نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین B12

نیشانەكانی كەمیی  ڤیتامین  B12

ڤیتامین B12 بە كۆبالامین Cobalamin ناسراوە، چونكە كانزای كۆبالت لەخۆدەگرێت، لە ئاودا دەتوێتەوە، زۆر گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و ترشی DNA ناو ناوكی خانەكانی لەش، هەروەها بەرهەمهێنانی وزە لە لەشدا، لەگەڵ فرمانی دروستی كۆئەندامی دەمار. پێویستیی ڕۆژانەی ئەم ڤیتامینە بۆ كەسانی پێگەیشتوو تەنیا 2.5 مایكرۆگرامە، سەرچاوە خۆاكییە دەوڵەمەندەكانی ڤیتامین B12 ئەمانەن: ماسی، گۆشت، جگەر، هێلكە، پەلەور، پاقڵەی سۆیا، لەگەڵ شیر و بەرهەمەكانی شیر. كەمیی ڤیتامین B12 حاڵەتێكی باوە، نیشانەكانی بریتین لە: هەستكردن بە سڕبوون لە دەست و قاچ و پێیەكاندا، چونكە كەمیی ڤیتامین B12 دەبێتە ئەگەری تێكدانی توێكڵی دەمارەكان، گرفت لە پیادەڕۆییدا، هەستكردن بە سەرما، هێڵنج، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و كەمبوونەوەی كێشی لەش، سكچوون یان قەبزی، سەرئێشە، كاڵبوونی ڕەنگی پێست، خەمۆكی، شێوان لەگەڵ گرفتی پەیوەست بە یاد و بیرهاتنەوە، بێهێزبوونی ماسوولكەكان و هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكیی جەستەیی، هەوكردنی دەم، هەوكردن و لووسبوونی زمان كە هاوكاتە لەگەڵ هەستكردن بە سووتانەوەی زمان، دڵەكوتێ یان هەستكردن بە ترپەكانی خێرا لێدانی دڵ Palpitations.

 

Top