كەنار محەمەد: وێڕای كاری مامۆستاییم و  ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵ و دایكایەتی، حەزم بۆ كاركردن زۆرە

كەنار محەمەد:  وێڕای كاری مامۆستاییم و   ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵ و دایكایەتی، حەزم بۆ كاركردن زۆرە

 

 

كەنار محەمەد، خانمە دەستڕەنگینێكی بەتوانا و بەسەلیقەیە و دانیشتووی شاری سلێمانییە و مامۆستای قۆناغی ئامادەییە و دایكی دوو كچی جوانە، وێڕای كاری مامۆستایی و ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵ و دایكایەتی، سەرقاڵی كاری دەستییە و لە ماڵەكەی خۆیدا كەلوپەلی جوانكاری و ئێكسسوارات دروست دەكات و بە شێوەی ئۆنڵاین بەرهەمە دەستكردەكانی بەبازاڕ دەكات. لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان زیاتر باسی كارەكەی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

كەنار محەمەد، سەبارەت بە ئەزموونی كارەكەی دەڵێت: «جگە لە كاری مامۆستایی حەزم كردووە كارێكی سەربەخۆشم هەبێت، ئەمەش وەكو خولیایەكە لە منداڵییەوە هەمبووە، زیاتر حەزم لە چنین و دروستكردنی ئێكسسوارات بووە و حەزم لەوە بووە كەلوپەلەكانم خۆم دیزاینیان بكەم، لە جلوبەرگی كوردیشدا هەمیشە حەزم كردووە ڕەنگەكان تێكەڵ بكەم، كارەكەم بریتییە لە دیزاین و چنین و جگە لە جلوبەرگ، سەرمێز و پەردەكانی ماڵەكەم بە خۆم دروستیان دەكەم و دەیانچنم.

 حەزم بۆ دروومان و دیزاین خولیایەكی منداڵیمە، سەرەتا مەكینەم نەبوو جلەكانی خۆم و منداڵەكانم بە دەست دەدووری، باوكم بە ڕەحمەت بێت ماوەی 45 ساڵ بەرگدوور بوو، خوشكە گەورەكەشم بەرگدوورە، كە منداڵ بووم، زۆر سەیری فیلمی هندیم دەكرد، تا ئەو ئاستەی سوودم لە شێوەی جلوبەرگ و تێكەڵكردنی ڕەنگەكانیان وەردەگرت. كە گەورە بووم خۆم جلەكانی خۆمم دەدووری و دیزاینم دەكردن، كە خزم و كەس و هاوڕێكانم دەیانبینی دەستخۆشییان لێدەكردم و هانی بەردەوامبوونیان دەدام، بەتایبەت خێزان و خانەوادەكەی خۆم و هاوسەر و كچەكانم هاندەر و پاڵپشتم بوون، ئەوان هەمیشە كاتیان پێ بەخشیوم و هانیان داوم، ئەگەر ئەوان نەبوونایە، نەمدەتوانی بگەمە ئەو ئاستەی ئێستام، چونكە لە پاڵ كاری مامۆستاییم وانەی تایبەتیشم دەگوتەوە و بەردەوام قوتابی پۆلی 12م هەبوو. لێرەوە سوپاسیان دەكەم، بەتایبەت هاوسەرەكەم، چونكە زۆر هاوكارمە و بەردەوام پشتگیریم دەكات. وێڕای كاری مامۆستاییم و ئەركی بەڕێوەبردنی ماڵ و دایكایەتی، حەزم بۆ كاركردن زۆرە، بەڵام هەست بە هیلاكی ناكەم جاری واهەبووە تا بەرەبەیان دانیشتووم و ئێكسسواراتم دروست كردووە.

گوتیشی: «هەمیشە هانی دەوروبەرم داوە كە كاتەكانیان بێسوود بەڕێ نەكەن و بەپێی توانای خۆیان كارێك بكەن، ئەگەر كارەكە بچووكیش بێت. من پێموایە مرۆڤ چ ئافرەت بێت، یان پیاو، ئەگەر بە كارێك سەرقاڵ بێت، وێڕای دەستكەوتە ماددییەكە، لە ڕووی دەروونیشەوە ئاسوودە و بێ گرفت دەبێت، بەردەوام هانی قوتابییەكانیشم دەدەم كە هەوڵ بدەن، چونكە هەموو تاكێك بەهرە و زیرەكیی تایبەتی هەیە و پێویستە كەسەكە هەوڵ بدات و بیدۆزێتەوە و پەرەی پێ بدات.»

كەنار محەمەد لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «من دوو كچم هەیە، ئەوانیش وەكو خۆم خولیای كاری دەستییان هەیە و خاوەن پەیجی تایبەت بە خۆیانن، كچە گەورەكەم بەشی شیكاری نەخۆشییەكانی تەواو كردووە و لە نەخۆشخانە كاردەكات، بەڵام كاری دەستی فەرامۆش نەكردووە و بەردەوامە، كچەكەی دیكەشم قوتابی قۆناغی دووی بەشی بزنێسە لە زانكۆی كۆمار، شانبەشانی خوێندنەكەی كاری چاككردن و دیزاینكردنی نینۆك دەكات، هاوكات شێوەكاریشە، بە كورتییەكەی هەرسێكمان جگە لە كاری ئیداری كاری سەربەخۆمان هەیە و لە پەیجەكانمانەوە كارەكانمان ئاراستە دەكەین و نیشانی دەدەین.

مامۆستا كەنار لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە بۆ داهاتوو چ بەرنامەیەكت هەیە، گوتی: «خەون و خولیام پەرەپێدانە بە ئیشەكەم و دەمەوێت گەورەتری بكەم، هەروەها دەمەوێت كارەكانم لە بواری بەردی بەهادار و پیرۆز وەكو یاقوت و مرواری فراوانتر بكەم، كە لە كارەكانمدا بۆ ئێكسسواراتەكان بەكاریان دەهێنم، واتا شوێنێكم هەبێت تایبەت بەدیزاین و دروستكردنی ئێكسسوارات بە بەرد و موورووی ڕەسەن و ناساندنیان بە زانیاریدان دەربارەی ئەو بەرد و موورووانەی كە بەكاریان دەهێنم. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا حەزێكی زۆرم هەیە بۆ دروستكردن و دیزاینكردنی تارای بووك و هەوڵی ئەوە دەدەم ڕۆژێك لە ڕۆژان شوێنێكی تایبەت بە تارای بووك بكەمەوە، یەكەم تارام بۆ خوشكەزاكەم دروست كرد و بە مرواری نەخشاندم و درێژییەكەی 16 مەتر بوو.

 

Top