كوردستان و ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی
ڕۆژی 10ی ئەیلوولی ساڵی 2024 بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و، ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان و عێراق، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان، دەستەبژێر و ئەكادیمیستی تێكڕای نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، نووسەر و ڕۆژنامەنووسان، ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی كتێبی سێیەمی بازنەی گفتوگۆ بەڕێوە چوو.
بەشەكانی ئەم ڕێوڕەسمە پێكهاتبوون لە نمایشكردنی ڕاپۆرتێكی مەیدانی بۆ هەڵسەنگاندنی گرنگیی گفتوگۆ بۆ ئەمڕۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها پەنێڵێك بە ناونیشانی «گرنگیی گفتوگۆ بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان» بۆ هەردوو بەڕێزان دڵشاد میران و پەخشان زەنگە، پاشانیش خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە بەشداربووانی شەش ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ كە لە چوارچێوەی دوو كتێبدا بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ كرابوون.
د.سالار عوسمان
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن:
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو مێژوویەكی دەوڵەمەند و بینینێكی باش بۆ ئایندە بازنەی گفتوگۆی كردووەتە پلاتفۆرمێكی كراوە بۆ گفتوگۆی جددی و ڕەخنەی ڕاشكاوانە
لە دەسپێكی ئەم ڕێوڕەسمەدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەیڤێكدا زۆر بە گەرمی بە خێرهاتنی میوانەكانی كرد و، پاشان لەسەر ئامانج لە كردنەوەی پلاتفورمێكی كراوە بە ناوی «بازنەی گفتوگۆ» گوتی: «لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی2023، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بڕیاڕی دا، پلاتفورمێكی كراوە بە ناوی «بازنەی گفتوگۆ» بخاتە سەرپێ، بۆ ئەوەی جیاوازییەكان كۆ بكاتەوە و، ئەوەی دوورە كە لەلای پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكە، نزیكتر بكاتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دیدگا و ڕوانگەی پارتی بۆ ژیان و نیشتمانسازی، دوور و نزیك لەیەك مەودا دەبینێت، كە ئەویش كوردستان و ئامانجەكانیەتی، ئەم پلاتفۆرمە دامەزرا بۆ ئەوەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەژێر چەتری ڕێبازی بارزانیدا گفتوگۆ بكەن و لە پانتاییەكی تەندروستدا ڕەخنەكانیان پێشكەش بكەن».
لە بەشێكی دیكەی پەیڤەكەیدا هەڵوەستەی لەسەر ئامانجێكی دیكەی ئەم پلاتفۆرمە كردەوە، كە ئەویش «پێكەوە بیركردنەوەیە»، لەم بارەیەوە گوتی: «ئەم پلاتفۆرمە پێی گرت و گەورە بوو، بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە ئەو بەرپرسیاریەتییە لە ئەستۆ بگرین كە پێی دەگوترێت ((پێكەوە بیركردنەوە)) بەرپرسێتی پێكەوە كاركردن، بۆ ئەوەی بگەینە ((بەرپرسێتی گەیشتن بە چارەسەر)) كە لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئەم چارەسەرە بەرهەم دێت، لەم چوارچێوەیەدا ئەزموونی ئەم پلاتفۆرمە ئەوە دەسەلمێنێت كە ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنە پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، تەنیا گفتوگۆ دەستمان دەگرێت بۆ چارەسەری گرفت و ئاریشەكانمان، هیچ كۆمەڵگەیەك خاڵی نییە لە گرفت و ئاریشە، بەڵام هەر بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، ئەم هەنگاوەی لە دروشمەوە كرد بە پەیڤ و بوونە كردار و ئێستا كۆی 18 ئەڵقەی گفتوگۆ لە شەش كتێبدا بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی لە بەردەستتاندایە و ئەمڕۆ لەم مەراسیمەدا شەش ئەڵقەی دوایینی ئەم گفتوگۆیانە لە دوو كتێبدا بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی پێشكەشتان دەكرێت.»
سەبارەت بە ناوەرۆكی ئەو 18 گفتوگۆیەی كە بووەتە ناوەرۆكی ئەم شەش كتێبە، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە كرد، كە كتێبی یەكەمی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی «گفتوگۆ لەگەڵ ناڕەزایی خەڵك» پێشكەش كرا، ئەم ناونیشانە ئەوە بە هەمووان دەڵێت كە لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا دیدگایەك هەیە بەوەی پێویستە گفتوگۆ لەسەر ناڕەزایی و گازندەی خەڵك بكرێت و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
كتێبی دووەمی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی «ئالنگارییەكانی ئاسایشی نیشتمانی» بوو، ئەو ئالنگارییانەی بەردەوام لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ ئەمەش پارتی دیموكراتی كوردستان شانی داوەتە بەر ئەم ئالنگارییانە، كە خەڵكانی دیكە زۆر دوورن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەم ئالنگارییانە، بۆیە ئێمە ویستمان بیكەینە بابەت و مژار و گفتوگۆی جددی لەسەر بكەین، ئەم دوو كتێبە ئێستا بە هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی لە ناو كتێبخانەی كوردستاندان.
كتێبی سێیەمی بازنەی گفتوگۆ كە لەم مەراسیمەدا پێشكەشتان دەكەین، ناونیشانەكەی زۆر گرنگە «كوردستان و ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی»، لە واقیعی ئێستای پرۆسەی سیاسیدا، كوردستان وەك «خاك، مێژوو، جوگرافیا، حوكمڕانی، پەرلەمان، حكومەت، دۆز»، پڕە لە ململانێ، پرسیاری گرنگ ئەوەیە چۆن لە ناو ئەم ململانێیەدا باش ببینین؟ چۆن بتوانین دروست بپەڕێنەوە بۆ چارەسەر؟ لەم كتێبەدا گفتوگۆكان بەو ئاراستەیەن كە پێشنیار و ڕاسپاردەی هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لەخۆی گرتووە و چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاری هەمەجۆریشی لەخۆ گرتووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە.
بازنەی گفتوگۆ، وەك پلاتفۆرمێكی كراوە و ئازاد، گفتوگۆ لە دوای گفتوگۆ فەزای خۆی فراوانتر كرد، جیا لەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بووە سەكۆیەك بۆ تێكڕای بیروبۆچوونە سیاسییە جیاوازەكانی لایەنەكانی كوردستان و دید و تێڕوانینی كۆی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، لە هەمان كاتدا هەنگاوی هەڵگرت بۆ ئەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراق (بە سوننە و شیعە)وە، بەشداریی ئەم گفتوگۆیانە بكەن و زەمینەیەك دروست ببێت بۆ ئەوەی كێشەكانی تێكڕای عێراق و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق گفتوگۆیان لەسەر بكرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە كرد «لە ناو ئەم سێ كتێبەی بازنەی گفتوگۆ كە ژمارەی لاپەڕەكانی 1463 لاپەڕەیە، 140 میوان لە سەرتاسەری كوردستان و عێراق، لەو پەڕی جیاوازی لە پارتی دیموكراتی كوردستان تا دەگاتە سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشدارییان تێدا كردووە، زیاتر لە دەیان هەزار هاووڵاتی لە تەواوی جوگرافیای بەرینی كوردستاندا هەر لە زاخۆوە هەتا مەندەلی بەشدارییان لە ڕاپرسییەكانماندا كردووە، بۆ پێكەوە گرێدانەوەی ڕای گشتیی خەڵكی كوردستان لەگەڵ گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆدا، بەشداربووانی گفتوگۆكان، كەسایەتیی دەستەبژێر و ئەكادیمیست و سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەر لێدوانیان بۆ ڕاپۆرتە مەیدانییەكانی بازنەی گفتوگۆ داوە و، لە ناو گفتوگۆكاندا لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان نمایش كراوە.
كردنەوەی ئەم پلاتفۆرمە كراوەیە بۆ گفتوگۆی ئازاد لەسەر پرسە هەستیارەكانی ئەم نیشتمانە و، هێنانەكایەی فەزایەك بۆ ڕەخنەی جدی و دەست خستنە برینەكان، بە ڕادەیەك جێگەی سەرسامیی میوانەكانی بازنەی گفتوگۆ بووە، كە بەشێك لە میوانانی لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراق (بە سوننە و شیعە)وە، لەگەڵ خۆیاندا كامێرا و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی خۆیان هێنابوو، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی تایبەتی ڤیدیۆیی بۆ كەناڵە عەرەبییەكانی عێراق لەسەر گرنگیی بازنەی گفتوگۆ ئامادە بكەن، لە ناو گفتوگۆكاندا پێیان گوتین ناوەرۆكی ئەم گفتوگۆیانەی بازنەی گفتوگۆ دەكەینە ڕاپۆرت و بەرزی دەكەینەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵی، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان جێگەی شانازییە بۆ بازنەی گفتوگۆی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە كەسایەتی و سیاسەتمەداری تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان و كەسایەتیی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، هەڵسەنگاندنیان بۆ گفتوگۆكان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی پێمان دەڵێن «لە 30ساڵی ڕابردوودا هیچ حزبێكی سیاسی نەیتوانیوە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق هەنگاو بەم ئاراستەیە هەڵبگرێت، ئاستی بەرزی گفتوگۆكان و ڕاشكاویی ڕەخنەكان لە ئاستێكدان، كە دەبێت ببنە كردار و حزب و حكومەت لە كوردستان بیكاتە بەرنامەی كار و لە پەیڤەوە بیانكاتە كردار»، لەسەر ئاستی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای پشتگیریی تەواویان بۆ «بازنەی گفتوگۆ»، شانازی دەكەین كە پێیان گوتین: «ئەمە تەرجەمەی ڕاستەقینەی ڕێبازی بارزانییە، لەبەر ئەوەی ڕێبازی بارزانی گفتوگۆ و یەكتری قبووڵكردنە». لەم چوارچێوەیەدا و لە بەشێكی پەیڤەكەیدا د.سالار عوسمان گوتی: «بە بەرپرسیارێتییەوە ئەم قسەیە دەكەین، كە باشترین گفتوگۆی ئەم قۆناغە لەناو بازنەی گفتوگۆدا ئەنجام دراوە. ئەوە لۆژیك و سیاسەتی پارتی و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ئەقڵێكی هێمن و دڵێكی گەرم، بە پشتبەستن بە مێژوویەكی دەوڵەمەند و بینینێكی باش بۆ ئایندە، بازنەی گفتوگۆی كردووەتە پلاتفۆرمێكی ئازاد بۆ گفتوگۆی جددی و ڕەخنەی ڕاشكاوانە و، ئەم پلاتفۆرمە بەردەوامە و لە ئایندەشدا هەر بەردەوام دەبێت».