هاژین یاسین: ئەركی ژیان قورس بووە و دەبێت ژن و پیاو پێكەوە كار بكەن و هاوكاری یەكتر بن، تاوەكو بتوانن خێزان بەڕێوە ببەن
لەگەڵ پێشوەچوونی جیهانی سەرمایەداری و گرنگی و بووژانەوەی كەرتی ئابووری و وەبەرهێنان لە سەرانسەری دونیادا، ڕەوتی كاركردنی ئافرەتان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت. هاژین یاسین خانمە گەنجێكی بە سەلیقە و دەستڕەنگینە و دەرچووی كۆلێژی ئەندازیارییە، بەڵام تاوەكو ئێستا هەلی دامەزراندنی لە هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە. وەك خۆی باسی دەكات، كارەكەی حەزی منداڵییەتی و دەمێكە كاری دروومان و دیزاین دەكات، بەڵام ماوەی دوو ساڵە پەیجێكی تایبەت بە كارەكانی داناوە و لە گفتۆگۆیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان چیرۆكی سەركەوتنی خۆی بۆ خوێنەران دەگێڕێتەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
هاژین یاسین، ساڵی 1995 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە و هەر لەم شارەش نیشتەجێیە و خێزاندارە و دایكی كچێكی جوانە و سەرەڕای ئەوەی دەرچووی كۆلێژی ئەندازیارییە، بەڵام كاری دروومان و دیزاین دەكات، و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە كاری بڕین و دروومان بوو. دوای تەواو كردنی خوێندن و سوودمەند نەبوونم لە هەلی دامەزراندن، بیرۆكەی كاركردنم لا دروست بوو، بەتایبەت كاتێك خێزانەكەم و خزم و دۆستەكانم كە ئیشەكانمیان دەبینی، دەیانگوت بۆ پەیجێك دانانێیت و كار بۆ كەسانی دیكەش بكەیت؟ لە سەرەتادا دەترسام، بەڵام پاڵپشتی و پێداگریی خێزانەكەم بۆ كارەكەم هەستی متمانە بەخۆبوونی پێ بەخشیم، ئەو هەستە وای لێكردم، بەهێز بم و لە ئەنجامدا بیرم لێ كردەوە و بڕیارم دا، پەیجێكی تایبەت بە كارەكانم دابنێم و دواجار سەركەوتوو بووم، ئێستاش هاوسەرەكەم هاوشێوەی خێزان و كەسوكارەكەم یارمەتیدەرمە و هەموو كات پشتگیریم دەكات».
سەبارەت بە جۆری كارەكەشی گوتی: «بە گشتی بەرگدروویی دەكەم وجلوبەرگی ئافرەتان و منداڵان دەدوورم، هەر جۆرە مۆدێلێك بێت، دەتوانم بیدوورم. هەندێك كەس خۆیان قوماش دەهێنن بۆم، بەڵام بە زۆری خۆم قوماش بۆ موشتەرییەكانم دەكڕم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا ئێستا خاوەن كاریت و داهاتی خۆت هەیە و موحتاجی دەستی كەس نیت، چ هەستێكت هەیە؟ گوتی: «هەستێكی زۆر خۆشم هەیە و هەست دەكەم ئافرەتێكی بەهێزم، پێش ئەم كارەشم، چەندین جار زانیاریی كەسیم برد بۆ كۆمپانیا و شوێنە ئەهلییەكان، بەڵام لە هیچ شوێنێك وەرنەگیرام، بۆیە بڕیارم دا لێرەوە دەست پێ بكەم. زۆر گرینگە ئافرەت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و داهاتێكی هەبێت. ئەركی ژیان قورس بووە و دەبێت ژن و پیاو پێكەوە كار بكەن و هاوكاری یەكتر بن، تاوەكو بتوانن خێزانەكەیان بەڕێوە ببەن».
لە بارەی قورسایی كاری ناوماڵ و كاری دروومانەكەشی گوتی: «بە دڵنیاییەوە لە دابینكردنی پێویستیەكانی ماڵەكەم و خێزانەكەم بەشدارم و زۆر دڵم خۆشە بەوەی كە هەندێك كات دەتوانم یارمەتی هاوسەرەكەم بەم، یان دەتوانم بە دڵی خۆم پێویستییەكانی كچەكەم بكڕم، یان بۆ خۆم چیم بوێ، دەتوانم بیكڕم».
هاژین یاسین لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا بۆ داهاتوو چ پڕۆژەیەكت هەیە؟ گوتی: «هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم كارەكەم فراوانتر و گەورەتر بكەم، تاوەكو بتوانم هەلی كار بۆ چەندین خانمی دیكە بڕەخسێنم».