کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: هەڵبژاردن دەبێت گەل پەسند بێت

کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: هەڵبژاردن دەبێت گەل پەسند بێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە پیرمام کۆبووەوە. جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان و بەرپرسى لقەکان بەشدار بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا باسی شەش تەوەری سەرەکیی کرا؛ پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر، پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ناوخۆى کوردستان، راگەیاندن و دۆخی ناوخۆى پارتی. لەدوای کۆبوونەوەکە، کۆمیتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.

کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دەڵێت، ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا بوون "بۆ ئەوەى پەنا نەبەینە بەر هیچ رێکارێکى دیکە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووى جۆراوجۆر رێگا لەم هەوڵە یاسایى و ئاساییەى پارتیمان گیرا."

کۆمیتەکە دەڵێت، هەرکاتێک "رێککارەکان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکى گەل پەسند، هەڵوێستى خۆمان رادەگەیەنین."

کۆمیتەکە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەوان "داواکاربووین و داواکارین بۆ چارەسەرى کێشەکان پەنا بەرینە بەر دەستوور و رێککەوتنەکان و، هەوڵەکان بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان بەردەوام بن."

هاوکات، پشتوانی خۆی بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەردەبرێت "بۆ جێبەجێکردنى مادەکانى دەستوور و رێککەوتنەکان و چارەسەرکردنى کێشەى بودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەرانى خۆڕاگرى کوردستان."

جگە لەوەش، لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوەکرایەوە کە رێگا نەدرێت "هیچ هەڕەشەیەک لە هەرێمە هەبێت بۆ سەر بەرژەوەندى و ئەمنیەتى وڵاتانى دراوسێ."

دەقی راگەیێندراوەکە:

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مه‌سعود بارزانی، كۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، ئەمرۆ یەک شەممە ٢٦/٥/٢٠٢٤ له‌ صلاحه‌دین، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆك و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و یەدەگەكان و بەرپرسى لقەکان، كۆبوونەوەی فراوانى خۆی ئەنجام دا.

دواى ساتێك وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌مشه‌ له‌یاد، کۆبوونەوە کە لە ڕۆژێکى پیرۆز و مێژوویى ئەنجامدرا، بە پیرۆزبایى ٢٦ى گوڵان، چل و هەشتەمین ساڵیادى هەڵگریسانى شۆڕشى گوڵان، ئەو شۆڕشەى کە ویست و پیلانى دوژمنانى کوردستانى کردە خەونێکى بەدى نەهاتوو، دەستى پێکرد.

دواتر چەند پرسێکى هەنوكەیی و گرنگ و پێویست خرانە بەر باس و گفتوگۆ و، ئه‌و بابه‌ت و ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ بڕیاری پێویستیان بۆ وەرگیرا:

تەوەری یەكەم: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر:

پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران، کە هەوراز و نشێوى بەخۆیەوە بینیوە و ماوەیەک ساردى و لێکتێنەگەیشتن بە پەیوەندییەکانمانەوە دیاربوو، سەرەڕاى ئەوەى کە پەیوەندییەکانمان پێشینەیەکى دێرین و باشی هەبووە و، دواى پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ ئاسیاییکردنەوەى پەیوەندییەکان بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى هاوبەشى هەردوولا، ڕەوتى هەوڵەکانى ئاساییکردنەوە ئاکامى هەبوو، هیوادارین بە ئاراستەى ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتن پەیوەندییەکانمان بگەڕێنەوە ئاستى ئاسایى.

پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمارى تورکیا بە هەوڵى هەردوولا و لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنى بەرامبەر و پاراستنى بەرژەوەندییەکان، ڕێڕەوى ئاسایى خۆى وەرگرتووە و، هاتنى سەرۆک کۆمارى تورکیایش، بەرێز ئەردۆگان بۆ کوردستان، تەکانێکى ئەرێنى و باشى دایە پەیوەندییەکانمان.

پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتان و دەوڵەتانى دیکەى جیهان، بەتایبەتى لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئاستێکى باشدایە و، کۆبوونەوە و سەردانى شاندى وڵاتان و سەردانى شەندەکانمان لە هاتن و چونى بەردەوام و ئاستێکى باشدان، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان پەرەیان پێبدرێت و جموجۆڵى دیپلۆماسى بەهێزتربکەین.

پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى، بەشێوەیەکى گشتى زۆربەى وڵاتانى عەرەبى تێگەیشتنى باشیان لەسەر هەرێمى کوردستان و رۆڵى دامودەزگاکانى هەرێم لە بەشدارى و دابینکردنى سەقامگیرى و ئەمنیەتى ناوچەکە و، دروستکردنى پەیوەندى باش و هاوسەنگ لەگەڵ تەواوى لایەنەکان هەیە، کە هەمیشە هەرێمى کوردستان فاکتەرى رەواندنەوەى گرژیەکانە و بەشێکى گرنگیش بووە لە دژایەتى تیرۆر و توندوتیژى.

کۆبوونەوە هەوڵ و کۆششەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستانى بەرزنرخاند بەئاراستەى چارەسەرکردنى گرفتەکان و بەهێزکردنى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لە ناوخۆى عێراقى فیدراڵ و وڵاتانى دراوسێ و جیهان و، پاڵپشتى هەنگاوەکانیان دەکات. هەروەها جەخت لەوەکرایەوە کە رێگا نەدرێت هیچ هەڕەشەیەک لە هەرێمە هەبێت بۆ سەر بەرژەوەندى و ئەمنیەتى وڵاتانى دراوسێ.

تەوەری دووەم/ پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراق:

دەستوورى هەمیشەیى دەوڵەتى فیدراڵى عێراق رێوشوێنى پەیوەندییەکانی رێکخستووە و بەگوێرەى ماددە و بڕگەکانى، شێوازى بەڕێوەچوونى ئیدارە و مامەڵەى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى دیاریکردووە، هەروەکو دەسەڵاتەکانیش دیاریکراون. لەلایەکى دیکەوە بۆ زیاتر هەماهەنگى و پێکەوە کارکردن، ژمارەیەک رێککەوتنى سیاسى و ئیداریمان لە چوارچێوەى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت ئەنجامداوە.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، داواکاربووین و داواکارین بۆ چارەسەرى کێشەکان پەنا بەرینە بەر دەستوور و رێککەوتنەکان و، هەوڵەکان بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان بەردەوام بن، هەروەها پشتوانى لە هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ جێبەجێکردنى ماددەکانى دەستوور و رێککەوتنەکان و چارەسەرکردنى کێشەى بودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەرانى خۆڕاگرى کوردستان.

تەوەری سێیەم/ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان:

هەروەکو پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە بەر لە کۆتاییهاتنى ماوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردن دابووین بۆ ئەوەى پەنا نەبەینە بەر هیچ ڕێککارێکى دیکە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووى جۆراوجۆر ڕێگا لەم هەوڵە یاسایى و ئاساییەى پارتیمان گیرا، بۆیەش دوابەدواى ڕووداوەکان و بڕیارە جیاجیاکان لەسەر ژمارەیەک بابەتى سیاسى و ئیدارى و دارایى و، جێبەجێنەکردنى دەستوور و لەبەرچاونەگرتنى مافى پێکهاتەکان و هەندێ ڕێککارى نادروست سەبارەت بە هەڵبژاردن، هەڵوێستى خۆمان ڕاگەیاند، ئێستاش هەوڵەکانمان لەگەڵ لایەنەکان بەگشتى بۆ چارەسەرى کۆى کێشەکان بەردەوامە و، دواى ئەوەى چارەسەرى کێشەکانى کە لە هەڵوێستى ڕاگەیاندراوماندا باس کراون بکرێن و، ڕێککارەکان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکى گەل پەسند، هەڵوێستى خۆمان ڕادەگەیەنین.

تەوەری چوارەم/ ناوخۆى کوردستان:

بەگوێرەى بڕیارى کۆنگرە و رێنماییەکانى جەنابى سەرۆک، پارتیمان دەرگاى گفتوگۆکردن و زەمینەسازى زیاتر و لێکحاڵیبوون کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانى هاووڵاتیان و پرۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان دابێت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان کردەوە، بە ئامانجى ئەوەى هەموو لایەک بەیەکەوە بەرگرى لە بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانى خەڵکى کوردستان بکەین. لە ئێستا و داهاتوویشدا هەر ئەوە سیاسەت و بەرنامەى پارتیمان دەبێت.

تەوەری پێنجەم/ راگەیاندن:

بە باوەڕى پارتیمان، راگەیاندن جگە لە هێشتنەوەى هاووڵاتیان لە ئاستى رووداوەکان، پێویستە رۆڵى نەتەوەیى و نیشتمانى خۆى بگێڕێت لە دروستکردنى ئاراستەى یەکترقبووڵکردن و مرۆڤدۆستى و پابەندبوون بە بەها و ئاکارى پێکەوەژیانى نەتەوەیى و ئایینى و سیاسى، هەروەها سایکۆلۆژیاى هاووڵاتیان لەبەرچاوبگرێت و نیگەرانى و دڵەڕاوکێ دروست نەکات و، رەچاوى ئەو گۆڕانکارى و پێشکەوتنە خێرا و زۆرانە بکات کە لە جیهان و ناوچەکەدا لە ئارادان، دەبێ راگەیاندن و روشنبیرى لەو ئاستەدابن کە بە بابەتى لابەلا و بچوک سەرقاڵ نەکرێن، هەروەکو کۆبوونەوە جەختى لەوەکردەوە کە راگەیاندنى پارتیمان وەکو هەمیشە لە ئاستى مێژوو و گەورەیى پارتى و رێبازى پیرۆزى بارزانى دابێت.

تەوەری شەشەم/ ناوخۆى پارتیمان:

لەم تەوەرەدا، کۆبوونەوە تاوتوێى کۆمەڵێک بابەتى رێکخستن و پەیکەرى رێکخراوەی و ئۆرگانەکانى پارتیمانى کرد و، لەم چوارچێوەیەدا پێشنیار و ڕاى بەشى رێکخستنى مەکتەبى سیاسى و مەکتەبى ڕێکخستنى پارێزگاکان و لقەکان خرانە بەرباس و گەنگەشەکردن و، بڕیاردرا بۆ جێبەجێکردنى ماددەکانى پەیڕەوى ناوخۆى پەسندکراوى کۆنگرەى 14، کۆنفرانسى ناوخۆیى لە ئاستى تەواوى ئۆرگانەکانى پارتیمان ئەنجامبدرێت.

كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
26ى 5ى 2024

Top