاتی زۆر سەختی ژیاندا تێپەڕیوم.. هیچ مرۆڤێك نییە بە هەلومەرج و كێشە و فشاردا تێنەپەڕیبێت، خوا لێیان رازی بێت ئەوانەی باسی وازهێنانی من دەكەن وەك ئەوەی ئەوان هۆكار بوون، ئەمە لاپەڕەیەكە و منیش هەڵمگێڕاوەتەوە،بەخۆم دەڵێم تۆ هەمیشە دەتەوێت باشتر بیت لە هەموو ئەو قسە بێمانایانەی كە دەیبیستین و دەیبینین”.

سەبارەت بە هۆكاری دوور كەوتنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سڕینەوەی وێنەكانی بۆ ماوەیەك، دیانا ئەمەی بە ماوەیەك پشوودان بۆ خۆی وەسفی كرد.

لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: «پشوویەكم وەرگرت و هەموو وێنەكانم سڕیەوە، هەروەها هەموو سۆشیال میدیاكانم بۆ ماوەی سێ هەفتە وەستاند، ماوەی پشوودان و پێداچوونەوە گەڕانەوە بوو بە زۆر شت و بۆ شتی نوێ».

ئاماژەی بەوەش كرد، دەنگۆ لەسەر حیجابەكەی و خانەنشینبوونی لە هونەر بڵاوبووەتەوە، دوای ئەوەی وێنەیەكی لە عەمرە بڵاوكردەوە كە مێژووەكەی بۆ ٧ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەنگۆی هاوسەرگیری و نەخۆشییەكەی بەهۆی دووركەوتنەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەو ماوەیەدا بڵاو بووەتەوە.

دیانا حەداد پێشتر لێدوانێكی لەسەر ئەو بابەتە داوە و دەڵێت: «پشوویەكم بە خۆم دا و بۆ ماوەیەك لە سۆشیال میدیا دوور كەوتمەوە و لەو ماوەیەشدا هەستم بە خۆشەویستی و گەورەیی خەڵك و میدیا و جەماوەرە ئازیزەكەم كرد.»

Top