دەربەندیـخـان.. لـە ڕووی گـەشـتوگــوزاری و ماستەرپلانەوە فەرامۆشكراوە

دەربەندیـخـان.. لـە ڕووی گـەشـتوگــوزاری و ماستەرپلانەوە فەرامۆشكراوە
سەردار فەقێ محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بۆ (گــوڵان):
یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی دەربەندیخان كێشەی ئاوە


دەربەندیخان ماستەرپلانی بۆ نەكراوە، پشت بە نەخشەی بنەڕەتی دەبەستین
لە كاتی گەورەبوون و بەرفراوانكردنی هەر شاروشارۆچكەیەك پێویستیت بە نەخشە رێگایەك دەبێت بۆ ئەوەی شار و گەڕەكەكان شێوەیەكی ئەندازەیی بێ كێشە و گرفت وەربگرن و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بتوانێت بەپێی پێویستی خۆی ئەنجام بدرێت و سەركەوتووبێت، ئەو نەخشە رێگایەش ماستەرپلانە، سەردار فەقێ محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان پێی وایە: گەرچی تا ئێستا دەربەندیخان ماستەرپلانی بۆ نەكراوە، بەڵام بۆ فراوانبوونی شارەكە پشت بە نەخشەی بنەڕەتی دەبەستن، هەوڵیش دراوە بۆ قەزاكە ماستەرپلانێك بكرێت لە رێگای پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، چونكە ئەم لایەنە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەی بزانن شارەكە بە كامەئاڕاستە گەورە دەكرێت و كاروپرۆژە خزمەتگوزارییەكانی تێدا ئەنجام بدرێت .
زێدەڕۆیی لەدەربەندیخان حاڵەتە نەك دیاردە
سەبارەت بەوەی كە زێدەڕۆیی لە هەموو شارۆچكەكان بەرچاو دەكەوێت، هەندێ شوێن لە هەندێكی تر ئەو دیاردەیەی تێدا زیاترە، بە وتەی قایمقامی دەربەندیخان قەزاكە لەم دیاردەیە بەدەر نییە، بەڵام توانراوە بەپێی یاسا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت و ئاستێكی بۆ دانراوەو بەوتەی بەڕێزیان چیتر ڕێگا نەدراوە بەزێدەڕۆیی، هەر بۆیە ئەم حاڵەتە لەشارەكەدا دیاردە نییە..
بۆ چارەسەركردنی ئاوی خواردنەوە بەبڕی زیاتر لە دوو ملیۆن و نۆ سەد هەزار دۆلار پرۆژەیەكی ستراتیژی ئیحالەكراوە
یەكێك لەو كێشە و گرفتانەی كە لە قەزای دەربەندیخان هەیە كێشەی ئاوە، پرۆژەیەكی ئاو لە قەزاكە هەبوو دواكەوتووە، ئایا هۆكارەكەی چییە و هەوڵدراوە ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت؟ لەمبارەوە قایمقامی دەربەندیخان وتی: راستە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی دەربەندیخان كێشەی ئاوە، هەم لە ڕووی جۆرەكەیەوە هەم لە ڕووی بڕی ئاوەكەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەش لە ڕێگای پارێزگای سلێمانییەوە پرۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوە ئیحالەكراوە، پرۆژەكە بریتییە لە دوو پاڵاوتگەی ئاو كە بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن و نۆ سەد هەزار دۆلاری بۆ تەرخانكراوە، پرۆژەكە بە كۆمپانیای(ویكەی فلتەر) دراوە، ئەو پرۆژەیە چەند كۆگایەكی گلدانەوەی ئاوی لەگەڵە، ئێمە كە سەیرمان كرد هەندێك لە كۆگاكان ژەنگی هەڵهێنابوو دیاربوو هی دەستی دوو بوو بۆیە ئەوانەمان رەفزكردەوە ئەو كەلوپەلانە رەوانكرایەوە و ئێستا خەریكن هی تازە بەپێی مواسەفات و ستانداردی جیهانی بێنن، دەتوانم بڵێم هەر ئەوەش هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی پرۆژەكەیە، چونكە لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی قەزاكەدا ئەو كەرەستە و بەشانەی لە پرۆژەكەدا بەكاردەبرێت باش نەبێت و لەڕووی كوالێتییەوە لەئاستێكی بەرزدا نەبێت پرۆژەكە قبوڵ ناكەین.
هاوكات كێشەیەك لە بەنداوی دەربەندیخان هەیە كە ساڵانە لە وەرزی پاییزدا ئاوەكە كەم دەكات و بۆنێكی لێ دروست دەبێـت، ئەوە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی بەنداوی دەربەندیخان ئەو حاڵەتە هەیە، خەڵكی هەقی خۆیەتی دڵنیا بێت لە باشی و تەندروستی ئاوەكەی، لەبەر ئەوەی بەردەوام بە كاری دەهێنن و دەیخۆنەوە، لەمبارەوە راستەوخۆ پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانیمان ئاگادار كردەوە، ئەوانیش لیژنەیەكیان ناردو چەند سمپلێكیان لە ئاوەكە لەو شوێنانە كە ئاوی لێ هەڵدەهێنجرێت و دەچێت بۆ هاووڵاتیان وەرگرت. ئەو سیمپلانە ڕەوانەی تاقیگەكانی ناوەندی سلێمانی و زانكۆی سلێمانی و ئاوی دوكان لە سلێمانی كرا و سیمپلیان بۆ وڵاتانی ئەڵمانیاش ڕەوانەكرد، لە پاش تاقیكردنەوە لەسەر سیمپلەكان لە هەموو تاقیگەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە ئاوەكە بێ گرفتە و دەست دەدات بۆ خواردنەوە، قسەو پروپاگەندە شتێكە و پشكنینی تاقیگەیی و زانستی شتێكی ترە، ئەمەش یەكێك بوو لە گرفتەكانی ئاوی خواردنەوەی قەزاكەمان كە چارەسەر كراوە.
تۆڕی رێگاوبانی گوندەكانی سنووری دەربەندیخان قیرتاو و نەكراوە، تەنیا تێكەڵەڕێژكراوە
ئەو رێگای سەرەكییەی كە بۆ دەربەندیخان دێـت یەك سایدەو بۆ ڕووداوی هاتوچۆ مەترسیدارە، لەپلان و بەرنامەدایە بكرێتە دوو سایدی و تۆڕی ڕێگاوبانی گوندەكان لە چ ئاستێكدایە، ئایا ناو سەنتەری شارۆچكەكە و كۆڵانی گەڕەكەكان قیرتاو و كۆنكرێت كراوە؟ قایمقامی دەربەندیخان لە وەڵامی ئەم پرسیارانە وتی: لە سلێمانی تا قەرەگوڵ پرۆژەی دوو سایدەو قیرتاو كراوە، لە قەرەگوڵەوە تا هەڵەبجەی تازەش ئێستاكە كار لەسەر پرۆژەكە دەكەن، بۆ بەشەكەی تریش لەبەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی كاری ئیحالە و دیزاینی بۆ كردووە، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بەكاركردن دەكەن و تا دەگاتە دەربەندیخان دەبێتە جووت ساید و ئەو پرۆژەیە تونێلێكیشی لەگەڵدایە، ناو سەنتەری شارۆچكەكەشی لە ماوەی ساڵانی رابردوو زۆربەی كۆڵان و شەقامی گەڕەكەكانی بە بەرنامە و پلان كۆنكرێت و قیرتاو كراون، هەر گەرەك و كۆڵانێك كۆنكرێت یان قیرتاو كرابێت پێشەكی پرۆژەی ئاوەڕۆی لێ ئەنجامدراوە، بەڵام هەندێ گەڕەكی وەكو سیروان و هەوارە بەرزە كۆڵان و شەقامەكانیان قیرتاو و كۆنكرێت نەكراوە،هەروەها تۆڕی رێگاوبانی گوندەكانیش قیرتاو نەكراوە، بەڵكو تەنیا تێكەڵەڕێژكراون.
لایەنگری ئەوەم پاككردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاكی قەزاكە بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت بدرێت
سەبارەت بە كۆكردنەوە و خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاك لە زۆربەی شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كێشەیەكی بەرچاوە، بەتایبەتی لە بارەی ئەوەی سیستەمەكە كۆنە و نەتوانراوە كارگەی ریسایكلین دابمەزرێنن، قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: من لایەنگری ئەوەم پاككردنەوەی شارۆچكەكە بدرێتە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت، لە زۆربەی دانیشتنە فەرمییەكاندا باسی ئەوەم كردووە، كە بۆ سەركەوتن و پاك راگرتنی ناو شارۆچكە پێویستە ئەو كارە بدرێت بە كۆمپانیای تایبەتمەند و خاوەن ئەزموون، چونكە كارەكان باشتر ئەنجام دەدرێت لەوەی كەرتی گشتی كاری لەسەر بكات، هەرچەندە تا ئێستاكەش شارەوانی كاری باشی كردووە و ناو شارەكەی بەبەردەوامی رۆژانە زۆر باش و جوان پاك دەكاتەوە، بەڵام شوێنی فڕێدانی زبڵوخاشاكەكە باش نییە و نزیكە لە شارەكەوەو لەكاتی سووتاندنی زبڵوخاشاكەكەدا دوكەڵەكەی دێتەوە سەر قەزاكە، بەڵام ئەگەر كۆمپانیایەك بەم كارە هەستێت دەتوانێ كارگەیەكی ریسایكلینیش دابنێت و سوود لە زبڵوخاشەكە وەربگرێت و بیگەڕێنێتەوە بۆ كەرەستە سەرەتاییەكان.
كەمی ڕووبەری زەوی وایكردووە دیاردەی بەخێوكردنی مەڕوماڵات لەناو شارەكە بمێنێت
سەبارەت بە دیاردەی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات لەناو سەنتەری قەزاكەدا قایمقامی دەربەندیخان وتی: لەدەربەندیخان كێشەیەكی سەرەكیمان هەیە،ئەویش نەبوونی رووبەرو زەوی فراوانە، چونكە قەزاكە لە سێ لاوە بە شاخ و چیا دەورە دراوە، تەنیا یەك لامان هەیە ئەویش بەرەو قەرەداخ دەڕوات، لەم شوێنەش زۆربەی ئەو زەوییانەی هەیە تاپۆی خەڵكە یان گرێبەستە، ئەوەش وایكردووە كە جێگەیەكی دیاریكراو نەبێـت بۆ مەڕوماڵات بەخێوكردن، هەر چەندە لێرە و لەوێ جێگامان دروستكردووە بۆ ئەو كەسانەی مەڕوماڵات بەخێودەكەن، بەڵام كەس پابەندی ئەوە نییە لەم شوینە دیاریكراوانە مەڕوماڵاتەكەی بەخێو بكات، واتە ئێمە لەدەربەندیخان گرفتی نەبوونی رووبەری زەویمان هەیە، هەربۆیە دوو كۆمپانیا هاتووە كە خانووی نیشتەجێبوون دروست بكات، بەڵام لەبەرنەبوونی رووبەری زەوی كارەكە راوەستاوە.
سیاسەت و بەرنامەی وەبەرهێنان پێویستی بە چاوخشاندنەوەیەكی جددی هەیە
سەبارەت بە هۆكاری نەبوونی پرۆژەی گەشتوگوزاری لە دەربەندیخان سەردار فەقێ محەمەد وتی: وەبەرهێنەر زۆر بە كەمی ڕوو دەكەنە ئەو سنوورەو زیاتر ڕوودەكەنە قەزای دوكان، خەڵكی ناوچەكەش ئەوەی ئیمكانیاتی باشە كەمتر ڕوودەكەنە وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزار،سەرەڕای ئەمانەش لەبەشی خوارەوەی شارۆچكەكە كەمپێكی گەشتیاری دروستكراوە پاركێكیش لەسەر گردێك لەلایەن وەبەرهێنەرێك دروستكراوە، ئەو كارانەی لە بواری گەشتیاری لە دەڤەرەكە كراوە زۆر كەمترە لەوەی كە لە شوێنە گەشتیارییەكانی تر هەیە، یەكێك لە گرفتەكانی تر كە هەیە وەبەرهێنەر زیاتر ڕوو لە شارە گەورەكان دەكات لەوەی لە شارۆچكەیەكی دوور، ئەم سیاسەتەی وەبەرهێنان پێویستی بەچاو خشاندنەوەیەكی جددی هەیە.
بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەرەباڵغی قوتابخانەكان سێ بینایەی(18) پۆلی دروست دەكرێت
سەبارەت بە كەرتی پەروەردە كە كێشەیی زۆری قوتابی و دوو دەوام و سێ دەوامی لە قوتابخانەكانی قەزای دەربەندیخان هەیە، قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: لەلایەك زۆری قوتابی جێگای نیگەرانییە كە ژمارەیەكی زۆر لەیەك پۆل دەخوێنن، لەلایەكی ترجێگای دڵخۆشییە كە خەڵكێكی زۆر ڕوویان لە خوێندن كردووە، ئەمەش بەڵگەیەكە بارودۆخی ئابووری خەڵك باشتر بووە لە جاران، هۆی دوو دەوامی و سێ دەوامی و زۆری قوتابیان دەگەڕێـتەوە بۆ كەمی بینایەی قوتابخانە، لەمبارەیەوە لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی پەروەردە هەوڵمانداوە چەند بینایەكی قوتابخانەمان بۆ دروست بكرێت، هەر بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ئێستاكە سێ بینایەی(18) پۆلی لە سەنتەری قەزا دروست دەكرێت، بەڵام هێشتا لە مبارەیەوە گرفتمان دەمێنێت، لەبەر ئەوەی ڕێژەی قوتابیان ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت، هاوكات كێشە و گرفتمان لە پسپۆڕایەتی مامۆستایان هەیە، چونكە بەپێی پێویست مامۆستای پسپۆڕمان نییە.
نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیمان هەیە، نەشتەرگەریشی تێدا ئەنجام دەدرێت
سەبارەت بە بواری تەندروستی كەلە چ ئاستێكدایەو كێشەو گرفت لەم بوارە هەست پێ دەكرێت و چۆن چارەسەر دەكرێت قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: نەخۆشخانەمان هەیە كە نەخۆشی تێدا دەخەوێت و نەشتەرگەریشی تێدا ئەنجام دەدرێت، لە بواری پزیشكی پسپۆڕ و ئافرەتان و منداڵبوون لەدەربەندیخان كێشەو گرفتمان هەیە، بەڵام لە زۆربەی شارۆچكەكانی تری هەرێمی كوردستان باشترین، لە هەندێ لە گوندەكان بنكەی تەندروستی هەیە، بەڵام بەپێی سیستەمی وەزارەتی تەندروستی تا ڕادەیەك سیستەمێكی كۆنە و سەركەوتوو نییە، چونكە لە بری پزیشكی یاریدەدەر لەم بنكانە كار دەكەن، بۆ فریاگوزاری سەرەتایی و پێداویستی گوندەكان كاری باش دەكەن.
وەزارەتی كشتوكاڵ لە دەربەندیخان پرۆژەی باشی ئەنجامداوە، لەمانە پرۆژەی بەنداوی دێوانەیە
سەبارەت بەوەی وەزارەتی پیشەسازی و كشتوكاڵ تا چ رادەیەك كاروپرۆژەیان لەم قەزایە ئەنجامداوە، قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: وەزارەتی پیشەسازی زۆر كەمتر لە وەزارەتی كشتوكاڵ كاری كردووە، وەزارەتی كشتوكاڵ پرۆژەی زۆرباشیان ئەنجامداوە یان لە ژێر جێبەجێكردنە لەمانە پرۆژەی بەنداوی دیوانەیە كە بەرزی (42)مەترە توانای گلدانەوەی (21) ملیۆن سێ جا ئاوی هەیە كە بڕی پانزە ملیار و نۆ سەدە و هەشتا و چوار ملیۆن و حەوت سەد و هەشتاو پێنچ هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە ئێستاكە لە ژێر ئەنجامدانە لەماوەی كەمتر لە سێ ساڵی تەواو دەبێت، لەلایەكی تر لە كاتێك كە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیاد لە ئاستی خۆی سەرف بكرێت ئەوە لاچوونێك لە دەربەندەكە دروست دەبێـت، ئەمەش كاتێك دەبێ كە ئاوەكە زۆر بڕوات و بە بەردەوام كارەبا بەرهەم بێنێت.
سەلەی كارەبا بۆ قەزای دەربەندیخان كڕاوە،
بەڵام وەرمان نەگرت و داوامانكردووە بۆمان بگۆڕن
وەكو دەزانین بەشێك لەبەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان لە بەنداوی دەربەندیخانە ئایا كێشە و گرفتی كارەبا لەم سنوورە هەیە و چییە و سەلەی كارەبا لە قەزاكە هەیە، لەمبارەوە قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: ئێستا كێشەی كارەبا وەكو هەموو كوردستان زۆر كەمەو رۆژانە ماوەیەكی زۆر كارەبا هەیە، لە كاتی خۆی ئۆتۆمبێلی سەلەی كارەبا لە دەربەندیخان نەبوو، لەپاش داواكردن و هەوڵدان ئۆتۆمبێلێكی سەلەی كارەبامان بۆ كڕاوە، بەڵام ئەمەش بەپێی مواسەفات نەبوو، بۆیە وەرمان نەگرت و داوامانكردوە بۆمان بگۆڕن، چونكە ئەمە زۆر پێویستە بەتایبەتی بۆ چاككردنەوەی رووناك كەرەوەی ناو سەنتەری شار.
هۆكاری دواكەوتنی دامەزراندن دەگەڕێتەوە
بۆ دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە
سەبارەت بە دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان و بێكارانی قەزای دەربەندیخان قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: بۆ ئەمساڵ وەكو هەموو لایەك ئاگادارن كە(25) هەزار پلە لەسەر ئاستی هەرێم دانراوە دابمەزرێن، بەڵام بەداخەوە ئەمەش تا ئێستاكە دواكەوتووە بەهۆی دواكەوتنی پەسندكردنی بودجەیە، ئەم دامەزراندنەش لیژنەیەكی بۆ دانراوە و رەچاوی ژمارەی دانیشتووانیش كراوە، لەپاشان فۆڕمێك هەیە دابەش دەكرێت، دامەزراندنەكەش بەپێی بڕوانامە و پلە كێبڕكێی تێدایە، هۆكاری دواكەوتنی دامەزراندن دەگەڕێتەوە بۆ دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە، دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەموو كار و پرۆژە و بەرنامە وپلانەكان هەیە، چونكە لە 2011 چەندین پرۆژە لە بەرنامەیە، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە پرۆژەكان دواكەوتووە.
دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری
بەبێ دەسەڵاتی دارایی سوودی زۆر كەمە
سەبارەت بەدابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری و دارایی قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی:
دابەزاندنی دەسەڵاتە ئیدارییەكە تا ڕادەیەك ئێستا كاری پێ دەكەین و رۆڵی خۆی لەبەرەو پێشەوە بردنی كارەكانمان دیتووە، بەڵام دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداری بەبێ دەسەڵاتی دارایی سوودی زۆر كەمە، هەروەها نەبوونی یەكەیەكی ژمێریاری تا ئێستاكە یەكێكە لەو گرفتانەی كە كاریگەری لەسەر هەموو ئیش و كارەكان هەیە، بەدامەزراندنی یەكەی ژمێریاری دەسەڵاتە ئیدارییەكان زیاتر گڕوتین بە بەرەو پێشەوەبردنی كارو پرۆژەكان دەدەن، بەڵام ئەوەی ویستومانە لە ڕێگای پارێزگاوە بۆمان جێبەجێ كراوە.
بە شێك لە كێلگە مینەكانی سنووری دەربەندیخان پاككراوەتەوە و بەشێكی زۆریش ماوە
سنووری قەزای دەبەرندیخان بە حوكمی ئەوەی هاو سنوورە لەگەڵ ئێران و لە ماوەی هەشت ساڵی شەڕی نێوان عێراق - ئێران ژمارەیەكی زۆر مینی تێدا چاندراوە، لە دوای ساڵی(1991) ەوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نا حكومی و (NGO)ی نێودەوڵەتی دەستكرا بە پاككردنەوەی زەوی بەمین چێنراوەكان یەكێك لەم سنوورانەش قەزای دەربەندیخانە،لەمبارەوە قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: ئێمەش بە حوكمی ئەوەی هاوسنوورین لەگەڵ ئێران و سنوورمان لەگەڵ قەراخ بووە كە سنورێكی ئازادكراوبوو لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بوو، بۆیە رژێمی بەعس ژمارەیەكی زۆری لە سنوورەكە تەنیووە بە مین، بەڵام لە دوای ئازادی كوردستان و دروستبوونی حكومەتی هەرێم تا ئێستاكە بە بەردەوامی كار لە سەر هەڵگرتنەوەی مین دەكرێت و تا ئێستا بە شێك لە كێلگەكانی مین پاككراوەتەوە و بەشێكی زۆریش ماوە، كاری مین هەڵگرتنەوە سروشتەكەی وایە زۆر لەسەرخۆیە و ژمارەی كێڵگەكانیش زۆرە، بۆیە چەندین ساڵی تری پێویستە بۆ پاككردنەوەی ناوچەكە لەمین، ئەو كێڵگە مینانەش رێگربوون لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی سنوورەكە بەتایبەتی گوندەكان و ماوە ماوەش لە ئەنجامی ئەم مینانە قوربانی و ڕووداوی جەرگبڕ ڕوودەدات.
ئەشكەوتێك بەناوی كونەبا لەدەربەندیخان هەیە
كە هیچی كەمتر نییە لە ئەشكەوتی جعێتـەی لوبنان
سەبارەت بەشوێنەوار لەناوچەی دەربەندیخان و چۆنیەتی پاراستن و كار و پرۆژە قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: لەبەشی خوارەوەی قەزای دەربەندیخان شوێنەوارێكی لێیە كە ئاتاشگەی زەردەشتییەكانە، هەروەها لە نزیكی ئەو دیوی چەمی دێوانەوە ئەشكەوتێكی جوانی سەرنج ڕاكێشی بەناوی ئەشكەوتی كونەبا هەیە كە هیچی كەمتر نییە لە ئەشكەوتی جعێتـەی لوبنان، ئێمە دامان نابوو ڕێگایەك بۆ ئەو ئەشكەوتە ڕابكێشین و رەزامەندیشی لەسەردەرچوو، بەڵام بەحوكمی ئەوەی ئەو بەنداوە دروست دەكرێت لە پاش تەواوبوونی بەنداوەكە وا دەكەین رێگا سەرەكییەكە لەسەر بەنداوەكە یەكسەر بچێت بۆ ئەشكەوتە.
یاریگایەكی تۆپی پێ
بۆ وەرزشوانانی دەربەندیخان زۆرپێویستە
سەبارەت بە بواری رۆشنبیری و ولاوان قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: هۆڵی بۆنە و رۆشنبیری و هۆڵێكی داخراوی هاوچەرخی وەرزشی لە دەربەندیخان هەیە، بەڵام لەچەند لایەنێكیش كەموكوڕی هەیە، هەر وەكو یاریگایەكی تۆپی پێ كەزۆر پێویستە بۆ وەرزشوانەكان و برەودان بە یارەی تۆپی پێ لە سنووری قەزاكەدا. ساڵی رابردوو فیستیڤاڵێكی شانۆی سەر شەقام سازكرا كە سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بە ئومێدە ئەو فیستیڤاڵە ساز بكات كە چەندین وڵاتی ئەوروپی و دەوروبەر تێیدا بەشداردەبن.
پێویستە كار و پرۆژەی زیاتر
لە سنووری دەربەندیخان ئەنجام بدرێت
سەبارەت بەوەی وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم سەردانی سنوورەكەیان كردووە بۆ بەدواداچوونی پرۆژە و كامەیان زیاتر داواكارییەكانی ئەو سنوورەی وەرگرتووە و جێبەجێكردووە قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری رۆشنبیری و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و خوێندنی باڵا سەردانیان كردوین، لە هاتنی ئەم لایەنانە ئەگەر كارو پرۆژەش ئەنجام نەدەن، خۆی لەخۆیدا بەراوبۆچوونی من هەر هاتنیان و بەسەركردنەوەی ناوچەو ئیدارەكە كاری زۆر باشە، هەر بۆ نموونەش بەهاتنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا كە ناوچەی پیشەسازی بۆ قەزای دەربەندیخان دروست بكرێـت و چەندین گەڕەكیش شەقام و كۆڵانەكانی قیرتاوبكرێت.
لە كۆتاییدا قایمقامی قەزای دەربەندیخان وتی: ڕاستە دەڵێین كاروپرۆژە بۆ دەربەندیخان كراوە بەڵام كەموكوڕیش هەیە، بۆیە پێویستەو داواكارم لە وەزارەت و لایەنە پێوەندارەكان هەوڵبدەن زیاتر كاروپرۆژە لە سنوور و سەنتەری قەزای دەربەندیخان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە خەڵكەكە و شارەكە بكرێت.
Top