پێگه‌ی گرنگی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری ئێران

پێگه‌ی گرنگی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری ئێران


به‌ هه‌ڵوه‌سته‌كردن به‌ پێگه‌ی جیوستراتیژی و جیۆسیاسی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌یه‌كی پڕ له‌ ململانێ وئاڵۆزدا ، به‌تایبه‌تی له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوو و به‌تایبه‌تی له‌ پاش رووداوه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و شه‌ڕ وپه‌ڵاماری ڕێكخراوی تیرۆریستی و ئینجا شه‌ڕی ئۆكراینا و رووسیا و شه‌ڕی ئیسرائیل وحه‌ماس و حزبولا وگروپه‌كانی لایه‌نگری ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا ، سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی رۆڵ وخوێندنه‌وه‌ی وردبینانه‌ و ژیرانه‌ی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وسه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌كردنێكی سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌كاندا سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و فشار وهێرش وپه‌ڵاماردان و گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا و كۆتاییدا هێزی نه‌رم و دیپلۆماسی سه‌ركه‌وتووانه‌ نه‌ك هه‌ر هۆكاربوو بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ، ئه‌و جۆره‌ هاوسه‌نگییه‌ په‌سه‌ندی وڵاتانی زڵهێز و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشه‌ .
به‌ ئاماژه‌دان به‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كانی سه‌ركرده‌ و گه‌وره‌ به‌رپرسانی وڵاتانی دراوسێ و جیهان به‌تایبه‌ت له‌ماوه‌ی رابردوو سه‌رۆككۆماری توركیا و ئێستاش سه‌رۆكۆماری ئێران وه‌ك دوو جه‌مسه‌ر و دراوسێ و وڵاتی گرنگ و به‌تایبه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌یه‌كی نوێی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی وئابوورییه‌كانی دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ گرژی په‌یوه‌ندییه‌كان ، خۆی له‌ خۆیدا ئاماژه‌یه‌ سه‌ركه‌وتنی سه‌نگ و پێگه‌ و دیپلۆماسی هه‌رێمی كوردستان چ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و چ ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تیش
سه‌ردانی مسعود پزیشكیان ،سه‌رۆككۆماری ئێران له‌و كات و ساته‌هه‌ستیاره‌دا كه‌ ناوچه‌كه‌ پێیدا گوزه‌ر ده‌كات ، ئاماژه‌یه‌كی روون و دانپێندانێكی روون و ئاشكرایه‌ ، هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌كه‌ی و ئینجا ئه‌و سیاسه‌ت و دیپلۆماسییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ی كه‌ بارزانی سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، به‌تایبه‌تی پربایه‌خ و گرنگه‌ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌كانی بازرگانی وچه‌ند بواری دیكه‌دا كه‌ له‌ چه‌ند خاڵێك ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ین
یه‌كه‌م ،، سه‌رده‌می نكۆڵیكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر چووه‌ و ره‌وایدانی سیاسی و دیپلۆماسییه‌ بۆ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزتربوونی سه‌نگ و پێگه‌كه‌یه‌تی و له‌هه‌مانكاتیشدا تاران ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێری پایته‌خت وه‌ك ناوه‌ندێكی گرنگی سیاسی و ئابووری به‌هێزتر ده‌كات ، دانپێندانێكی گرنگه‌ به‌ بوونی هه‌رێمی كوردستان كه‌ رۆلێكی گرنگی له‌ سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌یه‌ هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.

دووه‌م ،، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌ ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه‌ تاران كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزی له‌ به‌غدا هه‌یه‌ ،بۆیه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستان و ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ ، واده‌كات كاریگه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر وبه‌غدا باشتر بێت ،چونكه‌ تاران سه‌نگی سیاسی خۆی هه‌یه‌ له‌ به‌غدا كه‌ ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌ سه‌ر به‌هێزتركردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

سێیه‌م ،، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێگه‌ی ئه‌و سیاسه‌ت ودیپلۆماسییه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌یه‌ی توانیوێتی نه‌ك كاریگه‌ری له‌ سه‌ر خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ دابێنێت به‌ڵكو رۆژ به‌رۆژ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌ره‌و پیشه‌وه‌ ببات ، له‌ پێناو زیاتر دانپێندان و ڕاكێشانی سه‌رنجی وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تیی، به‌تایبه‌ت ئێران وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ هاوشێوه‌ی توركیا ده‌توانرێت مودیڵێكی جوانتر له‌ سه‌قامگیری و پێكه‌وه‌ژیان له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان بێنێته‌ ئاراوه‌ .
چواره‌م ،، سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری ئێران و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌یه‌كی نوێی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی تاران و هه‌ولێر ئاماژه‌یه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی لۆژیك وهێزی نه‌رم و دیپلۆماسی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر هێزی ڕه‌ق و مووشه‌ك و گه‌مارۆدان و هه‌روه‌ها دانپێدانانێكی ڕاسته‌وخۆی وڵاتانی دراوسێی به‌تایبه‌تی تاران و ئه‌نقه‌ره‌یه‌ بۆ زیاتر گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی زیاتری په‌پوه‌ندنییه‌ ناوچه‌ی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ سه‌ر بنه‌مای به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش.
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێن كه‌ سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی مسعود پزیشكیان، سه‌رۆككۆماری ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوێكی گرنگ و ستراتیژییه‌ له‌ نێوان تاران و هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی به‌رژوه‌ندییه‌ سیاسی و دیپلۆماسی و ئه‌منیی و ئابوورییه‌كان و له‌هه‌مانكاتیشدا واده‌كات كه‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌سه‌ندنێكی زیاتر له‌ رووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی سه‌ره‌رای ململانێییه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ پێناو به‌هێزتر بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌ده‌ست بێنێت .

Top