ســــەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەكات
ڕۆژی سێشەممە 17ی ئەیلوولی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دكتۆر باسم بەدری سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتیمانی لێپرسینەوە و دادپەروەری وێڕای ئاماژەدان بە ئەرك و كارەكانی دەستەكەیان جەختی لەوە كردەوە كە كاروبارەكانیان بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵ و دوور لە دەستوەردانی سیاسی ئەنجام دەدەن و داواشی كرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم ئەو هەماهەنگییان هەبێت، بە تایبەت كە خەڵكێكی زۆر لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە قوربانیی دەستی سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشووی عێراقن و بۆ ئەوەی بتوانن باشتر بەدەم كێشە و داواكانیان بچن و هەروەها دەستەكانیان هاوكاریان بێت بۆ مسۆگەركردنی دادپەروەری و بەدیهێنانی خواستەكانیان.
هەروها داواشیان كرد پەیوەندیی نێوان حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان باشتر ببێت و ئاستەنگەكانی بەردەم پەیوەندی و هەماهەنگیەكانیان چارەسەر ببێت.