ئەركەكانی خێزان بۆ قوتابی لە ساڵی نوێی خوێندندا

ئەركەكانی خێزان بۆ قوتابی لە ساڵی نوێی خوێندندا


بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ئەمساڵ لە بەرواری 25 ئەیلوول وەرزی نوێی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەكان دەستپێدەكات. بەڵام ئەركی خێزان لە ساڵی نوێی خوێندن بۆ ئاشتكردنەوەی قوتابی بە خوێندن، دوای دابڕانی لە وەرزی هاوین و هۆگربوون و بەردەوامبوون بە ئامێرە ئەلكترۆنییەكان چییە؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

 


د. بەهزاد تاهیر سەلیم، مامۆستای زانكۆیە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە "دەستپێكردنەوەی خوێندن مانای ئەوە نییە، كە قوتابی دەبێت بە تەواوی ژیان و شێوازی ژیانی خۆی بگۆڕێت و واز لە هەموو ئەو كارانە بهێنێت كە لە وەرزی هاوین و پشوودا كردوویەتی. ئەمە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە كە بەداخەوە زۆربەی خێزانەكان لەسەر منداڵەكانیان جێبەجێی دەكەن و زیانی زۆرە لە سەر منداڵەكان، چونكە منداڵ لەو ماوەیە لەوانەیە زۆر پڕۆژە و بابەتی جیاوازی لە بەردەستدا بووبێت، كە كاری لە سەر كردووە، وەك فێربوونی زمان، یان بەرنامەكانی دیكەی كۆمپیوتەر كە زۆربەی منداڵەكان دواتر خولیای دەبن و لە یەكێك لەو بەرنامانە دەبن بە پسپۆڕێكی باش. لێسەندنەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە منداڵەكان لە وەرزی خوێندن، نە تەنیا سوودی نییە بۆ باشتر بوونیان لە قوتابخانە، بەڵكو زیانی زۆر دەگەیەنێت بە قوتابی، هەم لە قوتابخانە و هەم لە ڕێرەوی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیا. تەنیا پێویستە ژیانی قوتابی بە شێوازێكی نوێ ڕێك بخرێت و هەندێ كاتیش بۆ قوتابخانە و واجبی ماڵەوە دیاری بكرێت".
ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە هاوكات دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە قوتابخانە هەموو شتێك نییە و تەنیا پشتبەستن بە قوتابخانە ناتوانێت داهاتوو و بژێوی ژیانی هەموو قوتابییەك دابین بكات، بە تایبەت لەو سەردەمەدا كە ئەگەر كەسێك زانیاری لە تەكنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و ئینتەرنێت نەبێت، تەنانەت لە ئەركی حكوومی و وەك فەرمانبەری حكومەتیش ناتوانێت كار بكات، چ جای بگاتە ئەوەی كە خاوەن كاری خۆی بێت، یان بۆ كۆمپانیا جیهانییەكان كاربكات. تەنانەت لە كاتی سەفەركردنیش كێشەی زۆری بۆ دروست دەبێت. بۆ نموونە خۆم هاوڕێی زۆرم هەن، كە كاتێك سەفەری دەرەوەی وڵات دەكەن، سەرەڕای ئەوەی كە بڕوانامەی بەرزیشیان هەیە، بەڵام ناتوانن تكێتی فڕۆكە، یان شەمەندەفەڕ بۆ خۆیان بكڕن و داوا لە نووسینگەكان دەكەن كە ئەوە كارەیان بۆ بكەن. من پێم وایە لەو سەردەمە نوێیەی جیهاندا زانیاری لەسەر ئەنتەرنێت و ئامێرەكانی دیجیتاڵی و نوێ، پێویستترین كەرەستەن، كە هەموو كەسێك دەبێت لێی بزانێت و بەكاریان بهێنێت". گوتیشی: "پێم وایە هەموو قوتابییەك دەبێت لە قوتابخانەش ئایپادی خۆی لە گەڵ بێت و هەندێ وانەیان هەبێت بۆ فێربوونی هەندێ بابەت، یان بەرنامەی پێویست كە گونجاو بێت لە گەل تەمەنی هەر گرووپێك لە قوتابیان. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە منداڵ دەبێ ٢٤ كاتژمێر ئەو ئامێرانەی لە لا بێت. بە دڵنیاییەوە دەبێت بەكارهێنانیان سنووردار بێت و تەنیا چەند كاتژمێرێكی دیاریكراو لە ڕۆژدا بەكار بێنن. ئەو ئامێرانە و تەكنەلۆژییانە لەو سەردەمە نوێیەدا سەرچاوەی دابینكردنی بژێوی ژیانی زۆرێك لە خەڵكن بە شێوازی جیاواز. تەنانەت هەندێ كەس لە تەمەنی كەمتر لە ١٨ ساڵ داهاتێكی زۆر باشیان هەیە لەو تەكنەلۆژییایە كە بەرانبەرە بە داهاتی چەندین دكتۆر. وەك باسم كرد دەبێت كۆنتڕۆل بكرێت، نەك قەدەغە بكرێت. هەموو شتێك باشی و خراپی خۆی هەیە، دەبێت باشییەكانی بزانین و سوودی لێوەرگرین و لە خراپیەكانی دوور بكەوین".
دوریا شێروانی، مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و ڕای وایە: "یاریی ئەلیكترۆنی، شاشەی تیڤییەكان، ئامێری ئەلیكترۆنی، ئەمڕۆ بەشێكی گەورەی ژیانمانی داگیر كردووە، وێڕای ئەوەی سوودێكی بەرچاویان هەیە، بە جۆرێك دوورترین ڕێگایان نزیك كردووەتەوە و شاراوەترین زانیارییان بۆ ئاشكرا كردووین، بەڵام بەدەر نییە لە كاریگەریی نەرێنی و گەیشتووەتە ڕاددەیەك لای منداڵان كە ڕێژەی ئۆتیزمی لەنێو منداڵان بە شێوەیەكی مەترسیدار بەرز كردووەتەوە". گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئێمە كارئاسانی بكەین بۆ پاراستی منداڵەكانمان لە مەترسییەكانی شاشەكان، پێویستە میكانیزمگەلێك بگرینەبەر، لەوانە بەشدارییان پێ بكەین لە خولە جیاوازەكانی هاوینە، گەشت و گەڕان بە نێو سرووشتدا، هاندانیان بۆ یارییە نائەلیكترۆنییەكان بە دابینكردنی یاریی جیاواز و نوێ و سەرنجڕاكێش بۆ منداڵەكانمان، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەنگاو بە هەنگاو كاری لەسەر بكەین، بەتایبەت لەگەڵ ئەو منداڵانەی كە ڕاهاتوون، یان خووگرتوون بە یاریی ئەلیكترۆنی، چونكە لەناكاو قەدەغەكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەریی نەرێنی و مەترسیدار لەسەر منداڵەكە دروست بكات".
پشتیوان ساڵح، سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: "ساڵی نوێی خوێندن نزیكە و زۆری نەماوە بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بە ڕووی قوتابیان، هەر بۆیە زۆر گرینگە كەسوكاری قوتابیان لە ئێستاوە ڕێكخستنی ژیانی منداڵەكانێان دەست پێبكەن و سیستمی ژیانیان بە جۆرێ ڕێك بخەن، لەگەڵ ژیانی قوتابی و خۆێندن و قوتابخانە بگونجێت، چونكە ماوەیەكی زۆرە قوتابیان بە هۆی پشووی هاوێن لە خوێندن دابڕاون و سیستمی ژیانیان گۆڕاوە، تەنانەت لە كاتی نووستن و هەستانیان لەخەو، بەتایبەتی كە ئالوودەی یارییە ئەلكتڕۆنییەكان و مۆبایل بوون، كە زۆربەی كاتەكانیان بە ئامێرە ئەلكتڕۆنییەكان بەسەر دەبەن، بۆیە گرینگە و ئەرك و بەرپرسیاریەتیی خێزانە كە ژێانی منداڵەكانیان ڕێك بخەنەوە و ڕابهێنرێن بۆ كاتی نووستن و هەستان لەخەو بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ چوونە قوتابخانە، ئەگەر بە هەمان سستمی ژیانی پشووی هاوین بێت، ئەوا لە قوتابخانە بێزار دەبێت و ڕقی لێ دەبێت و نایەوێت بخوێنێت، یان ئاستی نزم دەبێتەوە ، بۆیە ئەركی داێك و باوكە ژیانی قوتابی ڕێك بخەنەوە لە بەكارهێنانی مۆبایل و تۆڕی كۆمەڵایەتی و سەردان و گەشتكردن و داخستنی تۆڕی ئەنتەرنێت لەكاتی پێویست".
ئەو سەرپەرشتیاری پەروەردەییە جەخت لەوە دەكاتەوە كە "زوو هەستان لە بەیانیان بۆ قوتابی ئەوەی كاتێكی گونجاوی هەبێت بۆ نانخواردن و جل گۆڕین و چوون بۆ قوتابخانە زۆر پێویستە و دەبێت دایك و باوكان چاودێریی منداڵەكانیان بكەن لە جێبەجێكردنی ئەركی قوتابخانە و هاوكارییان بكرێت، بەردەوامیش مانگانە سەردانی قوتابخانە بكەن و بە دواداچوون بۆ ئاستی منداڵەكانیان بكەن لە ڕێگای كارگێڕی قوتابخانە و ڕابەری پۆل. ئەم بەدواداچوونە گرینگە بۆ منداڵ، چونكە هەست دەكات گرینگی پێدەدەن. پێویستە دایك و باوكان منداڵەكانیان هان بدەن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیان بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابڕدوو و بەردەوام دەربارەی هەڵسوكەوتیان و ڕێزگرتن لە یاساكانی قوتابخانە ئامۆژگارییان بكەن". گوتیشی: "دایك و باوك ڕۆڵی گرینگیان هەیە لە ئاشتكردنەەی منداڵ لەگەڵ قوتابخانە و پڕۆسەی پەروەردە بەگشتی، ناكرێت منداڵ هەر لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندن بە نائومێدی و ڕەشبینییەوە ڕوو بكاتە قوتابخانە، دەبێت قوتابی لەلایەن دایك و باوكیەوە پشتیگیری بكرێت و هاوكاری بكرێت و هیوای پێ بدرێت و لە قوتابخانەش پێشوازی لێ بكرێت ، بە جۆرێك قوتابی لەوە تێبگات، خوێندن و قوتابخانە ڕێگای ڕوون و سەركەوتنە لە ژیانیدا ".

Top