دینگ و بەرداشە بۆ ساوار چاككردن

دینگ و بەرداشە بۆ ساوار چاككردن

 دینگ، ئەو ئامێرە خۆماڵییەی ساوارخواردن لە زەمەنی ئەودا تامو لەززەتی خۆی هەبوو، وەرزی پایزان كۆمەڵگەی هەولێر بە مەنجەڵی گەورە گەورە ساواریان دەكوڵاند و لەسەربانان هەڵیان دەخست، منداڵ شادومان دەبوون كە دانویان دەخوارد، ئیدی بەرەو دینگ دەچوون ساوار، گەنمەكوتاو، بڕوێش، پیرخەنی. هەر لەو سەردەمەدا ئامێرێك دەرچوو بە پشتەكۆڵ بە كۆڵانان دەیانگەڕاند تا خەڵك هەڕشتەی پێ دروست بكات، وەك جلك لەسەر دەست هەڵدەخرا تا زوو وشك ببێتەوە، ئینجا بە سێڵ سوور دەكرایەوە منداڵیش بەڕۆكیان لە پاشماوەكە پڕ دەكرد، بۆن بەرامەی هەڕشتە بەسەر ماڵە دراوسێكان دەڕۆیشت. ئەو ئاژەڵەشی دینگەكەی دەسووڕاند وەكو (وڵاخی گێرە و جەنجەڕ) پارچە لبادێكیان لە تەنیشت چاوی دەبەستەوە تا جگە لە ئیشەكەی خۆی هیچ شتێك نەبێنێت، لە هەولێر پێی دەڵێن دینگ لە سلێمانی پێدەڵێن بەرداش، هەندێك جار بە هێستر یان گا یانیش گوێدرێژ دەخولێنداریەوە، ساوەر و گەنمەكوتاو و بڕوێشی پێ دەهاڕدرێت.

 

Top