"مەردان" لە ئەمەریکا نمایشکرا

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی بەتین قوبادی، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" لە ئەمەریکا نمایشکرا.
ئەم فیلمە یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد بەتین قوبادییە و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراقە بۆ ھەشتاو حەوتەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥ـدا، بە نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە رۆژانی ١٣ و ١٥ی تشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە بەشی "سینەمای جیھان" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" Mill Valley لە شاری رافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
فیستیڤاڵەکە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمی کالیفۆرنیا و بە مەبەستی پشتیوانی لە فیلمسازانی سەربەخۆ و گەنج و ھەروەھا بەرھەمە نوێیەکانی سینەمای جیھان دامەزراوە و یەکێکە لە رووداوە گرینگەکانی سینەمای ئەمەریکا، تیایدا ھەموو ساڵێک بەشێکی بەربڵاو لە فیلمە نوێیەکانی سەرتاسەری جیھان نمایش دەکرێت.

سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "سینەمای جیھان"، "سینەمای ئەمەریکا"، "سینەمای دیکۆمێنتاریی"، "فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "سینەمای چالاک" و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە رۆژانی ٨ تا ١٨ی تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر ٢٠١٥ لە شاری رافائیل بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و بە ئامادەبوونی بەتین
قوبادی، رۆژی ٢٥ ئەیلوول/ سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی دووەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیلکرۆید" لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێدا، لە رۆژانی ٢٢ تا ٢٥ ئەیلوول/ سەپتێمبەری ٢٠١٥ لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.
Top