چاوخشاندنێك بە (٧٧)ە مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی «لۆكاڕنۆ» لە وڵاتی سویسرا
حەفتا و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی لۆكاڕنۆ (Locarno) بە نمایشی فیلمی سینەمایی سێڵاو(Le Déluge) لە دەرهێنانی جیانلۆكا جۆدیس (Gianluca Jodice) سینەماكاری ئیتاڵی لە وڵاتی سویسرا دەستی پێكرد.
فێستیڤاڵەكە گرنگیی بە سینەمای سەربەخۆی جیهانی دەدات و دوای فێستیڤاڵەكانی (كان، ڤێنیز و بەرلینالە) بە چوارەمین فێستیڤاڵی گرینگی دنیا دێتە ئەژمار كە بە سەرۆكایەتی خاتوو ماجا هۆفمەن و بەڕێوەبەریی هونەری و جیۆنا نازاڕۆ و بە بەشداریی بەرهەمی سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە ڕۆژانی ٧ تا ١٧ی ئۆگۆستی ٢٠٢٤ لە شاری لۆكاڕنۆ لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە چوو.
حەفتاو و حەوتەمین خولی ئەم ڕووداوە سینەماییە لە چەندین بەشی پێشبڕكێی، لەوانە (١٧ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی نێودەوڵەتی، ١٥ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕكێی فیلمسازانی ئێستاكە، ٢٠ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕكێی خەڵاتی لێتێربۆكسد پیاتزا گراندێ Letterboxd Piazza Grande، بەشی پێشبڕكێی پڵینگەكانی سبەی واتە؛ ٢٠ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی نێونەتەوەیی، ١٠ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی سینەمای نەتەوەیی سویسرا و ١٠ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێی Concorso Corti d›Autore، ١١ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبڕكێی Fuori Concorso، ٧ بەڵگەفیلم لە بەشی پێشبڕكێی هەفتەی ڕخنەگران Semaine de la critique، هەروەها چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕكێ لەوانە؛ ١٧ فیلمی سینەمایی لە بەشی نمایشی دەرگا كراوەكان Open Doors Screenings، ٢٥ فیلمی سینەمایی لە بەشی مێژووی سینەمایی Histoire du Cinéma، ١٠ فیلمی سینەمایی لە بەشی پانۆرامای سویسرا Panorama Suisse و ١٤ فیلمی سینەمایی لە بەشی نمایشی منداڵانی لۆكاڕنۆ Locarno Kids Screenings ی لەخۆ گرتبوو.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی فیلمسازانی ئێستاكە Concorso Cineasti del Presente كە بە یەكەمین و دووەەمین فیلمی بڵیندی خۆیان لەم ڕووداوە سینەماییەدا ئامادەن، بریتی بوون لە: «سی.جی «فێری» ئۆباسی» C.J. «Fiery» Obasi دەرهێنەر لە وڵاتی نەیجیریاـ سەرۆكی لێژنەی دادوەران، خاتوو لینا سوالم Lina Soualem فیلمساز و ئەكتەری فەرەنسی، فەڵەسینی ـ جەزائیری، هەروەها چاڕلز تێسۆن Charles Tesson ڕخنەگر و نووسەر لە وڵاتی فەڕەنسا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی پڵینگەكانی سبەی
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی پڵینگەكانی سبەی Pardi di domani لەم خولەی فێستیڤاڵدا بریتی بوون لە: خاتوو لیشیا ئێمینێنتی Licia Eminenti سیناریۆنووس و بەرنامەداڕێژ لە وڵاتی ئیتاڵیا، لازا ڕازاناجاتۆڤ Laza Razanajatovo دەرهێنەر لە وڵاتی ماداگاسكا و هەروەها خاتوو ژولیێت شڕامێك Juliette Schrameck بەرهەمەێنەر لە وڵاتی فەرەنسا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی فیلمە یەكەمەكان
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی فیلمە یەكەمەكان لە حەفتا و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی لۆكاڕنۆ، بریتی بوون لە: خەلیل بێنكیران Khalil Benkirane دەرهێنەر و بەرهەمەێنەر لە وڵاتی مەغریب، خاتوو ئاڵما پۆیستی Alma Pöysti ئەكتەر لە وڵاتی فینلەندا و هەروەها خاتوو ئەسمە سكاڕۆنی Esmé Sciaroni دیزاینی میكیاژ لە وڵاتانی سویسرا و ئیتاڵیا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی «پاڕدۆ وێردە»
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕكێی پاڕدۆ وێردە Pardo Verde لەسەر بابەتی قەیرانی كەشوهەوا، بریتین لە: خاتوو كانتراما گاهیگیری Kantarama Gahigiri هونەرمەند، نووسەر و دەرهێنەری سویسری، ڕواندایی، سێدریك سوچیوالی Cédric Succivalli بەرنامەنووس و ڕخنەگری فیلم لە وڵاتی فەڕەنسا و هەروەها دانیێل واینێر Daniel Wiener ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری هونەریی لە وڵاتی سویسرا.
خەڵاتی تەمەنێك دەستكەوتی سینەمایی بۆ ئاڵفۆنسۆ كۆواڕۆن
بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی لۆكارنۆ بە پێشكەشكردنی خەڵاتی تەمەنێك دەستكەوتی سینەمایی ڕێزیان لە ئاڵفۆنسۆ كۆواڕۆن Alfonso Cuarón دەرهێنەری ناوداری سینەمای جیهان و هەڵگری ٥ خەڵاتی ئۆسكار گرت، ئەم ڕێوڕەسمە ڕۆژی یەكشەمە ١١ی ئۆگۆستی ٢٠٢٤ لە گۆڕەپانی كراوە و گەورەی (پیاتزا گراندێ) لە شاری لۆكاڕنۆ بەڕێوەچوو كە زیاتر لە ٨ هەزار كەس تیایدا ئامادە بوون.
خەڵاتی فەخری پڵینگی زێڕین بۆ جێن كەمپیۆن
جێن كەپیۆن Jane Campion دەرهێنەر، سیناریۆنووس و بەرهەمەێنەری نیووزلەندی بە وەرگرتنی خەڵاتی فەخریی پڵینگی زێڕین لە لایەن ئەم فێستیڤالە گرینگ و پلە یەكەی سینەمای جیهان ڕێزی لێگیرا. ئەم ڕێوڕەسمە بە شكۆیە ڕۆژی هەینی ١٦ی ئابی ٢٠٢٤ لە گۆڕەپانی پیاتزا گراندێ بەڕێوە چوو.