لە خولى یەكەمى هەڵبژاردنەكانى میسردا حزبە ئیسلامییەكان لە ریزى پێشەوەن

لە خولى یەكەمى هەڵبژاردنەكانى میسردا حزبە ئیسلامییەكان لە ریزى پێشەوەن
دوێنێ چوارشەم لێژنەى باڵاى هەڵبژاردنەكانى میسر ئەنجامى خولى یەكەمى هەڵبژاردنەكانى میسری راگەیاند، كە تێیدا ئیسلامیەكان (ئیخوان و سەلەفیەكان) بەشى زۆرى دەنگەكانیان بە دەست هێناوە.

عەبدولموعیز ئیبراهیم سەرۆكى لێژنەكە ئێوارەى دوێنێ لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا لە بارەگاى لێژنەكە شارى قاهیر ئەنجامى هەڵبژاردنەكەى راگەیاند.

بەپێى ئەنجامەكان، حزبى ئازادى و داد (ئیخوان موسلیمین) زۆرترین دەنگى بەدەست هێناوە كە 3 ملیۆن و 565 هەزار و 92 دەنگە، دواى ئەو حزبى نوورى سەلەفى دێ كە 2 ملیۆن و 31 هەزار و 713 دەنگى بەدەست هێنا، بارستەى میسریش بە پلەى سێیەم هات و ملیۆنێك و 299 هەزار و 819 دەنگى هێنا.

پارێزگاران 767 هەزار و 43 دەنگ، شۆڕشى بەردەوام 335 هەزار و 185 دەنگ، حزبى چاكسازى و گەشەپێدان 185 هەزار و 25 دەنگ، ، بێلایەنە نوێیەكان 107 هەزار و 92 دەنگ، شۆڕشى میسرى 36 هەزار و 995 دەنگ، ، میسرى نوێ 27 هەزار و 6 دەنگ، میسرى شۆڕش 26 هەزار و 804 دەنگى بەدەست هێنا.

ئیبراهیم گوتى لە خولى یەكەمدا ژمارەى دەنگدەران 17 ملیۆن و 522 هەزار و 583 كەس بوو، لەو ژمارەیە 10 ملیۆن و5 هەزار دەنگیان دا، ژمارەى دەنگە پووچەكان گەیشتە 679 هەزار و 221 دەنگ، رێژەى دەنگدانیش 60% بوو.

هەڵبژاردنى خولى یەكەم لە 9 پارێزگەى میسریدا بەڕێوە چوو و بڕیارە خولى دووەم لە 14ى ئەم مانگەدا لە 9 پارێزگەى ترى میسردا بەڕێوە دەچێ، خولى سێیەمیش لە دوا هەفتەى ئەم مانگەدا ئەنجام دەدرێ، بەوەیش ئەنجوومەنى گەلى میسر پڕ دەبێتەوە.


-ئاكاميوز
Top