بۆ یەكەمجار(پەرواز حوسێن) باس لە نەخۆشییەكەی دەكات

بۆ یەكەمجار(پەرواز حوسێن) باس لە نەخۆشییەكەی دەكات

لە ڕێكەوتی 15/5/2024 لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ئەنستگرام تووشبوونی خۆی بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵەكان ڕاگەیاند,لە ئێستادا بۆ یەكەمجار خانمە هونەرمەندی كورد(پەرواز حوسێن) لەڕێی دیمانەیەك لەگەڵ گۆڤاری (سيدتي) باس لە نەخۆشییەكەی و باری تەندرووستی خۆی دەكات.

لە ماڵپەڕی فەرمی گۆڤاری سەیدەتی كە گۆڤارێكی عەرەبیی هەفتانەیەو تایبەتە بە خانمان هونەرمەندان و كاری هونەری,بڵاوكراوەتەوە كە پەرواز حوسێن بۆ یەكەمجار باس لە ڕەوشی تەندرووستی و نەخۆشییەكەی دەكات,لەم سەرچاوەیە هاتووە (پەرواز حوسێن) لە نیوەی مانگی شوبات/2 تووشی نەخۆشی(شێرپەنجە)بووەو لەو كاتەوە دەرمان و چارەسەرییەكانی وەردەگرێت.

لەم بارەیەوە پەرواز دەڵێت:ئەو كاتەی كە زانیم تووشی شێرپەنجە هاتووم لە مانگی شوباتی ئەمساڵ,ویستم هەواڵەكە بڵاونەكەمەوە تا ئەو كاتەی كە دەرمان و چارەسەرییەكانم تەواو ببن,بەڵام نازانم كە چۆن مانگی ڕابردوو هەواڵەكە دزەی كرد و لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبۆوە كە ئەم بابەتە لای هەندێ كەس بووە جێی پرسیار و هەندێك وەهای بۆ دەچوون كە ڕاستەو هەندێكیش دەیانگوت كە تەنها پروپاگەندەیەو تەنها بۆ بانگەشەو دەركەوتنە,ئەم قسەو ڕا جیاوازانە وایانكرد كە خۆم بە فەرمی نەخۆشییەكەم ڕابگەیەنم.بە دڵنیاییەوە وەها باشترە,هەوادار و هاوڕێیانم مافی خۆیانە ئاگاداری هەواڵم بن,بەبێ ئەوان من نەدەگەیشتم بەم قۆناغەی هونەر و موزیك.

هەروەها لە درێژەی دیمانەكەدا پەرواز حوسێن بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

*كاتێك بە نەخۆشییەكەت زانی,هەستت بە چی كرد؟

-هەواڵەكە بۆ من شۆك بوو و شتێكی چاوەڕوان نەكراوبوو,ئیتر سوپاس بۆ خودا بۆ هەر بارودۆخێك بێت,ئێمەی مرۆڤ ئاساییە ڕووبەرووی هەموو شتێك ببینەوە,ئەمەش تاقیكردنەوەیەكە ڕەنگە هەر كەسێك پێیدا تێپەڕێت.

*دوای ئەوەی بە نەخۆشییەكەت زانی,ئایا بڕیارتدا بەهێز ڕووبەڕووی ببیتەوە یاخود هەستت بە تەسلیم بوون كرد؟

-هەموو مرۆڤێك هەندێ جار لاوازە,بەڵام لەگەڵ ئەم نەخۆشییە هەموو كەسێك دەبێت بەهێز بێت و هەرگیز تەسلیم نەبێت,چونكە لایەنی دەروونی زۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم نەخۆشییە.

*قۆناغی ئەو چارەسەرییانە چی بوون كە تاوەكو ئێستا وەرتگرتووە؟

-چوار جار چارەسەری كیمیاییم وەرگرت,وە دواتر نەشتەرگەرییەك ئەنجام دەدەم,كە نەشتەرگەرییەكی بچووك و ئاسایی نییە, وە لە دواییدا دەبێت چارەسەری كیمیایی وەربگرم,وە ڕەنگە بەشێكی دیكەی چارەسەرییەكانم بە تیشك بێت.

دەتەوێ چی بەو كەسانە بڵێی كە دوای ئەوەی بە نەخۆشییەكەتیان زانی و هەواڵیان پرسی و پاڵپشتی و خۆشەویستی خۆیان دەربڕی؟

-دوای ڕاگەیاندنی نەخۆشییەكەم,بە دەیان پەیوەندی تەلەفۆنی لە ڕێی مۆبایلەكەم و هەزاران نامە لە ڕێی سۆشیاڵ میدیاوە پێم گەیشت,ئەو خۆشەویستییەكەی كە لە هەوادارەكانم بینیم پێناسە ناكرێت,لە سەرەتای دەستپێكی كاری هونەرییمەوە یەكەم جارە بەم شێوەیە دڵخۆش بم,ئەم پاڵپشتییە هیواو هێزێكی پێ بەخشیم كە بتوانم لەگەڵ نەخۆشییەكە بجەنگم.

*لە ڕێی هونەرمەندانەوە هیچ هەواڵ پرسینێكت پێگەیشت؟

-بەڵێ بە دڵنیاییەوە چەندین هونەرمەندی كورد و عەرەب و هاوڕێیانی پرۆگرامی (ئەرەب ئایدل) پەیوەندییان پێوەكردم,من زۆر سوپاسی هەموویان دەكەم.

*وەكو بەشداربوویەكی پرۆگرامی (ئەرەب ئایدل) لە وەرزی دووەمیدا,كە خانمە هونەرمەند ئەحلام پاڵپشتت بوو,لەو قۆناغەدا لەلای پەرواز چ یادگارییەك ماوە؟

-بە دڵنیاییەوە پرۆگرامی (ئەرەب ئایدل) خۆشترین ڕۆژەكانی ژیانم بوو,ئەم پرۆگرامە بە تەواوی ژیانمی گۆڕی,وە (ئەحلام) یەكێك بوو لەو كەسانەی كە زۆر پاڵشتم بوو لە كاتی پرۆگرامەكە و لە دواییشدا,ئێمە هەمیشە لە پەیوەندیداین,بەڵام لەلای من یادگارییەكانی ئەرەب ئایدل تەواو نابێت,بۆ هەمیشە لە بیرمدا دەمێنێتەوە.

*چی دەربارەی كاری هونەری و ئامادەكارییەكانت؟

-لە ڕاستیدا ئێستا هەموو شتێكم وەستاندووە,ئێستا لە قۆناغی وەرگرتنی چارەسەرییەكانم,وە چارەسەری كیمیایی كاریگەرییەكی زۆر بەهێزی هەیە و ئازاری زۆری بەدوادا دێت,پێویستە پشوو بدەم و سەرنجم لە سەر نەخۆشییكە بێت و لەگەڵ خێزان و نزیكەكانم دانیشم,وە خودا هەموو لایەك بپارێزێت.

شایەنی باسە,,لە ڕێكەوتی 15/5/2024پەرواز حوسێن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی وێنەیەكی خۆی بڵاوكردەوەو بە هەوادارانی ڕاگەیاند كە تووشی "شێرپەنجەی ڕیخۆڵە" هاتووە,هەروەها لە بڵاوكراوەكەیدا پەرواز نووسیبووی:(هەمیشە بە قەدەری خودا ڕازیم کە چیم بۆ دادەنێت ،، لەگەڵ (شێرپەنجەى ڕیخولە) دەجەنگم کە ویستی خودای لەسەر بێت،خودا منی هەڵبژارد کە ئەو نەخۆشیەم هەبێت,بە هەر هۆکارێک توشی ئەو نەخۆشیە بووم قبوڵمە,دوعاى خێرمان بۆ بکەن،خودای گەورە پارێزراوتان بکات).

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top