د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   گرنگە حزبە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان بەوانەی بەشەکانی دیكەی کوردستانیشەوە، بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان

د.جەلال ئەحمەد  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     گرنگە حزبە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان بەوانەی بەشەکانی دیكەی کوردستانیشەوە، بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان

 

 

د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و بەرپرسی بنكەی توێژینەوە و ڕاپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ « هەرێمی كوردستان لەناو گێژاوی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا» بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو:

 

ئێران یەکێکە لەو هێزە سەربازییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کە هەرچەندە خۆی لە قەبارەی خۆی گەورەتر دێتە بەرچاو و ناتوانێت دەستبەرداری شەڕ بێت، بەڵام ئەنجامێکی سەربازی ئەوتۆی لە گۆڕەپانی شەڕی ئەم دواییەیدا دەست نەکەوتووە؛ بۆیە حەز ناکات گۆڕەپانی شەڕی لەگەڵ دوژمنەکانیدا فراوان بکات؛ چونکە باش دەزانێت لە ئەگەری زۆردا، ئەنجامی شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئەودا نابێت. ئێران کە تا دوێنێ لە ڕێی بریکارەکانییەوە، ئەمڕۆش لەڕێی مووشەک و درۆنەکانییەوە فۆڕمێکی تازەی لە شەڕکردن لەگەل ئیسڕائیلدا بەرپاکردووە، لە بەرژەوەندیدا نییە بچێتە شەڕێکی زەمینی ڕاستەوخۆو لەگەڵ ئیسڕائیل و هاوپەیمانەکانیدا؛ لە لایەکەوە لە ناوچەکەدا جگە لە سووریا و گروپە بریکارەکانی لە عێڕاق و لوبنان و یەمەن بە حەماسی فەڵەستینیشەوە، وڵات و گروپێکی دیكە شک نابات لە ئەرزی واقعدا شەڕی زەمینی بۆ بکات، وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرێ ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان بۆ ئیسڕائیل بیکەن؛ لە لایەکی دیكەوە ڕەوشی سیاسی و ئابووری نێوخۆی ئێران هێندە سەقامگیرو لەبار نییە؛ لە ناوچەکەشدا ژمارەی دوژمنەکانی لە دۆستەکانی زیاترن. بۆیە لەو سەروبەندەدا ئێران بەشێوەیەکی کاتی دەچێتەوە قاڵبی خۆی دوای دڵنیابوونی لە هەڵوێستی نەگۆڕی ڕۆژئاواییەکان سەبارەت بە ئیسڕائیل لە هەر ئەگەرێکی سەربازیی نەخوازراودا کە ڕووبەڕووی ببێتەوە. دەسکەوتی هەرە دیاری ئێران ئەوە بوو، کە لە سەرێکەوە پەیامەکەی خۆی گەیاند، کە توانا سەربازییەکانی چەندە بەرەو پێش چوون و لەمەودوا دەتوانێت لەناوچەکەدا چی بکات؛ بەڵام سەرنەکەوت لەوەی بتوانێ وڵاتە عەرەبییەکان بخزێنێتە ناو شەڕێک کە لەسەر خاک و بەخوێنی ئەوان فراوانتر بێت؛ ئەوەی بەزیانی ئێرانیش شکایەوە وڵاتانی کەنداو لە جاران زیاتر ئامادەی هاریکارین لەگەڵ ئەمریکادا.. کەواتە ناوچەکە وەک جاران چاوەڕوانی ڕووداو  و  پێشهاتی نوێی لێدەکرێت، کە پێناچێ لەبەرژەوەندیی ئێراندا بن.

زۆربەی چاودێرانی سیاسی ناوچەکەش لەو باوەڕەدان، کە لە ئەگەری گەڕی نوێی شەڕو ململانێی ئێران لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکادا، عێراق پێشهاتی زیاتر بەخۆوە دەبینێ، ئێران دڵخۆش نییە بە بوونی هەرێمێک بە ناوی کوردستان کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پارێزگاری لە بوون و مانەوەی بکەن؛ لێرە بەدواوە هەر کارێک کە دەرهەق بە هەرێم بیکات، شەرعییەتدانە بە وێناکردنی هەرێم وەک مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران لە داهاتوودا؛ دەیەوێ ئەم پرسە بە ئۆکراینایەکی نزیک لە بوون بە ئەندام لە ناتۆی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ڕووسیا بچوێنێ. بۆیە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی ئەمریکی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە هێرشەکانی ئێران و گروپە بریکارەکانی لە هەرێمدا، ئێران لەسەر هەرێم هەژماریان دەکات لە کاتێکدا لە ئێمە باشتر ئاگادارە، کە ئەمریکییەکان خۆیان لێرەن نەک داوای هاتن و مانەوەیان لێکرا بێت؛ باشیش دەزانی کە هەرێمی کوردستان ئەو هێزە سەربازییە کاریگەرە نییە، کە بتوانێ شەڕ بە دەوڵەتێکی وەک ئێرانی سەربازی بفرۆشێ؛ لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووریشدا هەرێم پێویستی هەم بە ئەمریکا و هەم بە ئێرانیشە.. کەواتە ئێران بۆ وا دەکات لە کاتێکدا دەزانێ لە ئەگەری بەردەوامی ڕێکكەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەتایبەت لە پرسی دارایی و بە بازاڕکردنی نەوتی هەرێم لە لایەن بەغداوە، ئیدی بیانوویەکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەما تا بڵێ ئیسڕائیل وزەی پێویستی لە نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستانەوە دابین کردووە؛ دواتر ئیسڕائیل و ئەمریکاش شتێکی ئەوتۆی وەهایان چ بە ئاشکرا یا شاراوە بۆ داهاتووی هەرێم نەکردووە و پێناچێ لەبەرنامەشیاندا بێت تا هەرێم بۆ بەرژەوەندیی ئەوان شەڕ لەگەڵ دراوسێکانی خۆیدا بکات.. دەبێ ددان بەوەدا بنێین کە ئەو لایەنەی ڕەنگە لە گۆڕەپانی ئەو ململانێیانەدا زەرەرمەندی سەرەکی بێت، هەرێمی کوردستانە بەو دۆخ و ئامادەسازییەی ئێستای؛ ئەمە مێژوویەکی چەند سەد ساڵەی کوردە هەر لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا ئەمڕۆ.

با لێرەدا ئەو پرسیارە بورووژێنین ئایا کورد دەتوانێ ئەو مێژووە تێپەڕێنی و لە شەڕکەرێکی بێ دەستکەوتەوە ببێتە خاوەنی بەشێک لە دەستکەوتە هەمیشەییەکانی دوای شەڕ؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هەروا ئاسان نییە؛ کوردیش گوتەنی: شەڕ لە بادینان تۆز لە دەرکێ مە؛ شەڕەکە لە غەززەیە و تۆزەکەشی لەجیاتی ئەوەی بچێتە تاران، لە هەولێرە... لەو نێوەندەدا کورد نازانێ نە خەمی شەڕەکەی بێت، نە ئەو تۆزەی خەریکە دەگاتە دەرگای ماڵەکەی؛ لە کاتێکیشدا کە بەرچاوڕوونییەکی ئەوتۆمان نییە سەبارەت بە هاوکێشە و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچەکە، لەناوخۆشدا پەرتەوازەین، دەبێ لەنێوان شەڕ و تۆزەکەیدا هەم لە خەمی شەڕەکان و ، هەم لە خەمی تەپ و تۆزیشیاندا بین لەبەردەم ماڵەکەماندا. کەواتە باشترین ڕیکار ئەگەر گەڕانەوە بێت بۆ عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەم تەنگژەیە، بەڵام کام عێراق؟ ئەو عێراقەی هێزە باڵادەستەکان تیایدا بەڕۆژ خۆیان بە خاوەنی هەموو ئێراقییەک دەزانن؛ بەشەویش وەک دوژمن و داردەستی دەرەکی سەیری هەندێکیان دەکەن! ئەو عێراقەی لەمبارەیەوە بەدیوێکی جیاواز لە لوبنان دەچێت، کە ئەو چۆن بەدەست حزبوڵڵاوە گیری خواردووە، ئێمەش بە دەست کەتائیبەکانییەوە! کەواتە دەبێ دان بەوەدا بنێین، کە ئەگەرەکانی بەردەممان زۆرن و ڕێوشوێنەکانی دەربازبوونیش لەم تەنگژە و گێژاوە سنووردار. بۆیە زۆر گرنگە هەموو حزبە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان بەوانەی بەشەکانی دیكەی کوردستانیشەوە، بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکان و بەهێزترینیان زۆرترین قوربانی بدات بۆ لەیەک نزیکبوونەوە و دروستکردنی گوتارێکی یەک هەڵوێست لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکاندا. کورد کە پێشتر لە ئەزموونی بوونە تەرەف لە ململانێی نێوان ئیمپراتۆرە باڵادەستەکانی ناوچەکە باجی زۆری داوە؛ بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش شەڕکەرێکی ئازا و چاکین نەک هاوپەیمان و هاوئامانجی ستراتیژیی درێژمەودا؛ بەڵام کاتێک کە بۆت نەبێ لە دووڕیانێکدا بوەستیت و ئەگەر ئەو نەخشەڕێگەیەش ڕاست بێت، کە ئەمریکا بڕیاری لەپەلوپۆخستنی ئێرانی داوە؛ ڕێوشوێنی جددیش بگرێتەبەر بۆ پاراستنی زەمین و ئاسمانی هەرێم، لە بەرەی ئەمریکا هەژمار بکرێین باشترە هەتاوەکو ئەگەر زۆریش لەسەرمان بکەوێت، لە چوونە بەرەی ئێرانێک، کە بە بەبوونی هەر جۆرە وجودێکی سیاسی کورد قەڵسە.

 

Top