نیان تاهیر: پێویستە ئافرەتان چاو لە دەستی كەس نەبن و بەردەوام هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن كار
نیان تاهیر، كچە گەنجێكی بەسەلیقە و بەتوانایە، وەكو زۆرینەی خانمانی كوردستان خاوەن كاری خۆیەتی و بە دەست و پەنجەكانی بژێویی ژیان پەیدا دەكات. دانیشتووی شاری سلێمانییە و دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بەشی ژمێریارییە، لە ئێستادا دووكانێكی تایبەت بە كاری دروومانی هەیە و وەك خۆی باسی دەكات، زیاتر لە چوار ساڵە ئەم كارە دەكات. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە باسی هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران دەكات.
نیان تاهیر، دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بەشی ژمێریارییە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، دەرفەتی كاری لە كەرتی گشتی بۆ نەڕەخساوە، بۆیە بڕیاری داوە بۆ كاركردن ڕوو لە كەرتی تایبەت بكات، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دوای تەواوكردنی خوێندن، ماوەیەك وەكو كارمەند لە یەكەیەكی ناحكوومی كارم كردووە، دواتر بیرم لەوە كردەوە، كارێكی سەربەخۆم هەبێت. هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەستڕەنگینی و كاری دەستیم هەبوو، بەپیێ لێهاتوویی و ئەزموونی خۆم بەرگدوریم هەڵبژارد. ساڵی 2020دەستم بە كاری بەرگدوریی كرد، ئێستا شوێنی كار و دووكانم هەیە، لەم كارەم بەردەوامم و سوپاس بۆ خوا لە كارەكەم سەركەوتوو بووم. سەرەتاش كاری چنینیم دەكرد، پێش ئەوەی ئەم كارە هەڵبژێرم. بەگشتی خۆم متمانە و هێزم بە خۆم بەخشی لە كاری دروومان و بۆ ماوەی چوار ساڵە بەردەوامم. هەروەها كاری خێرخوازیم ئەنجام داوە. كاری چنینم كردووە بو نەخۆشخانەی هیوا بۆ منداڵانی توشبوو بە شیرپەنجە كە وەك پڕۆژی خۆم ئەوەم ئەنجام دەدا».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە كەند و كۆسپی بەردەمت لە بواری كارەكەت چی بوون؟ گوتی: «بێگومان هەر كارێك كە دەتەویت دەستی پێ بكەیت، دەبێت پاڵپشتێكت هەبێت و هانت بدەن پشتگیریت بكەن، بۆ ئەوەی لە ئامانجەكەت بەردەوام بیت، منیش بە خۆشحاڵییەوە ماڵەوەمان بەتایبەتی دایك و باوكم و براكەم زۆر پاڵپشتم بوون و لێرەوە سوپاسیان دەكەم.»
سەبارەت بە كارەكەشی زیاتر گوتی: «كاركردنم هەستێكی تایبەتم پێدەبەخشێت، چونكە حەز و خولیای خۆمە ئەو حەز و خولیایەشم تێكەڵی كارەكەم كردووە، لە دڵەوە كارەكان ئەنجام دەدەم، ئەگەر ڕۆژێكیش نەیەمە سەر كار بیری كارەكەم دەكەم». گوتیشی: «وەك ئاشكرایە كاركردن سەرچاوەی پەیداكردنی بژێویی ژیانە و دەبێت هەمووان كار بكەین، دەبێت هەركەس بەپێی توانا و لێهاتوویی خۆی كارەكان ئەنجام بدات، بەڵام كارێك حەز و خولیای لەگەڵدا بێت، بە دڵنیاییەوە جیاوازە و زیاتر هەوڵی بۆ دەدەیت و زیاتر خۆت ماندوو دەكەیت بۆ ئەوەی پەرەی پێ بدەیت».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە ئایا تاچەند گرنگە ئافرەتان كاربكەن و ئابووریی سەربەخۆیان هەبێت؟ گوتی: «تا ڕاددەیەكی زۆر پێویستە ئافرەتان چاو لە دەستی كەس نەبن و بەردەوام هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن كار و كۆڵ نەدەن و دوای ئامانجەكەیان بكەون. هەر كەسێكیش ئامانجێكی خۆی هەیە، دەبێت هەوڵی بۆ بدات. بێگومان سەرەتای هەموو كارێكیش زەحمەتە، بەڵام كە ئامانجت هەبوو پێویست دەكات بەردەوام بیت و كۆڵ نەدەیت».
نیان تاهیر لە كۆتایی قسەكانیدا سەبارەت بە پڕۆژەی داهاتووی و ئامانجی گەورەتری لە كارەكەی گوتی: «لە هەوڵدام بۆ ئەوەی كارەكەم زیاتر بناسرێت و پەرەی پێبدەم، تەنانەت بەنیازم بچمە كۆرسی پێشكەوتوو، تاوەكو بتوانم خانمانی دیكەش فێر بكەم و بیانهێنمە ناو كارەكەم. حەز دەكەم سوودێكم بۆ چوار دەورم هەبێت، پڕۆژەشم ئەوەیە فاشیۆنێكی تایبەتیی خۆمم هەبێت».