مەلا سامان لە هەولێر: ئامانج لە پرۆسەی هاوسەرگیی بونیادنانی خێزانێكی سەقامگیرە ئەمەش پێویستی بەوەیە هاوسەرەكان كامڵ بووبن

مەلا سامان لە هەولێر:  ئامانج لە پرۆسەی هاوسەرگیی بونیادنانی خێزانێكی سەقامگیرە ئەمەش پێویستی بەوەیە هاوسەرەكان كامڵ بووبن

 

 

پرسی دیاریكردنی تەمەنی كچان بۆ هاوسەرگیری، پرسێكی تازە نییە، بەڵام ئێستا لەڕووی یاساییەوە باسی لێدەكرێت و دەیانەوێت بیكەن بە یاسا، لەناو زانایانی ئیسلامی ئەم پرسە قسەی زۆر  لەسەر كراوە و تەنانەت لە یەكێك لە كتێبە فیقهیەكاندا بەشێك هەیە بەناوی «تەمەنی هاوسەرگیریی كچان» كە لە كوردەواری خۆمان پێی دەڵێن تەمەنی هەرزەكاری یان خوار 18 ساڵ.

بەپێی هەموو ئایینە ئاسمانییەكان، پرۆسەی هاوسەرگیری پیرۆزە، هەموو ئەو ئایینانەش، ئیسلام، جوو، كریستیان» ئەحكامی جیاوازیان بۆ ئەم پرۆسە داناوە و، هەموویان لەسەر ئەوە كۆكن هۆكاری سەرەكی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری درووستكردنی خێزان و خستنەوەی منداڵە، ئەمەش واتە دەبێت ئەو كچە تەمەنی گەشتبێتە تەمەنی ڕوشد، جەستەی بە تەواوەتی پێگەیشتبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ماڵ بەڕێوە بەرێت و منداڵ بخاتەوە، كچێك لە تەمەنی 9 ساڵیدا ناتوانرێت ڕووبەرووی ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورە بكرێتەوە.

لە ئێستا لە هەرێمی كوردستان، مەلا و زانایانی ئایینی ناتوانن مارەی هیچ كچێك ببڕن ئەگەر پێشتر گرێبەستی هاوسەرگیریان لە دادگا نەكردبێت، بۆیە ئەو مەرجانەی كە پێویستە لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا ڕەچاو بكرێن، لە دادگاكان بكرێت سەرچاوەكەی هەر ئەحكامی فیقهی ئیسلامیە لای مەلاش بكرێت هەمان سەرچاوەیە، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی دادگا بكرێت كاریگەرە خراپەكەی ئەوەیە كە لەوانەیە لە بچووكترین كێشەدا مافی ژنەكە پێشێل بكرێت.

ئەم هەموارەی لایەنە شیعیەكان دەیانەوێت بیكەن، لەگەڵ ئەوەی وەك یاسا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت، بەڵام نامۆیە بە دابونەریتی ئیسلامەتی لە كوردستاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە كوردستان خەڵك بەدەگمەن نەك هەر لە 9 ساڵی بەڵكو لە خوار 18 ساڵیش كچی خۆی بە شوو نادات، هەتا نەچێتە سەرووی 18ساڵی،بۆیە ئەگەر ئامانج لە هاوسەرگیری بونیادنانی خێزانێكی سەقامگیر بێت، ئەوا سەقامگیری لە كامڵ بوونی ژن و مێردەكە دروست دەبێت، ئەگەر ئەو كامڵ بوونە نەبوو ئەو سەقامگیرییەی ناو خێزانیش بوونی نابێت.

پرسێكی دیكە گەڕانەوەیە بۆ فیقهی ئیسلامی كە ئەویش سەرچاوەكەی مەزهەبە جیاوازەكانە، بۆیە مەرج نییە ئەو فیقهانەی زانایان لەسەردەمی خۆیان دایانناوە بۆ ئەم سەردەمە وەك خۆیان دەڵێن 100% جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەحكامی فیقهیش بەپێی سەردەم و شوێن و كەس دەگۆڕێت، بۆیە دەكرێت بە كۆدەنگی زانایان تەمەنێك دیاری بكرێت و بكرێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ قورئان و سوننە و فەرموودە یەكی نەگرتەوە ئەوە ناكرێت جێبەجێ بكرێت.

Top