بەرپرسێکی ئیسرائیل:  راگرتنی چەکی ئەمریکی زیان بە ئامانجە سەربازییەکانمان دەگەیەنێت

بەرپرسێکی ئیسرائیل:  راگرتنی چەکی ئەمریکی زیان بە ئامانجە سەربازییەکانمان دەگەیەنێت

ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، بڕیاری ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی چەک لە ئیسرائیل بەهۆی پلانە هێرشبەرەکانی لە ڕەفع "ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بکات پلانی ئۆپەراسیۆنی خۆی بگۆڕێت. "

ئەو بەرپرسە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ناوی نەهێنراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەنگە ئیسرائیل ناچار بێت سەرکردایەتی "ئابووری چەک" بکات، بەو مانایەی کە تەقەمەنیەکانی دەپارێزێت بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی تەواو نەبێت.

ئەم لێدوانە هاوکات دەبێت لەگەڵ لێدوانەکانی سەرۆکی پێشووی بەرهەمهێنانی بەرگری و لۆجستی لە ئیسرائیل، کە ئەو ئیدیعایەی ڕەتکردەوە کە ئیسرائیل "دەتوانێت بەبێ چەکی ئەمریکی کار بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێموانییە نیازێکی خراپ لە پشت ئەم (بڕیارەوە) بێت، بەڵام ڕوونە کە هەر سنووردارکردنێک لە ئیسرائیل لەلایەن هاوپەیمانانی و دوژمنەکانییەوە بەو شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە هیوای سەرکەوتنیان پێدەبەخشێت لە کارەکانیاندا. دەتوانێت هانی دوژمنانی ئیسرائیل بدات.

ئەو بەرپرسەی پێشوو زیاتر جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل "ناچارە لە شوێنەکانی دیکەوە چەک دەستەبەر بکات".

"جۆ بایدن" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد، کە ئەگەر بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڕەفع ئەوا چەک و تۆپخانە بۆ ئیسرائیل دابین ناکات.

دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ تەلئەبیب، گیلاد ئەردان باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، کە زۆرێک لە جولەکەکانی ئەمەریکا هەن کە دەنگیان بە سەرۆک و پارتی دیموکرات داوە و ئێستا دوودڵن.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ڕەفع، سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی بایدن.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top