نەرمین سندی ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:   خێزان و پارتی وایان پەروەردە كردووم، كە هەر كارێكم پێ بسپێرن، بەوپەڕی دڵسۆزی و تواناوە ئەنجامی دەدەم

نەرمین سندی  ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:     خێزان و پارتی وایان پەروەردە كردووم، كە هەر كارێكم پێ بسپێرن، بەوپەڕی دڵسۆزی و تواناوە ئەنجامی دەدەم

 

 

نەرمین سندی، ڕاوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، میدیاكارێكی بەتوانا و كارمەیە و پێشتر بەڕێوەبەری ڕادیۆی هێلین(سەر بە یەكێتی ئافرەتانی كوردستان) بووە. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان تیشك دەخاتە سەر ئاریشە و هەروەها توانا و كارامەییەكانی ئافرەتانی میدیاكار و بەتایبەتی خانمانی سیاسەتكار و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* سەرەتا ئەگەر لەو خاڵەوە پرسیارت لێ بكەین، تۆ هەم خانمێكی ڕاگەیاندنكار بوویت و هەمیش سیاسەتمەدار. ئایا لە سیاسەتەوە هاتیتە ناو ڕاگەیاندن، یان لە ڕاگەیاندنەوە چوویتە ناو سیاسەت؟

- لە ڕاستیدا هەر كە چاوم بە دونیا هەڵێناوە، من لە نێو بنەماڵەیەكی كوردپەوەری خەباتكار پەروەردە بووم. دڵسۆزی و خزمەتی بنەماڵەكەمان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد، وای لێكردم هەر لە منداڵییەوە حەزی خزمەتكردن لە دڵمدا گەورە بێت. بۆیە هەر كە لە قۆناغی ناوەندی بووم لە ڕیزەكانی یەكێتی قوتابییانی كوردستان خزمەتم كردووە و كە تەمەنم بوو بە 18 ساڵ بوومە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەر لەو تەمەنەوە بە هۆی توانا و حەزم بۆ ڕاگەیاندن چوومە نێو ئەو بوارە و لەوێ زیاتر پەرەم بە تواناكانم و ڕۆشنبیری سیاسی و ئەكادیمیی خۆم دا. هەر لە سەرەتاشەوە بۆچوونم وابووە كە بوونی ئافرەت لە كایەی سیاسیدا لە تەك بوارەكانی دیكە گرنگ و پێویستە .

* ژینگەی سیاسەت بۆ خانمان قورسە، هەر بۆیە ژمارەیەكی كەم لە خانمان خۆیان لە كایەی سیاسیدا دەبیننەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە بۆچی گرنگە خانمان ببنە سیاسەتمەدار؟ ئایا بەشداریی خانمان هیچ شتێك لە ئاراستەی سیایی دەگۆڕێت، یان تەنیا دیكۆرن لەناو پرۆسە سیاسیەكەدا؟

- بۆ وڵامی ئەم پرسیارە دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێكی دیار و ڕوونی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەم، كە لە بەشی ئازادی و دیموكراسی و پێكەوە ژیاندا لە خاڵی سێیەم باس لە پێویستیی بەشداریی كارای ئافرەت لە كایەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و گشت بوارەكان دەكات و بە پێویستی زانیوە، بە پێی توانا و لێهاتوویی خۆیان ڕۆڵ و پێگەی شایستە بە خۆیان هەبێت. هەر بۆیە بە بڕوای تەواو بەو كارنامەیە و دیدگای خودی سەرۆكی حكومەت ڕێزدار مەسرور بارزانی بۆ ئەم تەوەرە كە هەمیشە پاڵپشت و خەمخۆری پرسی ئافرەت بووە و لای بەڕێزیان توانا و لێهاتوویی بە بێ جیاكاریی ڕەگەزی، ئامرازی خزمەتكردنی كوردستانە، بۆیە ئەوەی بەتوانا بێت، چ ئافرەت و چ پیاو توانیویەتی خزمەت پێشكەش بكات.

* هەمیشە كۆمەڵێك ئاستەنگ ڕووبەڕووی خانمی سیاسەتمەدار دەبێتەوە، جیا لە ژینگە سیاسییەكە كە ژینگەیەكی پیاوسالارییە، لە هەمان كاتدا خانمان كۆمەڵێك پابەندبوونی خێزانی، وەك بەخێوكردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی ئەركی ماڵیان لەسەر شانە، چۆن خانمی سیاسەتمەدار ئەو ئاستەنگانە لەبەردەم خۆی لادەبات؟

- ئافرەت بوون ئاسان نییە. ئافرەت ئەگەر بەرپرسیاریەتیی كاری دەرەوەشی لەسەر نەبێت و تەنیا ئافرەتی ماڵیش بێت، بەرپرسیاریەتیەكەی قورسە. هاوبەشی خێزان و هاوسەری و بوون بە دایك بۆ خۆی پیرۆزترین بەرپرسیاریەتییە و ئاسان نییە، بۆیە كاتێك ئافرەتێك سەڕەڕای ئەو بەرپرسیاریەتییە كۆمەڵایەتییە، بەرپرسیاریەتی كاركردن و خزمەتكردن و بەتایبەت لە بواری سیاسەتدا لە ئەستۆ دەگرێت، ئەمە تەحەددییەكی گەورەیە و زیاتر سوور دەبێت لە سەر سەركەوتن تا تواناكانی خۆی بسەلمێنێت، چونكە ئەو كات شەڕی هاوسەنگی دەكات، (هاوسەنگكردنی بەرپرسیارێتی خێزانی و پیشەیی)، بۆیە ئاسان نییە و پێویستە بە چاوی ڕێزی زۆرە خزمەتی ئەو جۆرە ئافرەتانە ببینرێن. هەیە بە هۆی ئەم ئەركە قورسانەوە ڕەنگە نەتوانێت توانای بەشداریكردنی لە كاری پیشەییدا هەبێت و بەتایبەت لە بواری سیاسیدا، چونكە وەك خۆتان ئاماژەتان پێكرد، ژینگەكە زیاتر پیاوان هەوڵی بۆ دەدەن و كاری تێدا دەكەن و لە نێوان خۆیاندا پێشبڕكێ هەیە و بەرانبەر بە ئافرەتیش زیاترە و دەستەبەركردنی بەشداریی كاریگەر و دادپەروەرانەی ئافرەتان لە ژیانی سیاسیدا و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەددییانە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە.

* ژینگەی كاری ڕاگەیاندن بۆ خانمان جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ ژینگە سیاسییەكە نییە، لەوێش ئافرەتان تووشی ئاستەنگ و گێچەڵ دەبنەوە. ئایا تۆ ڕاگەیاندكارێكی بەئەزموون لەم بارەیەوە ڕات چییە؟

- بەپێی ئەزموونی دوور و درێژم لە میدیا، دەتوانم ئاماژە بەوە بكەم كە ژینگەی میدیایی بۆ ئافرەت زۆر جار ڕەنگدانەوەی ئەو تەحەددییانەن كە لە كۆمەڵگەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ڕەنگە تێكەڵبوونی پرسە فێمینیستییەكان و لایەنگرییە جێندەرییەكان كاریگەرییان هەبێت لەسەر چۆنیەتی نوێنەرایەتیكردنی ئافرەت لە میدیاكان و ئەو ئاستەی كە پێی دەگەن. لە ڕێگەی كاری ڕۆژنامەوانییەوە دەتوانرێت تیشك بخرێتە سەر ئەو بابەتانە و یەكسانی و نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی ئافرەتان لە میدیاكاندا بەرەوپێش بچێت.

* ئێستا ڕاوێژكاری لە دیوانی سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئایا لەوێش هەر كاری ڕاگەیاندن دەكەیت، یان كاری حكومڕانی، واتە ئێستا ئەركی پێسپێردراوت چییە؟

-  هەم پەروەدەی خێزانی و هەم پەروەردەی پارتی، وا پەروەردەی كردووم، كە هەر كارێكم پێ بسپێرن، بەوپەڕی دڵسۆزی و تواناوە ئەنجامی دەدەم، ئێستاش كە لە نێو ئەنجومەنی وەزیران ڕاوێژكارم و جگە لە ڕاوێژ لە بواری ڕۆشنبیری و مەعریفی، هەر كارێكم پێ سپێرداربێت و پێم بسپێردرێت،لە پێناوی خزمەتكردن، پێشمەرگە ئاسا جێبەجێی دەكەم .

 

Top