كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە سەدان پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی كارەبا جێبەجێ كراون
لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكێك لە پێشینەكانی كاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چارەسەركردنی بنەڕەتیی كارەبای نیشتمانی و بونیادنانی ژێرخانی كارەبا و گەیشتن بووە بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێر كارەبا، كە وێڕای قەیرانی دارایی و بڕینی بوودجە و ئالنگارییەكانی بەردەم چارەسەركردنی ئەم گرفتە گەورەیە كە چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان تووشی بووە، لەم پێناوەدا وەزارەتی كارەبا كۆمەڵێك پڕۆژە و دامەزراندنی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و ڕاكێشانی سەدان كیلۆمەتر لە هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز و، دانانی پێوەری زیرەك و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان و كردنەوەی هاوبەشی نوێی دەست پێكرد. كاتێك گۆڤاری گوڵان لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا پرسیاری ئەوەی كرد، ئایا وێڕای ئەو هەموو پڕۆژە و كارانە بۆچی ماوەكانی پێدانی كارەبا بەو شێوەیە زیاد نەبووە؟ ئەو لە وەڵامدا بە داتاو ژمارە سەلماندی كە لەم كابینەیەدا چەندین پڕۆژە و كاری بەرچاو ئەنجام دراون، كە وێڕای ئەوەی زیاتر لە ٤٤٢،٨٥٩ هاوبەش زیاد بووە و خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا هەڵكشاوە و هەرێمەكەمان ڕووبەڕووی بڕینی بوودجە و قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەڵام ژێرخانی كارەبا بونیاد نرایەوە و بارودۆخەكە خرایە سەر ڕێگە ڕاست و دروستەكەی بەرەو چارەسەركردنی یەكجارەكیی گرفتی كارەبا و گەیشتن بە 24 كاتژمێر دابینكردنی كارەبا نزیك بووەتەوە. لێرەدا پوختەی گفتوگۆكە بڵاو دەكەینەوە و ڕاست و دروستیی دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە داتا و ژمارە دەخەینە ڕوو.
* با سەرەتای پرسیارەكەمان لەو خاڵەوە دەست پێبكەین، كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆر باس لەو هەموو پڕۆژە و وێستگە و زیادبوونەی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێت، ئایا دەكرێت باسی گرنگترینی ئەو پڕۆژە و كارانەمان بۆ بكەن كە بە درێژایی پێنج ساڵی ڕابردوو لە بواری كارەبادا ئەنجام دراون؟
- لە چەندین دانیشتن و كۆبوونەوەدا ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نزیكەوە گوێبیستی هەنگاوەكانی چاكسازی و بونیادنانی ژێرخانی كارەبا بووە. بەڕێزیان بە وردی گفتوگۆی لەسەر چارەسەرەكان و هەنگاوەكان كردووە. هەر خۆی لە خۆیدا وەزارەتی كارەبا وەزارەتێكی خزمەتگوزارییە و پەیوەستە بە ژیان و بژێویی هاووڵاتیانەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرجەم سێكتەر و بوارەكانی ئابووری و كار و بژێویی هاووڵاتییانەوە هەیە. لەم كابینەیەدا وێڕای ئەو ئالنگارییانەی لە دەستپێكی كابینەكەدا ڕووبەڕوومان بووەوە، وەك پەتای كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و قەیرانی دارایی، بەكارهێنەرانی كارەبا و هاوبەشانیش بە شێوەیەكی پێوانەیی ڕووی لە زیادبوون كردووە. ئەوەتا تەنیا لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا ژمارەی هاوبەشانی نوێ گەیشتە سەرووی 442،895 هاوبەش و خواستی بەكارهێنانی كارەباش زۆر زیادی كردووە. گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و هەڵكشانی خواست لە هەردوو وەرزی زستان و هاویندا گرفتێكی دیكە بوو، بەتایبەتی كە ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ 1،885،270 هاوبەش بەرز بووەتەوە و، شار و شارۆچكەكان بە شێوەیەكی زۆر خێرا فراوان بوون و بە سەدان كارگە و پڕۆژەی نوێ دامەزراون. لەم بارودۆخە سەختەدا وای لێهاتووە هەر پێشكەوتن و گەشە و فراوانبوونی ئامێرێكی كارەبایی بێتە ئەم هەرێمەوە پێویستی بە دابینكردنی وزەی كارەبای نوێ هەیە. پاڵپشتییەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووایە هەرگیز 1،340 مێگاوات كارەبا لەم كابینەیەدا زیاد نەدەبوو، كە ئەویش وێستگەكانی «خەبات 300 مێگاوات، گەرمیان 165 مێگاوات، بازیان ٧٥٠ مێگاوات، دێرەلۆك ٣٨ مێگاوات، ٢٩ مێگاواتی سێ پارێزگا ٨٧ مێگاوات»، ئەمە وێڕای نزیكەی ٢٠ مێگاواتی كەرتی گشتی و تایبەت كە بە وزەی خۆر بەرهەم هاتوون، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتە 4،880 مێگاوات و ژێرخانی كارەباشمان گەیشتووەتە 7،689 مێگاوات كارەبا، بۆ یەكەمجاریشە لەهەرێمی كوردستان ١٦٥ مێگاوات كارەبا لە غازی بەفیڕۆچووی بیرە نەوتەكانی گەرمیان بەرهەم هاتووە، بۆ پاراستنی ژینگەش لە یاسای وەزارەتی كارەبا ماددەی تایبەت بە پاڵپشتیكردنی بەكارهێنانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد كراوە، چەندین پڕۆژەی گشتی و تایبەت بە توانای زیاتر لە ٢٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم هاتوون و بە سەدان پڕۆژەی دیكە لە هەر دوو كەرتی گواستنەوە و دابەشكردندا جێبەجێ كراون.
* وەزارەتی كارەبا لەم كابینەیەدا زۆر گرنگی بە دامەزراندنی وێستگەكانی گواستنەوە و ڕاكێشانی هێڵی كارەبا داوە. ئایا گرنگترینی ئەو پڕۆژانەی لە كەرتی گواستنەوەی كارەبادا ئەنجام دراون، چی بوون و تا چەند دووبارە بونیادنانەوەی ئەم سێكتەرە بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی كارەبا گرنگ بووە؟
- بۆ ئەوەی ئەو بڕە كارەبایەی لە وێستگەكانی بەرهەمهێناندا بگەیێنینە هاوبەشانی كارەبا، پێویستمان بەوە هەیە ژێرخانی كەرتی گواستنەوەی كارەبا بونیاد بنێینەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە سەدان پڕۆژەمان ئەنجام داوە، كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم. بۆ نموونە لە پارێزگای هەولێر «دامەزراندنی هێڵەكانی پاڵەپەستۆی بەرزی نێوان شەقڵاوە- سۆران، بۆ وێستگەكانی كەسنەزان و شاوێس و ڕێزان و شێروان مەزن و بارزان و وێستگەی ئازادیی كۆن- دووكان، وێستگەی ڕووناكی و برایەتی و سۆران- چۆمان- حاجی ئۆمەران و دامەزراندنی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز بۆ بەحركە، هەروەها دامەزراندنی دەیان وێستگەی وەكو بەحركە و شێروان مەزن و گردجووتیار و زانیاری و كەسنەزان و ڕووناكی و سۆران و نۆژەنكردنەوەی وێستگەی مەسیف و كڕینی چەندین وێستگەی گەڕۆكی كارەبا بۆ شەمامك و پردی حافز و چاككردنەوەی دەیان گۆڕەری گەورەی وێستگەكان»، لە پارێزگای سلێمانییش چەندین هێڵی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرز دامەزران، لەوانە دامەزراندنی هێڵی نێوان «بازیان – چەمچەماڵ و بازیان – ڕاپەرین كە بە گەورەترین پڕۆژەی پاڵەپەستۆی بەرز دادەنرێت، بە تێچووی 31،6 ملیار دینار و دامەزراندنی هێڵەكانی سەید سادق- هەڵەبجە و چەمچەماڵ – كەلار و كڕینی سێ وێستگەی گەڕۆك و فراوانكردنی وێستگەی دووكان و دامەزراندنی هێڵی نێوان هەڵەبجەی شەهید و وێستگەی خۆرماڵ و دامەزراندنی هێڵەكانی 33 كەی ڤی بۆ وێستگەی مۆبایلی زێڕینۆك و تانجەرۆ بۆ ناوچەی پیشەسازی و دامەزراندنی هێڵی 33 كەی ڤی بۆ تانجەرۆی ناوچەی پیشەسازی و كڕینی وێستگەی گەڕۆكی 25 مێگاواتی بۆ عەربەت لە سلێمانی و كڕینی چەندین گۆڕەری 63 مێگاواتی بۆ وێستگەی ناوەندیی سلێمانی، ئەمە و لە پارێزگای دهۆكیش هێڵی 132 كەی ڤیی هەولێر– دهۆك و سێمێل-زاخۆ دامەزرا و هێڵەكانی 33 كەی ڤیی «قەسرۆك، بەردەڕەش، دارەتوو، شاریا، دێرەلۆك-شیلادزێ و فراوانكردنی وێستگەی 132 كەی ڤیی فایدە» و چەندین كاری دیكەی گرنگ، لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش چەند وێستگە و هێڵی پاڵەپەستۆی بەرز دامەزراند، بۆ نموونە دامەزراندنی وێستگەی كفری و وێستگەی گەڕۆكی ساڵح ئاغا و دامەزراندنی هێڵی كەلار. بەشێوەیەكی گشتی تەنیا لە بواری گواستنەوەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لە نێوان 2019 تاكو مانگی حوزەیرانی 2024 زیاتر لە 61 پڕۆژە بە تێچوونی 84 ملیۆن و 372 هەزار دۆلار جێبەجێ كراون.
* یەكێك لەو بوارانەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە هاوبەشانی كارەباوە هەیە و ڕۆڵی لە گەیاندنی كارەبادا هەیە بۆ هاووڵاتیان و بەشداربووان، بریتییە لە كەرتی دابەشكردنی كارەبا، ئایا لەم بوارەدا چ پڕۆژەیەك ئەنجام دراوە؟
- لە كەرتی دابەشكردنی كارەبا 3،119 پڕۆژە بە تێچووی 206 ملیار دینار جێبەجێ كراون. لەگەڵ فراوانبوونی شار و شارۆچكەكان، نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ناوخۆ، گرنگیی خۆی هەبووە. ڕاكێشانی سەدان فیدەری كارەبا لە وێستگەكانەوە بارزۆری و گرفتەكانی ئۆڤەرلۆدی كەم كردەوە. پێوەری زیرەك تەقاندنەوە و سووتانی محاویلەكانی كەم كردەوە و سەرپێچییەكانی كارەبا كە هۆكار بووە بۆ نادادپەروەری و زیانگەیاندن بە تۆڕی كارەبا كەم كرایەوە.
لە ئێستادا كار دەكەین بۆ فراوانكردنی سیستمی پریپەید و پڕۆژەی ئەزموونیی 24 كاتژمێریی كارەبا، هەنگاوەكانی چاكسازی لە سێكتەری كارەبا و گەیشتن بە كارەبایەكی بەردەوام تەنیا بەم ڕێگەیە دەبێت. دوای ئەوەی بە سەركەوتوویی دانانی پێوەری زیرەك بۆ یەك ملیۆن و 345 هەزار هاوبەش جێبەجێ كرا، هەنگاوی دووەم جێبەجێكردنی سیستمی پریپەیدە كە لە ئێستادا بۆ زیاتر لە 60 هەزار هاوبەش دانراوە و 24 سیتیی نیشتەجێبوونی های كۆست و سێ بازاڕ 24 كاتژمێر كارەبای نیشتمانییان هەیە، بەمەش 330 موەلیدە كوژاونەتەوە. زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكان كەم كراوەتەوە و كوژانەوەی فیدرەكان لەو شوێنانەدا نەماوە، بڕیاریشە ئەم پڕۆژەی 24 كاتژمێریی كارەبایە بە خێرایی لە چەندین گەڕەك و ناوچەی دیكەی كوردستان جێبەجێ بكرێت. لە ئامێدی بۆ یەكەمین جارە خەڵكی وایەری موەلیدەكانیان لێ كردەوە و كارەباكەی بووەتە 24 كاتژمێری.
* زۆر باس لە پڕۆژەی ئەزموونیی 24 كاتژمێریی كارەبا دەكرێت، بەتایبەتی كە لە گەڕەكێكی شاری هەولێر جێبەجێ كراوە و وەزارەت ڕایگەیاند كە لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەكی باشی لێ كراوە. دەكرێت زیاتر باسی ئەم پڕۆژەیەمان بۆ بكەیت؟
- پڕۆژەی دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری كە لە گەڕەكی شادی لە هەولێر جێبەجێ كرا، لەلایەن دانیشتووانەكەیەوە پێشوازییەكی باشی لێكرا. توانیمان بە هەماهەنگی لەگەڵ دانیشتووانەكەی و لە ڕێگەی تیمێكی شارەزا و پسپۆڕەوە هەنگاوێكی گەورە بنێین. ئەم پڕۆژەیە ئەزموونییە و دیراسەتی ورد دەكرێت تاوەكو باشتر لە پێویستی و داواكاریی هاووڵاتییان تێبگەین. لە پڕۆژەكەدا هاووڵاتیان و هاوبەشانی كارەبا لە ڕێگەی كورتەنامەوە لە بارەی ڕێژەی بەكارهێنانی كارەبا ئاگادار دەكرێنەوە. بەڕاستی لە ڕووی دابینكردنی پێداویستیی هاووڵاتیان و بەردەوامیی كارەباكە و نرخ و تێچوون و تەنانەت كوژانەوەی موەلیدەكانەوە هەنگاوی باش نراوە، داواشم لە تیمەكان كردووە پڕۆژەكە خێراتر بكرێت و لە قۆناغی نوێدا چەند گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر بگرێتەوە، لە قۆناغی داهاتووشدا بەرەو شارەكانی دیكەی كوردستان دەبردرێت. ئەمە ئەو ڕێگە و بەرنامە و ستراتیژییەتە ڕاست و زانستییەیە كە كۆتایی بە چەندین گرفتی كارەبا لە كوردستان دەهێنێت و داوای سەرەكیی ڕێزدار سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە و ئەركی سەرشانمانە پەلە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا بكەین و كۆتایی بە ئاڵۆزترین و قورسترین كێشەی هەرێمی كوردستان بهێنین.
* جگە لە پڕۆژەی ئەزموونیی 24 كاتژمێریی كارەبا و پریپەید، لە چەندین بۆنەدا باست لە چەند پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی كردووە، كە ڕۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی چارەسەركردنی كارەبادا، بەتایبەتی ڕاكێشانی بۆڕیی غاز بۆ وێستگەی غازی دهۆك، ئەم پڕۆژەیە چییە؟
- دوای ئەوەی لەم كابینەیەدا لە ئەنجامی هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا گوژمەیەكی زۆر كارەبا بۆ گەنجینەی حكومەت گەڕایەوە. بۆ نموونە لە كەمكردنەوەی نرخی كڕینی مێگاوات لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ساڵانە 212 ملیۆن دۆلارمان گەڕاندەوە ئەمە جگە لە كەمكردنەوەی نرخی كڕینی كارەبا لە وێستگەكانی 29 مێگاواتی و 51 مێگاواتی كارەبا، لە پلانی وەزارەتی كارەباشدایە لەسەر بنەمای دامەزراندنی پڕۆژە ستراتیژییەكانی وێستگە و تۆڕی پاڵەپەستۆی بەرزی 400 كەی ڤی و ڕاكێشانی بۆڕیی غاز بۆ وێستگەی غازی دهۆك و بونیادنانی سیستمی سكادا بۆ بەڕێوەبردن و كارپێكردنی تۆڕی كارەبای هەرێم هەیە، ئەمە جگە لەوەی لە بەرنامەی كاری وەزارەتدایە و بە جددییش كاری لەسەر كراوە، بۆ زیاتر گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزە نوێبووەكان و وزەی پاك، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر، كە ئەم ئاسانكارییە و پاڵپشتییە وای كردووە لە كەرتی گشتی و تایبەتدا زیاتر لە 20 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنرێت، ئەمە وێڕای هاوبەشانی ماڵان كە تا دێت دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر ڕوو لە زیادبوون دەكات.