لـــە گـــۆڕانــــی كەشوهەوادا، چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت پێویستن

لـــە گـــۆڕانــــی كەشوهەوادا، چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت پێویستن

 

 

چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت ناسراو بە «نەیچەر بەیسد سۆڵیوشن»، كە كورتكراوەكەی (ئێن. بی. ئێس)ـە، بریتییە لەو چارەسەرانەی كە هێزی سرووشت بەكار دەهێنن بۆ بەهێزكردنی سیستمی ژینگەیی و فرەچەشنیی زیندەوەران و خۆشگوزەرانیی مرۆڤ لە چارەسەركردنی دۆزە ژینگەییە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەدا.

بە واتای دووەم: بریتییە لەو ڕێكارە سرووشتییانەی كە سیستمی ئیكۆڵۆژی دەپارێزێت و، بە شێوەیەكی بەردەوامیش بەڕێوەیان دەبات و لە یەك كاتیشدا سوود بە مرۆڤ و ژینگەش دەگەیەنێت.

بەواتای سێیەم: بریتییە لە پەنابردنەبەر چارەسەرێكی سرووشتی كە لەبەر دەستدایە، ئەویش سرووشت خۆیەتی.

چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت، گرووپێكی فراوان لە ڕێكار لەخۆ دەگرن بۆ پاراستن، یان گێڕانەوە، یان بەڕێوەبردنی پێكهاتە سرووشتییەكان لە نێو ئاو و وشكانی و ناوچە شێدارەكان و نەمامگە و دارستانەكان و ناوچە شارستانییەكاندا، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكانی پەیوەست بە ئاسایشی خۆراك و ئاو و گۆڕانی كەشوهەوا و كارەساتە مەترسیدارەكان و تەندروستیی مرۆڤ.

چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت، هەمان ئەو ڕێگەچارانەن كە سەدان ساڵ لەمەوبەر گەلانی ڕەسەن و كۆمەڵگە لۆكاڵییەكان بەكاریان هێناوە و، ئێستاش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی گەڕانەوەدایە بۆ بەكارهێنانی هەمان ڕێگەچارە، لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی دانیشتووانی ناوچەكان و ڕێزگرتن لە خاك و سرووشتیان و، گوێگرتن لە ڕا و بۆچوونیان و سوودگەیاندن بە هەموویان بێ جیاوازی.

بۆیە لێرەدا چەند ڕێكارێك پێویستن كە بگیرێنە بەر بۆ چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت، لەبەر ئەوەی هیچ ڕێگەچارەیەكی تەكنۆڵۆژیی خێرا بۆ چارەسەری گۆڕانی كەشوهەوا، وەك چارەسەرە لەسەرخۆی سرووشتییەكان نییە، كە پشت بە خودی سرووشت دەبەستن. بۆیە پێویستە چەند هەنگاوێك بنرێن لە پێناوی كاراكردنی چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت وەك:

یەكەم: كەمكردنەوەی ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و خۆگونجاندن لەگەڵیدا، وەكو دروستكردنی ناوچە شێدارەكان و پاراستنی دارستانە كەناراوییەكان بۆ ڕێگرتن لە كاریگەرییەكانی لافاو و شەپۆلە دەریاییەكان.

دووەم: فرەچەشنیی زیندەوەران و سیستمی ژینگەیی بە پاراستنی دارستانەكان، وەك پەناگەی زۆرێك لە زیندەوەران، كانگای سەرەكیی هەوای پاك، ڕاگری خاك لە داماڵین، كۆكەرەوەی كاربۆن.

سێیەم: پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ و ئاسایشی ئاو و خۆراك لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی مەترسیی كارەساتەكان.

چوارەم: نەخشەكێشانی شارستانی و گەشەپێدانی بەردەوام بە پێكەوەگرێدانی نەخشەكێشانی بەردەوام و ڕێكارە ئەندازیارییەكان و دیمەنە سرووشتییەكان لە شارەكاندا، وەك دروستكردنی پارك و بەكارهێنانی سەرچاوەی وزەی خاوێن و گەشتیاریی ژینگەیی.

پێنجەم: ڕوانین لە چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت، وەك هیوایەك بۆ بەدیهێنانی پێكەوەژیانێكی بەردەوام لەگەڵ هەسارەكەماندا لە ڕێگەی جێبەجێكردنێكی زانستییانە و بەشداریپێكردنی كۆمەڵگە، لە پێناوی ژینگەیەكی هاوسەنگ و پارێزراودا بۆ ئێستا و داهاتوو.

شەشەم: زیادكردنی دارایی بۆ ئەم مەبەستە، چونكە ئەوەی ئێستا بۆ ئەم ڕێگەچارەیە خەرج دەكرێت، ناگاتە (3%) سێ لە سەدی ئەو پارەیەی كە بۆ گۆڕانی كەشوهەوا خەرج دەكرێت.

حەوتەم: خستنەڕووی ئەنجامە ئابوورییە باشەكانی چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت.

هەشتەم: كۆمەككردن بە هەنگاوەكانی پڕۆسەی كەمكردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

نۆیەم: دابینكردنی هەلی كار و كەمكردنەوەی دیاردەی پەنابەری و كۆچی ژینگەیی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە.

دەیەم: هاوكاریكردنی حكومەتەكان بە دانانی چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت، وەك بەشێك لە وەبەرهێنانی سەوز لە نێو سیاسەتی نیشتمانیدا.

یازدەیەم: وەرگرتنی ورە و وزە لە ئەزموونە سەركەوتووەكانی زۆرێك لە وڵات و هەرێمەكانی جیهان لە بواری كاركردن بە ڕێكارەكانی چارەسەرە پشتبەستووەكان بە سرووشت.

دوازدەیەم: زانینی ئەو ڕاستییەی كە سرووشت لێبووردەیە و هەمیشە تۆڵە ناكاتەوە، بەڵكو زۆر جاریش خودچارەسەری پێشكەش بە مرۆڤ دەكات، بەتایبەت لەو كاتەی كە مرۆڤ لە ڕێگەچارەكانی خۆی نائومێد دەبێت.

 

Top